Accessibility links

یەکێتی و پارتی ناو ماڵی عەرەبی سونە پەرت دەکەن


پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانی و کوتلەی سیادەی عەرەبی سونە هاوپەیمانێتییان پێکهێناوەو دەیانەوێت حکومەتی خۆجێی کەرکوک پێکبهێنن، لەکاتێکدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان و کوتلەی بابلیۆن و دوو ئەندامی عەرەبی سونە لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ڕکابەرییان دەکەن.

دابەشبوونی هێزە سیاسیەکانی کەرکوک بەسەر دوو بەرەی ڕکابەرو نەیاری یەکتری لەکاتێکدایە، هەردوو بەرەکە خاوەنی 8 کورسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکن لە کۆی 16 کورسی ئەنجومەنەکە، ئەمەش وایکردووە هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک لە شکست نزیک ببێتەوە.

دکتۆر میعراج کەرکوکی، چاودێری سیاسی و کەسایەتی عەرەبی سونە لە کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئەندامانی عەرەبی سونە لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دابەشبوون بەسەر بەرەی پارتی و یەکێتیدا، ئەمە پرسیاری لای شەقامی عەرەبی دروستکردووە. هەرچەندە پاساوی ئەو ئەندامانەی عەرەبی سونە کە تەواوکردنی نیسابی یاساییان پەکخستووە ئەوەیە دەیانەوێت هەموو لایەنەکان لە حکومەتی خۆجێییدا بەشداربن."

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، یەکێتی نیشتمانی کوردستان 5 کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان 2 کورسی، عەرەبی سونە 6 کورسی، بەرەی تورکمانی 2 کورسی و کوتلەی بابلیۆنیش کورسییەکی لە کۆی 16 کورسی ئەنجومەنە هەیە.

پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانی خاوەنی 4 کورسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکن، لەگەڵ کوتلەی سیادە بەسەرۆکایەتی خەمیس جەنجەر ڕێککەوتوون و بەرەکەیان 8 کورسی ئەنجومەنی پارێزگای هەیە.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان 5 کورسی و کوتلەی بابلیۆنیش خاوەنی یەک کورسییە، دوو ئەندامی عەرەبی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکیش چوونەتە نێو بەرەکەیانەوە، یەکێکیان نزیکە لە کوتلەی عەزم و ئەویتریان سەر بە کوتلەی تەقەدومە بەسەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی و ئەم بەرەیەش خاوەنی 8 کورسییە.

لەسەر ئاستی شەقامی کەرکوک، بەرەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە نزیکایەتی لە تورکیا و بەرەی یەکێتی نیشتمانی و هاوپەیمانەکانی بە نزیکایەتی لە ئێران تەماشا دەکرێن، ئەمەش بەیەکێک لە هۆکارەکانی چەقبەستوویی دۆخی کەرکوک دادەنرێت.

دکتۆر میعراج کەرکوکی، دەڵێت،"فاکتەری ئیقلیمی بە تایبەت ئێران و تورکیا هۆکاری دابەشبوونی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکن، چونکە بەرەیەکیان ئینتیمایان بۆ ئێران و بەرەکەی تریش ئینتیمای بۆ تورکیا هەیە. ئێمە ڕەنگدانەوەی فاکتەری ئیقلیمی و فشاری سەر ئەندامانی ئەنجومەن ڕەتدەکەینەوە."

دابەشبوونی ئەندامانی عەرەبی سونە بەسەر بەرەی پارتی و یەکێتی باڵانسی لە نێوان هەردوو بەرەکە دروستکردووە، وایکردووە هیچ لایەکیان نەتوانن بە بێ ڕێککەوتن لەگەڵ لاکەی تر هەنگاو بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک هەڵبگرن.

بەشێک لە سەرکردەکانی عەرەبی سونە لە کەرکوک پێیانوایە، فاکتەری خێڵەکی و ناکۆکی نێو خۆیی لەگەڵ فاکتەری ئیقلیمی یەکیانگرتووەو ناو ماڵی عەرەبی سونەیان دووچاری دابەشبوون کردووە.

شێخ وەسفی عاسی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە کوتلەکەی خاوەنی یەک کورسییەو لە ئێستادا لەگەڵ بەرەی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندایە، ڕایگەیاندووە،"بە بێ یەکێتی نیشتمانی بەشداری حکومەتی خۆجێی کەرکوک ناکەین، چونکە سەقامگیری دروست نابێت."

دابەشبوونی ئەندامە عەرەبەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەسەر بەرەی پارتی و یەکێتی ڕەنگدانەوەی ناکۆکییەکانی نێو عەرەبی سونەشی پێوە دەبینرێت، بەو پێیەی کوتلەی عەزم و تەقەدوم کە لەگەڵ یەکێتیدان، ناکۆکن لەگەڵ کوتلەی سیادە بەسەرۆکایەتی خەنجەر کە لەگەڵ پارتیدایە.

ئیسماعیل حەدیدی، سەرکردەی سیاسی عەرەبی سونە لە کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"دوو ئەندامی عەرەبی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ یەکێتی هەیەو کوتلەی سیادەش لە پارتییەوە نزیکە، ئەمە هۆکاری دابەشبوونەکەیە."

دەشڵێت،"ئەندامە عەرەبەکانی ئەنجومەنی پارێزگا باڵانسیان لە نێوان یەکێتی و پارتی ڕاگرتووە، چونکە پێکهێنانی حکومەت بە بێ یەکێتی سەقامگیری تێکدەدات."

ڕۆژی 4 ی مانگی دووی 2024، مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لەشاری سلێمانی کۆبوونەوە، بەپێی ڕاگەیەنراوی ئەوکاتی کۆبوونەوەی نێوانیان هاوڕابوون لەسەر دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک.

هاوڕایی نێوان یەکێتی و پارتی زۆری نەخایاندو نێوانیان گۆڕا بۆ یەکتری تۆمەتبار کردن، لە ئێستاشدا ئەم دوو لایەنە کوردییە ڕکابەری یەکتری دەکەن و لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکانیان لەدەوری خۆیان کۆکردووەتەوە.

سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار لە کەرکوک کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"پێناچێت لایەنە ڕکابەرەکان بە ئاسانی ڕێکبکەون، چونکە تەنازول بۆ یەکتری ناکەن و چاویان لەسەر باڵادەستبوون و پۆستە گرنگەکانی کەرکوکە."

ناکۆکۆ نێوان لایەنەکانی کەرکوک لەسەر پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگاکە لەکاتێکدایە، کەمتر لە سێ هەفتەیان لەبەردەمدایەو بە پێی یاسای هەڵبژاردن، دەبێت لەو ماوەیەدا بگەنە ڕێککەوتن و حکومەتی خۆجێی کەرکوک پێکبهێنن.

XS
SM
MD
LG