Accessibility links

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی: دوو پرۆژە یاسای تایبەت بە لێبووردنی گشتی ئامادەیە و دەبێت پەرلەمانی نوێ بیکاتە کاری سەرەکی


کوێستان محەمەد
کوێستان محەمەد

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی پەککەوتنی پەرلەمان و ناکۆکیە سیاسیەکانەوە نەتوانراوە یاسای لێبوردنی گشتی لە هەرێم دەربکرێت، بەڵام دوو پڕۆژە یاسای تایبەت بە لێبووردنی گشتی ئامادەیە و لەگەڵ دەستبەکاربوونی پەرلەمانی نوێ پێویستە خوێندنەوەی بۆ بکرێت و لێبوردنی گشتی لە هەرێم دەربکرێت، وتیشی،" لەبەر زۆری ژمارەی سزادراوان و قەرەباڵخی ناو زیندانەکان دەبێت پەرلەمانی نوێ هەوڵبدات ئەم یاساییە بکاتە کاری لە پێشینە."

کوێستان محەمەد وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" لە سەردەمی کۆرۆنا نامەیەکم ئاڕاستەی سەرۆکی حکومەت کرد و داوای دوو شتم کرد، یەکەم پێدانی مۆڵەتی درێژخایەن بۆ سزا سووکەکان، دووەمیش لێبوردنی گشتی، ئەوکات سەرۆکی حکومەت لیژنەیەکی باڵای دروستکرد بەسەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و نوینەرایەتی چەند وەزارەت و دەستەیەک پڕۆژە یاسایەکمان ئامادەکرد، پڕۆژەکە چووە ئەنجومەنی شوراو ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەیەکیشمان لەگەڵ لیژنە پەیوەندیدارەکانی پەرلەمان کرد، چونکە ئەوانیش پرۆژە یاسایەکیان ئامادەکردبوو."

وتیشی،" بەڵام لەبەر ناکۆکیە سیاسیەکان کۆبوونەوەی پەرلەمان کەم دەکرا تا گەشتە ئەوەی پەرلەمان هەڵوەشایەوە، ئێمە ئێستا پرۆژە یاساکەمان حازرە و پەرلەمانیش یاساکەی خۆی حازرە، دەتواننن لە یەکەم وەرزی پەرلەمان خوێندنەوەی بۆ بکرێت و هەردووکی بکرێت بە یەک و لێبوورنی گشتی بۆ دەربکەن، چونکە لێبوردنی گشتی لە دەسەڵاتی پەرلەمانە و دەبێت یاسای بۆ دەربکرێت و بکرێتە بواری جێبەجێکردنەوە."

ڕۆژی 22ی مانگی شەش لە وتووێژێکی تایبەتیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی "هۆشداریدا لە زۆری ڕێژەی سزادراو" لە زیندانەکانی هەرێمی کوردستان و دورستبوونی "کێشە" بۆ حکومەت لە ئەگەری زیاتر بوونی ڕێژەکە.

بە پێی قسەکانی کوێستان محەمەد بێت، تەنها لە چاکسازی گەورانی سلێمانی هەزارو 600 سزادراوی تێدایە و زیندانی چاکسازی گەورانی هەولێریش 1800 سزادراو و چاکسازی گەورانی دهۆکیش 2500 سزادراوی تێدایە.

بە پێی قسەی دەزگا پەیوەندیدارەکان لە ئێستادا بەکارهێنان و بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر، کردەوەی تیرۆرستی و خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی و بازرگانی کردن بە مرۆڤ لە تاوانە لە پێشینەکانن لە هەرێمی کوردستاندا و زۆرترین سزادراویان لەسەرە.

بە پێی دواهەمین ئاماریش دوێنێ 20ی مانگی حەوت بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند، توانیویانە بڕی زیاتر لە2 کیلۆگرام ماددەی کریستاڵ دەستبەسەردابگرن و تۆمەتبارێکیش دەستگیربکەن بەو هۆیەوە. تەنها لە شەش مانگی ئەمساڵیشدا زیاتر لە هەزار تۆمەتبار بە بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون لە لایەن ئەو دەزگایەوە.

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی پێی وایە، لەبەر زۆری ژمارەی سزادراوان دەبێت پەرلەمان یاساکە بکاتە کاری لە پێشینە و ڕایگەیاند،" لەئێستادا لیژنەیەک دروستکراوە لە سەرۆکایەتی هەرێم بە ئەندامێتی چەند وەزارەت و دەستەیەک بۆ ئەوەی سەرۆکی هەرێم لێبوردنی تایبەت دەربکات بۆ چەند سزادراوێکی پەککەوتە، کە دەبێت کارمەندەکانمان بیان شۆن و بیانگۆڕن کە لە 25 کەس زیاتر نییە."

وتیشی،" بەڵام سەرۆکی هەرێم لەوە زیاتر ناچێتە ژێر باری لێبوردنی تایبەت، بۆیە تەنها ڕێگە چارە ئەوەیە لە یەکەم وەرزی خۆیدا پەرلەمان لێبوردنی گشتی دەربکەن و لەبەر قەرەباڵخی زیندانەکان دەبێت پەرلەمان بیکاتە کاری لەپێشینە."

بەو پێیەی یاسای لێبوردنی گشتی لە پەرلەمان پەسەند نەکراوە، نازاندرێت کێن ئەوانەی یاساکە دەیانگرێتەوە و وەزیریش دەڵێت ئەوە کاری پەرلەمانە نەک وەزارەت.

کوێستان محەمەد وتی،" پەرلەمان پێویستە بڕیار بدات کێن ئەوانەی لێبوردنی گشتی دەیانگرێتەوە یاخود کێ ناگرێتەوە بە پێی یاسا، لە دوای پەسەند کردنی یاساکە دەردەکەوێت."

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:46 0:00

XS
SM
MD
LG