Accessibility links

قۆناغەکانی ژیانی سیاسی جۆو بایدن


جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا کە ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند "هەوڵی خۆ هەڵبژاردنەوە نادات" بۆ هەڵبژاردنەکەی ئەمساڵی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، بۆ نزیکەی نیو سەدە لە بواری سیاسی واشنتۆندا بووە وەک ئەندامی سینات و جێگری سەرۆک و هەروەهاش سەرۆکی ئەمەریکا.

کاتێک بایدن لە مانگی یەکی داهاتوودا، کۆشکی سپی جێدەهێڵێت، واتە زۆربەی ژیانی پیشەیی خۆیی لە ناو سیاسەتی نیشتمانییدا تێپەڕاندووە. لە مانگی یازدەشدا تەمەنی دەبێتە 82 ساڵ و دەکرێت بگوترێت بایدن لە هەموو هاوکارە دیموکراتەکانی تری کە ئێستا لە ژیاندان، زیاتر لە بواری سیاسیدا بووە.
پرس و گومانەکان، لەسەر تەمەنی بایدن وەهایان کرد، ڕێگە سیاسییەکەی لە واشنتۆن ڕابگرێت.

لە ساڵی 1972دا دیموکراتەکانی تووشی سەرسوڕمان کرد، کاتێک جۆو بایدن، لە تەمەنی 29 ساڵیدا پێشبڕکێی هەڵبژاردنی سیناتی بردەوە و بووە شەشەمین سیناتۆری گەنج لە مێژووی ئەمەریکادا.

ئەو دەیان ساڵەی لە بواری سیاسیدا کاریکردووە تۆمارێکی درێژی پێبەخشیوە لە سەرکەوتن و شکستهێنانیشدا.

ساڵەکانی سەرۆکایەتی
ساڵەکانی سەرۆکایەتی بایدن، ژمارەیەکی زۆری ئاڵنگاری جیهانیی لە خۆ گرتووە، لەوانە، پەتای کۆرۆنا، داگیرکردنی ئۆکراین لەلایەن ڕووسیاوە، سەرهەڵدانی نوێی وڵاتی چین و هەروەهاش لێکەوتە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکانی هەر یەک لەوانە.

لەسەر ئاستی ناوخۆییش، بایدن لە ململانێدا بوو بۆ چارەسەرکردنی دۆسێی گرانی کە لە چوار دەیەی ڕابردوودا چووەتە بەرزترین ئاست و خەرجییەکانی هاووڵاتیانی ئەمەریکایی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بوون، هەروەهاش دۆسێی کۆچبەریی لە سنوورەکانی باشوری ئەمەریکا و دۆسێکانی تایبەت بە دادوەریی کۆمەڵایەتی و ڕەگەزیی و سێکسی.

بایدن، پەیمانیشی دەدا بۆ کارکردن لەسەر نەهێشتنی دابەشبوونی سیاسی لە کۆنگرێسدا.

هەتا ئەندازەیەک بایدن، سەرکەوتوو بوو، بۆ نمونە توانی دەنگی ژمارەیەکی کەمی کۆمارییەکان بەدەست بێنێت بۆ خەرجکردنی چەندان ملیار دۆلار بۆ چاکردنەوەی ڕێگە و پردە خراپەکان لە سەرانسەری وڵاتدا؛ هاندانی دروستکردنی چیپەکانی کۆمپیوتەر لە ئەمەریکا، دانانی ڕێوشوێنی نوێ بۆ چەک، کە بۆ یەکەمین جاربوو لە 30 ساڵی ڕابردوودا ئەو ڕێوشوێنانە بەکاربهێنرێن؛ هەروەهاش چەندان بابەتی تریش.

لەوانەیە گەورەترین بەدەستهێنانی بایدن لە سیاسەتی دەروەییدا بریتی بووبێت لە ڕێبەرایەتیکردنی هاوپەیمانێتییەکی وڵاتانی ڕۆژئاوا کە بە بڕی چەندان ملیار دۆلار، چەکی ناردووە بۆ ئۆکراین بە مەبەستی یارمەتیدانی لەشکری کیێڤ بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزە سەربازییەکانی ڕووسیا.

