Accessibility links

ڕێبەری باڵای ئێران لە دیدارێکدا داوای یەکگرتوویی لە پزشکیان و نوێنەرانی پەرلەمان دەکات


ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، عەلی خامنەیی لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆکایەتی و نوێنەرانی پەرلەمانی وڵاتەکە، داوای کرد ئەو دەزگایە هاوکاری مەسعود پزشکیان بکات بۆ ئەوەی ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات. خامنەیی لەو دانیشتەنەدا کە مەسعود پزشکیانیش تێیدا ئامادەی بوو، جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت وڵات دەنگێکی یەکگرتووی هەبێت و ناکۆکییەکان ئاشکرا نەکرێ.

مەسعود پزشکیان لەگەڵ ئەوەدا کە وەک سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڵبژێردراوە، بەڵام هێشتا ئەندامی پەرلەمانە و بڕیارە پێش مەراسیمی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی وڵاتەکە، دەنگ لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی لە پەرلەمان بدرێت.

پزشکیان ڕۆژی یەکشەممە 21ی مانگی حەوت پێش کۆبوونەوەی نوێنەران لەگەڵ ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، لە کۆبوونەوەی گشتیی پەرلەمان ئامادە بوو و لە وتارەکەیدا کە ئاراستەی نوێنەرانی کردبوو ڕایگەیاند کە کێشەکانی وڵات بە ناکۆکی و شەڕ چارەسەر ناکرێت.

هەروەها ڕایگەیاند "پرسی غەززه هێشتا پرسی یەکەمی جیهانی ئیسلامییه و نابێت پەرلەمان ئەم پرسە پشتگوێ بخات."

مەسعود پزشکیان لە یەکەم لێدوان و دیدارەکانیدا دوای هەڵبژاردنی وەک سەرۆککۆماری ئێران، تیشکی خستە سەر پرسی غەززە و درێژەدان بە یارمەتیدانی چەکدارانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا.

ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی یەکشەممە لە دیدارێکدا لەگەڵ ئەندامانی پەرلەمان و مەسعود پزشکیان جگە لە داوای هەماهەنگی و یەک دەنگی نێوان پەرلەمان و حکومەت، داکۆکی لە یاسای "هەنگاوی ستراتیجی بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاکان و پاراستنی مافەکانی نەتەوەی ئێران" کرد.

عەلی خامنەیی جەختی لە گرنگی ئامادەبوونی پەرلەمان لە پرسە سیاسی و نێودەوڵەتییەکان کردەوە و یاسای "هەنگاوی ستراتیجی بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزاکان"ی بە نموونەی ئەم ئامادەبوونە ناوبرد. ئەم یاسایە کە لە کۆتاییەکانی سالی 2020 لە پەرلەمانی ئێران پەسەند کرا، حکومەت پابەند دەکات بە زیادکردنی توانای پیتاندنی یۆرانیۆم.

مەسعود پزشکیان کە بریارە لە هەفتەی داهاتوودا مەراسیمی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆککۆمار بەڕیوەبچێت، لە دیبەیتی دووەمی هەڵبژاردنەکاندا ڕایگەیاند کە ئەو یاسایەی پەرلەمان جێبەجێ دەکات.

هاوکات ئەنتۆنی بڵینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە ئاماژەدان بەوەی کۆماری ئیسلامی زۆری نەماوە دەستی بە مادەی پێویستی چەکی ناوکی بگات، بە گومانەوە لە حکومەتی پزشکی دەڕوانێت و پێی وایە کە بڕیارەکان هێشتا لە دەستی ڕێبەری باڵای ئێراندایە.

سەرچاوە/ڕادیۆ فەردا

XS
SM
MD
LG