Accessibility links

کاردانەوەکان لەسەر کشانەوەی بایدن لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی 2024ی سەرۆکایەتی ئەمەریکا


بڕیارەکەی سەرۆک بایدن بۆ کشانەوە لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی 2024ی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، ستایشی دیموکراتەکانی کۆنگرێسی بە دوای خۆیدا هێناوە و هەروەهاش ڕەخنەی کۆمارییەکان کە داوای دەست لە کار کێشانەوەی بایدنیان دەکرد.

ڕاگەیەندراوەکەی، پاشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کشانەوە لە هەڵبژاردنی 2024، هاوکات بووە لەگەڵ ئەو پێشبینیانەی بۆ ئەو کشانەوەیە دەکران لە نێوەندی هەروادێ و زیاتر بوونی داواکانی ناو لایەنی دیموکراتەکان لە بایدن هەتا بکشێتەوە، پاش ئەو وتووێژە ڕووبەڕووە ڕاستەخۆیەی درەنگانێکی مانگی 6ی ڕابردوو، کە بە "کارەسات" ناودێریان کردووە، هەروەهاش هاوکات بووە لەگەڵ چاکبوونەوەی لە سێهەم جاری توشبوون بە کۆرۆنا.

سەرۆک بایدن، پشتیوانی خۆی بۆ کەسی دووهەمی بەڕێوبەرایەتییەکەی ڕاگەیاندووە، واتە بۆ کامڵا هێرس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا هەتا ببێتە دەستنیشانکراوی دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە بەرامبەر دانۆڵد ترامپدا. ئەگەر لە کۆنگرەی دیموکراتەکاندا، بووە کاندیدی فەرمی، ئەوا کامڵا هێرس، لە ماوەی 248 ساڵی هەڵبژاردنی ئەمەریکادا، دەبێتە یەکەم ژنی ڕەش پێستی باشوری ئاسیایی کە ببێتە کاندیدی سەرەکیی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی.

چەک شومەر، ڕێبەری زۆرینەی دیموکراتەکان لە سیناتی ئەمەریکا، لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "جۆو بایدن، هەر تەنها سەرۆکێکی مەزن و ڕێبەرێکی یاسادانەری گەورە نەبووە بەڵکو مرۆڤێکی سەرسوڕهێنەریش بووە. بێگومان ئەو بڕیارەی ئاسان نەبووە، بەڵام جارێکی تریش وڵات و دیموکراتەکان و ئایندەیشی خستە پێش هەموو شتێک. جۆو تۆ نیشتمان پەروەرێکی ڕاستەقینە و هاووڵاتییەکی مەزنی ئەمەریکاییشیت.

شومەر، لەگەڵ نانسی پیلۆسی، سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران، وەک باس دەکرا، لە پشت پەردەوە کاریان لەسەر هاندانی بایدن کردووە هەتا لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن بکشێتەوە و ئاماژەیان بە ڕێژەکان کردووە لە ڕاوەرگرتنە گشتییەکاندا کە بایدن لە هەندێک ستانی سەرەکیدا بۆ ئەم هەڵبژاردنە لە دواوەیە.

لەم ڕۆژانەی ڕابردوودا، سیانتۆرە دیموکراتەکانی ڕووبەڕووی هەڵمەتێکی قورسی خۆ هەڵبژاردنەوە بوونەتەوە لە ستانەکانی ئۆهایۆ، مۆنتانا و هەروەهاش وێست ڤیرجینیا؛ داوای کشانەوەیان لە سەرۆک بایدن کردووە و ترسیان لەوە بووە مانەوەی بایدن لە هەڵبژاردندا دەشێت زیان لە دەرفەتی سەرکەوتنیان بدات.

نانسی پیلۆسی، لە ڕگەیەندراوەکەی ڕۆژی یەکشەممەیدا نوسیویە " سەرۆک جۆو بایدن، هاوڵاتییەکی نیشتمان پەروەری ئەمەریکاییە کە هەمیشە وڵاتەکەمان دەخاتە پێش هەموو شتێکەوە. ڕوانین و بەها و سەرکردایەتییەکەی بایدن، وهای لێدەکەن ببێتە یەکێک لە گرنگترین سەرۆکەکان لە مێژووی ئەمەریکادا."

پرامیلا جایاپال، سەرۆکی کۆمەڵەی پێشکەوتوخواز لە کۆنگرێس لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "لە ژیانی مندا، بایدن پێشکەوتوخوازترین و کاریگەرترین سەرۆکە لە سیاسەتی ناوخۆیی و ئابوریشدا."

جایاپال، ئاماژەی بە مەترسییەکانی هەڵبژاردنی داهاتووش کردووە و نوسیویە "هاوکاتی ئەوەی دانۆڵد ترامپ و کۆمارییەکان ژنانیان داماڵیوە لە ئازادییەکان، مافی منداڵ بوون، دوا وەڵاممان، یەکەم ژن هەڵدەبژێرین بۆ سەرۆکایەتی."

یاسادانەرانی کۆماریی، بەردەومییان داوە بە ڕەخنە و ناڕەزاییەکانیان سەبارەت بە تواناییە ئەقڵی و جەستەییەکانی بایدن.

مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، لە ڕاگەیەندراوێکدا دەنوسێت "لەم وەرچەرخانە بێ پێشینەیەدا لە مێژووی ئەمەریکادا، پێویستە ڕون و ئاشکرا بین لەسەر ئەوەی چیی ڕویدا. لایەنی دیموکراتەکان، تەنها نزیکەی 100 ڕۆژ بەر لە هەڵبژاردن، دەستنیشانکراوەکەی خۆیان ناچار کرد بکشێتەوە."

جۆنسن لە درێژەی راگەیەندراوەکەیدا دەنوسێت "پاش ئەوەی دەنگی 14 ملیۆن ئەمەریکایی هەڵوەشاندەوە، ئەوانەی دەنگیان دابوێ تا ببێتە کاندیدی سەرۆکایەتی؛ ئەو حزبەی خۆی بە حزبێکی دیموکرات ناودێر دەکات، سەلماندی کە ڕێک بە پێچەوانەوەیە. ئاسۆی ئەم حزبە لە ئێستادا بەهۆی کامڵا هێرس، جێگری سەرۆکەوە باشتر نابێت کە ئەمیش بەشدارە لە شکستە کارەساتاوییەکانی بەڕێوبەرایەتی بایدن."

ئێلس ستیفانیک، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران کە کۆمارییەکان تیایدا زۆرینەن، لە ڕاگەیەندراوەکەیدا زیاتر دەڕوات و دەنوسێت "ئەگەر جۆو بایدن نەتوانێت کاروباری خۆ هەڵبژاردنەوەکەی بەڕێوەبەرێت، ئەوا ناشتوانێت و گونجاویش نابێت وەک سەرۆکی ئەمەریکا بمێنێتەوە. دەبێت دەستبەجێ دەست لەکار بکێشێتەوە. دیموکراتەکان لە کەوتنێکی بێ چەندوچوندان، بەهۆی ئەو هەوڵەی دەیدا بۆ شاردنەوەی ڕستیی ئەوەی جۆو بایدن کەسێکی گونجاو نەبووە بۆ ئەو پۆستە."

ئادەم گرین، یەکێکە لە دامەزرێنەرانی کۆمیتەی گۆڕانکاریی پێشکەوتوخواز و بە شێوەیەکی تۆکمە لەگەڵ هەڵمەتەکانی بایدن – هێرس کاری کردووە، بە بەشی گورجستانی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "هێشتا ئاشکرا نییە ئایا پرۆسەی دەستنیشانکردنی کاندیدی فەرمی لە لیژنەی نیشتمانی دیموکراتەکاندا دەکرێت لەلایەن ئەم لیژنەیەوە کە سەرپەرشتی کۆنگرەی دیموکراتەکان دەکات."

بەڕێز گرین دەڵێت "لەوانەیە و لەوانەش نییە پرۆسەیەکی فەرمی هەبێت بۆ کاندیدی تر ئەگەر هاتنە پێشەوە؛ پێشبینی من ئەوەیە کەسی تر نایەتە پێشەوە، چونکە زۆر کەس لە ئێستادا داوای یەکگرتوویی دەکەن و هەر ئەوەشیان دەوێت و بە گەرموگوڕییەوە لە چواردەوری کامڵا هێرس، جێگری سەرۆکەوە گرددەبنەوە."

بۆ زۆرێک لە دیموکراتەکان، ڕۆژی یەکشەممە ڕۆژێک بووە بۆ یادکردنەوەی زمەتگوزارییە گشتییەکانی بایدن. بایدن لە ساڵی 1973 هەتا 2009 سیناتۆر بووە و دواتریش لە 2009وە هەتا 2017 جێگری سەرۆک براک ئۆباما بووە.

سەرۆک ئۆباما لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "جۆو هەرگیز لە هیچ شەڕێکدا نەکشاوەتەوە؛ بە ڕوانین لە دیمەنە سیاسییەکە و ڕادەستکردنی مەشخەڵەکە بۆ کاندیدێکی نوێ، بە دڵنیاییەوە یەکێکە لە بابەتە قورسەکانی ژیانی، بەڵام دڵنیام لەوەی بایدن ئەو بڕیارەی نەدەدا، ئەگەر بڕوای بەوە نەبووایە کە بڕیارێکی باشە بۆ ئەمەریکا."

سیناتۆر مارک وارنەر، سەرۆکی کۆمیتەی هەواڵگریی سینات، کە پێشتر گومانی هەبوو لە هەڵمەتەکانی خۆ هەڵبژاردنەوەی بایدن، بەڵام داوای لە بایدن نەکرد هەتا دەست لە کار بکێشێتەوە و لە ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێت " گەلی ئەمەریکا، قەرداری جۆو بایدنە بە ستایش کردن، چونکە لە ساڵی 2020دا هەموو شتێکی هەڵپەسارد و جڵەوی بابەتەکانی گرتە دەست، بە تایبەتیش لە سەروەختێکدا کە پشێویی هەبوو. نەخشە ڕێگەیەکی ڕۆشنی بۆ گەلی ئەمەریکا دانا، پاش چوار ساڵی پشێوی، لە سایەی بەڕێوبەرایەتییەکی پێشوودا.

XS
SM
MD
LG