Accessibility links

کاتز: ئەردۆغان بە مەبەستی کوشتنی ئیسرائیلییەکان، پارە و چەک بۆ "شانە تیرۆریستییەکانی حەماس" دابین دەکات


ئیسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە 21ی مانگی حەوت ڕایگەیاند وڵاتەکەی ئەندامانی شانەیەکی تیرۆریستیان دەستگیر کردووە کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانی دارایی و چەکداری کراون.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک بە زمانی تورکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس کە کاریکاتێری عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیای تێدایە، ڕایگەیاند کە ئەردۆغان بە مەبەستی کوشتنی هاووڵاتیانی ئیسرائیل، پارە و چەک بۆ "شانە تیرۆریستییەکانی حەماس" دابین دەکات.

بە گوتەی کاتز، دەزگای ئاسایش و هەواڵگری ناوخۆی ئیسرائیل (شین بەت)، ئەندامانی شانەیەکی تیرۆریستی حەماسیان دەستگیرکردووە کە خوێندکاری زانکۆی بیرزەیت بوون لە ڕامەڵڵا.

کاتز دەشڵێت 'فەرماندەیی بزووتنەوەی حەماس لە تورکیا، ئەندامانی دەستگیرکراوی حەماسی ئاڕاستە کردووە."

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دەشڵێت "ئەو تیرۆریستە دەستگیرکراوانە کە ڕاهێنانی سەربازیان پێکراوە و چەک وهەزاران دۆلاریان پێ بووە، بە تەمای ڕێکخستن و ئامادەکردنی هێرشێکی تیرۆریستی بوون لە ناو ئیسرائیلدا."

کاتز لە کۆتایی پۆستەکەیدا نووسیوێتی "ئەردۆغان بەهۆی ئایدۆلۆژیای توندڕەو و دژە جوو، خەریکە تورکیا دەکاتە وڵاتێکی پشتیوانیکەر لە تیرۆر و نزیکبوو لە 'میحوەری شرانگێز' لە ژێر سەرکردایەتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا."

تورکیا تا ئێستا هیچ کاردانەوەیەکی بەرامبەر بە پۆستەکەی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل نەبووە.

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل 12ی ئەم مانگە ڕەخنەی توندی لە لێدوانی سەرۆککۆماری تورکیا گرت کە ڕایگەیاندبوو ئەنکەرە بە پلانەکانی هاوکاریی نێوان ئیسرائیل و ناتۆ ڕازی نابێت. ئەو ڕایگەیاندبوو کە وڵاتێکی وەک تورکیا کە پاڵپشتی لە بکوژان و دەستدرێژیکارانی حەماس و میحوەری شەرانگێزی ئێران دەکات، نابێت ئەندامی ناتۆ بێت.

تورکیا وەک ئەندامێکی ناتۆ پێش هاتنە سەر دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێدانی ئیسلامی بە سەرۆکایەتی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، پەیوەندییەکی دۆستانەی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەبووە.

لەگەڵ چەسپاندنی دەسەڵاتی ئەردۆغان لە تورکیا، پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل سارد بووەتەوە و ململانێ سەربازییەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس لەم ساڵانەی دواییدا بەتایبەت دوای لەشکرکێشی سەربازیی بۆ سەر غەززە بە ئامانجی لەناوبردنی حەماس و گەڕاندنەوی بارمتەکان بووەتە هۆی تێکچوونی پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان ئەو دوو هاوپەیمانەی ئەمەریکا.

ئەردۆغان کە هەمیشە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس هەبووە و چەندین جار لە تورکیا میوانداریی کردوون، لەم دواییانەدا لە وەڵامی چڕبوونەوەی ئەگەری شەڕی ئیسرائیل و حزبوڵڵا، پشتیوانی ئەنکەرەی بۆ لوبنان ڕاگەیاند و داوای لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە کرد هەڵوێستێکی هاوشێوە بگرنەبەر.

XS
SM
MD
LG