Accessibility links

جۆو بایدن لە کاندیدبوونی پارتی دیموکرات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کشایەوە


جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە کشانەوەی خۆی لە کاندیدبوونی پارتی دیموکرات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا ڕاگەیاند.

46ـهەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کە پلانی هەبوو بۆ خولێکی دیکە لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە و خۆی بە شایستەترین کەس دەزانی بۆ شکستپێهێنانی دانۆڵد ترامپی کاندیدی کۆمارییەکان، لەم دواییانەدا ڕووبەڕووی ڕەخنەی پارتەکەی خۆی ببووە بە هۆی باری تەندروستییەوە.

دوای یەکەم دیبەیتەکەی نێوان بایدن و ترامپ، ڕەخنەکان لە جۆو بایدنی تەمەن 81 ساڵ زیاتر بوو، بەشێک لە دیموکراتەکان داوای وازهێنان لە کێبڕکێی سەرۆککۆماریان کرد بەهۆی "ئەدای خراپی لە مشتومڕەکان و نیگەرانییەکانیان لە ئەگەری شکستپێهێنانی ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا.

ئادەم شیف، سەرۆکی دیموکراتەکان لە لیژنەی کاروباری ئاسایشی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا و جۆرج کلۆنی ئەستێرەی هۆلیوود کە یەکێکە لە گەورەترین لایەنگرانی جۆو بایدن، لەو کەسایەتیانە بوون کە داوای کێشانەوەی بایدنیان کرد.

بەڵام بایدن ڕایگەیاندبوو کە لە پێشبڕکێکەدا دەمێنێتەوە و تەنها "خوای گەورە" دەتوانێت داوای لێبکات کۆتایی بە هەڵمەتەکەی بهێنێت. پاشان وتی کە ئەگەر پزیشکەکان پێی بڵێن کێشەی هەیە، چاو بە کاندیدبوونی خۆیدا بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی دەخشێنێتەوە.

میکانیزمی جێگرەوەی جۆو بایدن بۆ کاندیدبوونی پارتی دیموکرات لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە لایەن ئەم پارتەوە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت و کاندیدێکی جێگرەوە دەناسێنرێت.

بەیاننامەی جۆو بایدن

جۆو بایدن لە بەیاننامەیەکدا پاشنیوەڕۆی یەکشەممە تیشکی خستە سەر هەندێک لە دەستکەوتەکانی بەڕێوبەرایەتییەکەی، لەوانە بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئەمەریکا، کەمکردنەوەی تێچووی دەرمان بۆ بەساڵاچووان، فراوانکردنی بیمەی تەندروستی بۆ خەڵکێکی زیاتر، پێشکەشکردنی چاودێری پزیشکی زیاتر بۆ سەربازە دێرینەکان، دانانی یەکەم ژنی ڕەشپێستی ئەمەریکایی بۆ دادگای باڵا و پەسەندکردنی گرنگترین یاسای پەیوەست بە گۆڕانی کەشوهەوا و ڕایگەیاند کە ئەمەریکا هەرگیز بەم شێوەیە بە باشی ئامادە نەبووە بۆ سەرکردایەتیکردن.

سەرۆکی ئەمەریکا لە درێژەدا ئاماژەی بەوەشکردووە هیچ کام لە دەستکەوتەکانی بەڕێوبەرایەتییەکی بەبێ هاوکاری گەلی ئەمەریکا جێبەجێ نەدەکرا. جۆو بایدن بە ئاماژەدان بە سەرکەوتنی حکومەتەکەی لە دژی پەتای کۆرۆنا و هەروەها دژی قەیرانی ئابووری ئەمەریکا، گوتی کە لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا پشتگیری لە دیموکراسی لە ئەمەریکا کردووە و هاوپەیمانییەکانی لە سەرانسەری جیهان بەهێزتر کردووە.

بایدن باسی لە خزمەتکردنی ئەمەریکا کرد لە پۆستی سەرۆککۆماریدا وەک گەورەترین شەرەفی ژیانی خۆی و ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە هەوڵی ئەوە دەدا جارێکی دیکە بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆکایەتیدا بکات، بەڵام لە بەرژەوەندی پارتی دیموکرات و گەلی ئەمریکای دەبینێت کە خۆی لە کاندیدکردنی بکشێنێتەوە و زیاتر سەرنجی بخاتە سەر کارەکانی لەم ماوەیەی سەرۆکایەتیدا. وتیشی لەم هەفتەیەدا زیاتر لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ گەلی ئەمەریکا قسە دەکات.

