Accessibility links

سوپای ئیسرائیل: لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا "150 تیرۆریست" لە غەززە کوژران


سوپای ئیسرائیل ڕۆژی شەممە 20ی مانگی حەوت ڕایگەیاند لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە" 150 تیرۆریستی" لە شاری غەززە کوشتووە و زیاتر لە 100 شوێنیشی خاپوور کردووە کە چەکدارانی حەماس بەکاریان هێناوە.

یەکێک لەو شوێنانەی کە سەربازانی سوپای ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەری، بارەگای دەزگای فریاگوزاری و دامەزراندن بۆ پەنابەرانی فەلەستینی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست (UNRWA) بووە کە بەپێی وتەی سوپای ئەو وڵاتە، ئەندامانی حەماس لەوێ خۆیان حەشاردابوو.

سوپای ئێسرائیل هەروەها ڕایگەیاندووە هەندێک لە ئەندامانی دیکەی بزووتنەوەی حەماس لە نێو خەڵکی سڤیل لە باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون خۆیان حەشار داوە.

پێشتر ئەو وڵاتە چەندین جار گرووپی چەکداری حەماسی تۆمەتبار کردبوو بەوەی کە خەڵکی مەدەنی وەک قەڵغانی مرۆیی بە کار دەهێنێت.

شەڕی غەززە بەردەوامە لە کاتێکدا ئەنتۆنی بڵینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە دانوستانەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس بۆ ئاگربەست و گەڕانەوەی بارمتەکان لە هێڵی کۆتایی نزیک بووەتەوە.

بڵینکن کە لە کۆبوونەوەی ساڵانەی ئەنجوومەنی ئاسایشی قسەی دەکرد، ڕایگەیاند ئەگەر ڕێککەوتنێک هەبێت ئاگربەستێک دادەمەزرێت و بارمتەکان دەگەڕێندرێنەوە بۆ ئیسرائیل و ڕێگایەکی باشتر بۆ سەقامگیری و ئاشتی دێتە ئاراوە.

شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس پاش ئەوە دەستیپێکرد کە چەکدارانی حەماس لە 7ی مانگی دەی ساڵی ڕابردوو هێرشیان کردە سەر باشووری ئیسرائیل و هەزار و 200 کەسیان کوشت و نزیکەی 250 کەسیشیان بە بارمتە گرت.

تا ئێستاش نزیکەی 120 بارمتە لای هێزەکانی حەماسەوەن لە غەززە و ئەم گروپە هیچ هەواڵ و زانیارییەک لەسەر دۆخی ئەوان بڵاو ناکاتەوە. ئیسرائیل، ئەمەریکا، یەکێتی ئەوروپا، بەریتانیا، ژاپۆن و کەنەدا، حەماس بە گرووپێکی تیرۆریستی دەزانن.

XS
SM
MD
LG