هەرچۆنێک بێت، تەنانەت لەگەڵ یارمەتییە جێگیرەکانی بایدندا، شەڕی ئۆکراین گەیشتووەتە بنبەستێک و پێشناچێت لە ئاسۆدا چارەسەرییەکی هەروا ئاسانی هەبێت.

بایدن وەک جێگری سەرۆک

بەرلەوەی لە ساڵی 2020 وەک سەرۆک بچێتە کۆشکی سپی، بایدن، گەورە ڕاوێژکاری سەرۆک براک ئۆباما بوو لەو 8 ساڵەدا کە جێگری سەرۆک بوو.

بایدن کرابووە بەرپرسیار لە ژمارەیەک پرۆژەی گەورە، لەوانە کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق؛ دابەشکردنی سەدان ملیار دۆلار لە پارەی حکومەتی فێدراڵ بەسەر حکومەتەکانی ویلایەتەکان و حکومەتە خۆجێیەکانیشدا بە مەبەستی یارمەتیدانیان بۆ بوژاندنەوەی ئابوریی؛ کارکردن لەگەڵ سیانتۆر مچ مککۆنەڵ، ڕێبەری ئەو کاتەی کەمینەی کۆماریی لە سیناتدا، هەتا ڕێگە نەدرێت حکومەت دابخرێت.
کاتێکیش سەرۆک ئۆباما لە ساڵی 2017دا مەدالیای سەرۆکایەتیی بۆ ئازادی پێبەخشی، کە گەورەترین خەڵاتی سیڤیلییە، سەرۆک ئۆباما وتی "باشترین جێگری سەرۆکە، هەتا ئێستا ئەمەریکا هەیبووبێت."

سەرۆک ئۆباما، بە گشتی بە هۆی ئەزموونی درێژخایەنی جۆو بایدنەوە، هەڵیبژارد بۆ پۆستی جێگری سەرۆک، بە تایبەتیش ئەو ئەزمونەی وەک سیناتۆر هەیبووە لە بواری نێونەتەوەییدا. ئۆباما ئەو کاتە دەیگوت کە خۆی ئەزمونێکی سنوورداری هەیە، هەڵبژاردنی بایدن وەک جێگری سەرۆک ئەو سنوردارییە هاوسەنگ دەکات.

وەها دەبینرا دوای براک ئۆباما، بایدن جێگەی بگرێتەوە، بەڵام لە 2016دا خۆی بەربژێر نەکرد، بەهۆی مردنی کوڕەکەیەوە بە شێرپەنجەی مێشک؛ هەرچەندە لە راپۆرتێکی ساڵی 2019ی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزدا، وەها نووسرابوو کە براک ئۆباما، هانی نەداوە چونکە بڕوای وەهابووە هێلەری کلینتن باشترین دەرفەتی هەیە بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2016دا.

بایدن لە سیانتدا

پاش سەرکەوتنەکەی ساڵی 1972ی بایدن بۆ نوێنەرایەتیکردنی ویلایەتی دێلاوێر لە سیناتدا، 36 ساڵی لەو خانەیەی کۆنگرێسدا بەسەر برد و زۆربەی ڕۆژانیش بە شەمەندەفەر لە ویلمینگتۆنەوە زیاتر لە 100 میلی دەبڕی و دەچووە واشنتۆن. لەو 36 ساڵەدا دوو جار سەرۆکی کۆمیتەی پەیوەندییە دەرەوەییەکان بووە و یەک جاریش سەرۆکی کۆمیتەی دادوەریی بووە، لە سیناتی ئەمەریکادا.

بایدن وەها ناسراو بوو کە توانای کارکردنی هەیە لە نێو ڕاڕەوەکاندا لەگەڵ کۆمارییەکانی وەک جۆن مەککەین و چەک هەیگڵ.

