Accessibility links

ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر پێگەی حوسییەکان لە بەندەری حودەیدە لە یەمەن


سەرچاوە هەواڵییەکان باس لە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بەندەری حۆدەیدە لە ڕۆژئاوای یەمەن دەکەن کە ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی تاقمی حوسییەکانە و سوپای ئیسرائیلیش بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرتووە.

سوپای ئێسرائیل ڕۆژی شەممە 20ی مانگی حەوت ڕایگەیاند هێزی ئاسمانی ئەو وڵاتە هێرشیان کردووەتە سەر ئەو ئامانجە سەربازییانەی کە "ڕژێمی تیرۆریستی حوسی" لە ناوچەی بەندەری حۆدەیدە لە یەمەن بەکاریان هێناوە.

چەکدارانی حوسییەکان ڕایانگەیاندووە کە ڕۆژی شەممە ئیسرائیل دامەزراوەکانی پاڵاوتنی نەوتی لە بەندەری حۆدەیدە کردووەتە ئامانج.

هەر لەو پێوەندییەدا تایمزی ئێسرائیل بڵاویکردەوە، هێرشە ئاسمانیەکەی ئیسرائیل بۆ سەر یەمەن لە وەڵامی هێرشەکانی حوسییەکان بووە بۆ سەر ئەو وڵاتە.

هێرشەکەی سەر بەندەری حۆدەیدەی ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکان، ڕۆژێک دوای هێرشی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەو گرووپە چەکدارە دێت بۆ سەر تەلئەڤیڤ کە تێیدا هاووڵاتییەکی مەدەنی ئیسرائیلی کوژرا و 10 کەسی دیکەش بریندار بوون.

دوای هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە، یوئاف گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند ئەوانەی هەوڵی زیانگەیاندن بە ئیسرائیل دەدەن، تۆڵەیان لێدەکریتەوە.

لەلایەکی دیکەوە محەمەد ئەلبەخیتی، ئەندامی نووسینگەی سیاسی حوسییەکان لە پۆستێکیدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەڕەشەی ئەوەی کرد کە تۆڵە لە ئیسرائیل دەکەنەوە و ڕووبەڕووی پەرەسەندنی گرژییەکان دەبنەوە.

لە هەمان کاتدا، ئەلعەرەبیە، میدیای عەرەبستانی سعودیە، بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەک کە ناوەکەی ئاشکرا نەکردوون، نووسیوێتی لە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی ئیسرائیل لەگەڵ ئەمەریکا و بەریتانیا، هێرش کراوەتە سەر بەندەری حۆدەیدەی یەمەن.

ئەم ڕاپۆرتە بانگەشەی ئەوە دەکات کە "12 فڕۆکەی ئیسرائیلی لەنێویاندا فڕۆکەی جەنگی ئێف 35" لەم هێرشەدا بەشدار بوون.

وتەبێژیکی کۆشکی سپی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل، وێڕای داننان بە مافی ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لە خۆی، ڕایگەیاند کە ئەمریکا "هیچ ڕۆڵێکی نەبووە" لە هێرشەکەی ئەمڕۆ بۆ سەر یەمەن.

هەروەها دانیال هگاری وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە ئیسرائیل "بەتەنها" هێرشەکانی ڕۆژی شەممەی بۆ سەر بەندەری حۆدەیدە لە یەمەن ئەنجامداوە.

سەرچاوەکان/ڕۆیتەرز/ڕادیۆ فەردا

XS
SM
MD
LG