ڕاگەیاندنی پشتگیری بایدن بۆ کامیلا هەریس

سەرۆکی ئەمەریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیوێتی "هاوڕێ دیموکراتەکانم، بڕیارم داوە کاندیدکردنەکەم قبوڵ نەکەم و هەموو وزەیەکم لەسەر ئەرکەکانم وەک سەرۆککۆمار بۆ ئەم ماوەیە چڕ بکەمەوە. "

بایدن لە درێژەی پۆستەکەدا دەڵیت "یەکەم بڕیاری من وەک کاندیدی پارتەکەم لە ساڵی 2020 ئەوە بوو کە کامیلا هەریس وەک جێگری سەرۆک هەڵبژێرم و ئەمە باشترین بڕیار بووە کە داومە. ئەمڕۆ دەمەوێت پشتگیری تەواوی خۆم پێشکەش بکەم بۆ ئەوەی کەمیلا ئەمساڵ کاندیدی پارتەکەمان بێت."

کاردانەوەی دانۆڵد ترامپ بەرامبەر بە کشانەوەی بایدن لە کاندیدبوونی بۆ سەرۆکایەتی

لە وەڵامی کشانەوەی جۆو بایدن لە هەڵبژاردنەکان، ترامپ کاندیدی پارتی کۆمارییەکان ڕایگەیاند سەرۆکی ئەمەریکا "ئامادەی بەردەوام بوون" لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیدا نەبوو.

لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث سوشال نووسیویەتی بایدن ئامادە نییە وەک سەرۆکی ئەمەریکا "خزمەت" بکات و "هەرگیز ئامادە نەبووە".

ترامپ کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە کۆنفرانسی نیشتمانی کۆمارییەکان وەک کاندیدی فەرمی پارتەکەی بۆ هەڵبژاردنەکانی مانگی نۆڤەمبەری ئەمساڵ ناسێندرا، درێژەی بە ڕەخنەکانی لە جۆو بایدن دا و ڕایگەیاند کە "ئێمە بەهۆی سەرۆکایەتییەکەیەوە زیانێکی زۆرمان پێدەگات" بەڵام بەڵێنیدا و گوتی "ئەمە چارەسەر دەکەین."

شومەر ستایشی بایدن دەکات

چاک شومەر ستایشی بایدن دەکات و دەڵێت ئەو نیشتمانپەروەرێکی ڕاستەقینە و ئەمەریکاییەکی گەورەیە.

سەرۆکی زۆرینەی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی سینات، جۆو بایدنی بە "نیشتمانپەروەرێکی ڕاستەقینە و ئەمەریکاییەکی گەورە" ناوبرد، ئەمەش لە وەڵامی بڕیارەکەی جۆو بایدن بۆ کشانەوە لە کاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.

بە گوتەی سیناتۆر شومەر، "جۆو بایدن نەک هەر سەرۆکێکی گەورە و سەرکردەیەکی گەورەی یاسادانان بووە، بەڵکو مرۆڤێکی سەرسوڕهێنەریش بووە".

داوای دەستلەکارکێشانەوەی بایدن دەکرێت لە سەرۆککۆماری

یەکێک لە سەرکردە کۆمارییەکان لە کۆنگرێسی ئەمەریکا، دوای ڕاگەیاندنی کشانەوەی جۆو بایدن لە کاندیدبوونی بۆ سەرۆکایەتی، داوای دەستلەکارکێشانەوەی دەستبەجێی سەرۆکی ئەمەریکای لە پۆستی سەرۆکایەتی کرد.


مایک جۆنسۆن، سەرۆکی کۆمارییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردەوە و نووسیویەتی "ئەگەر جۆو بایدن شایستەی ئەوە نەبێت خۆی کاندید بکات بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، ئەوا شایستەی ئەوە نییە ئەرکەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکاش جێبەجێ بکات و پێویستە دەستبەجێ دەست لەکاربکێشێتەوە."

هیلاری و بیل کلینتۆن پشتگیری لە کامیالا هەریس دەکەن

بیل کلینتۆن سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و هیلاری کلینتۆن وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمەریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویانە " شانازی دەکەین کە دەنگمان بخەینە سەر دەنگی سەرۆککۆمار و پاڵپشتی کامیلا هەریس جێگری سەرۆک دەکەین و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ پشتگیریکردنی."

ئەم هەواڵە نوێ دەکرێتەوە...

XS
SM
MD
LG