بایدن هەمیشە داکۆکی لە کاری پێکەوەیی دەکرد لەگەڵ کۆمارییەکاندا؛ بەڵام وێڕای پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ کۆمارییەکاندا، بەڵام کاتێک گەیشتە ئۆڤڵ ئۆفیس، ڕووبەڕووی ململانێ بووەوە لەگەڵ کۆمارییەکاندا لەسەر پەسەندکردنی هەندێک لە بەرنووسەکانی.

یاسای توندوتیژیی دژ بە ژنان، یەکێکە لە کارە سەرکەوتووانەکەی بایدن لە سیناتدا؛ هەروەها یارمەتیدەری سەرەکی بوو لە پەسەندکردنی یاسای برادی بێڵ، کە لێکۆڵینەوەی لەسەر پێشینەی کڕیارەکانی چەک دانا.

بایدن، مەخابنی خۆیشی دەربڕیوە لەسەر ژارەیەک لە بڕیارەکانی لە سیناتدا، لەوانە بەرنوسی یاسای تاوان سالێ 1994 کە ئەو یاسایە ڕیژەی زیندانیکردنی ئەمەریکاییە ئافریکاییەکانی لە زیندانەکاندا زیاتر کرد؛ هەروەهاش پەشیمانی خۆیشی دەربڕیوە لەسەر دەنگدانەکەی بۆ هێرشکردنە سەر عێراق لە ساڵی 2003دا.

ڕەخنەش لە جۆو بایدن گیراوە بۆ ئەو ڕۆڵەی وەک سەرۆکی کۆمیتە هەیبووە لەسەر ئەو دانیشتنانەی بۆ متمانەدان دەکران بە کلارێنس تۆماس، هەتا ببێتە ئەندامی دادگای باڵای ئەمەریکا. تۆماس، پێشتر بە هەراسان کردنی سێکسیی گوناهبار کرابوو لە لایەن ئانیتا هیڵ. لە ساڵی 2019دا بایدن داوای لێبوردنی کرد (ئەڵبەت ئەوە یەکەم جاری نەبووە) و دەیووت " هەتا ئەمڕۆش پەشیمانم لەوەی نەمتوانی ڕێگەیەک بدۆزمەوە هەتا دانیشتنێکی پرسیار و وەڵام بکەم شایستە بە هیڵ بێت."
هیڵ و پشتیوانکارەکانیشی لۆمەی جۆو بایدنیان دەکرد بەوەی کارێکی ئەوتۆی نەکرد بۆ پاراستنی لە ناوبانگ زڕاندن هاوکاتی دانیشتنەکان.

بایدن بۆ سەرۆکایەتی

بەر لە ساڵی 2020 و سەرکەوتنەکەی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا، بایدن دوو جاری تر خۆی بەربژێر کردووە بەڵام لە ساڵی 1988 و لە ساڵی 2008یشدا نەیتوانی ببێتە کاندیدی دیموکراتەکان.

لە ساڵی 2020دا سەرکەوتنی بەسەر ترامپدا هێنا، بەڵام ترامپ ڕەتی دەکردەوە دانبنێت بە سەرکەوتنی بایدندا و بەردەوامیش دەیگوت فێڵ و تەڵەکە کراوە لە هەڵبژاردندا. دەکرێت بگوترێت کە بایدن لەو هەڵبژاردنەدا سەرچەم ستانە یەکلاکەرەوەکانی بەدەستهێنا و توانی 232 دەنگی ئێلێکترڵ کۆلیژ بەدەست بێنێت لەسەرجەم 306 دەنگ، ئەمەش هەمان ئەو دەنگانە بوون کە ترامپ لە ساڵی 2016دا بەدەستیهێنان.

بایدن بە 7 ملیۆن دەنگ هەڵبژاردنی لە ترامپ بردەوە.

ڕۆژی 20ی مانگی یەکی ساڵی 2021 کاتێک بایدن چووە کۆشکی سپییەوە، تەمەنی 78 ساڵ بوو، وە بووە بەتەمەنترین سەرۆکی ئەمەریکا. ترامپ لە ساڵی 2017دا کە چووە کۆشکی سپییەوە، تەمەنی 70 ساڵ بوو.

XS
SM
MD
LG