Accessibility links

سەرچاوەکان دەڵێن عێراق چاوی لە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانە بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە مانگی نۆوە


\
\

چوار سەرچاوەی عێراقی ڕایانگەیاند، عێراق دەیەوێت هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە مانگی نۆدا بکشێنەوە و تاکو مانگی نۆی ساڵی 2025 بە فەرمی کۆتایی بە هاوپەیمانیەکە بهێنن، پێدەچێت هەندێک لە هێزەکانی ئەمەریکا لە پۆستی ڕاوێژکاریدا بمێننەوە.

بەگوێرەی سەرچاوە عێراقییەکان و بەرپرسانی ئەمەریکا، لەم هەفتەیەدا لە کۆبوونەوەیەکی ئاسایشیدا لە واشنتن هەڵوێستی عێراق لەسەر ئەم پرسە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا تاوتوێ کراوە و هەتا ئێستاش هیچ ڕێککەوتنێکی فەرمی لەسەر کۆتاییهێنان بە هێزەکانی هاوپەیمانان یان خشتەیەکی کاتیی ڕانەگەیەنراوە.

ماثیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەردوولا لەم هەفتەیەدا لە واشنتن کۆبوونەتەوە بۆ دیاریکردنی چۆنیەتی گواستنەوەی ئەرکی هاوپەیمانی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لەسەر بنەمای ئەو مەترسییەی داعش دروستیکردووە، ئاماژەی بەوەشکرد، وردەکاری زیاتری لەبەردەستدا نییە.

ئەمەریکا لە ئێستادا نزیکەی 2500 سەربازی لە عێراق هەیە و سەرکردایەتی هاوپەیمانێتییەکی زیاتر لە 80 ئەندامی دەکات کە لە سێ بنکەی سەرەکی جێگیر کراون یەکێکیان لە بەغدا و ئەوی دیکەیان لە پارێزگای ئەنبار و ئەویتریان لە هەرێمی کوردستان.

هێشتا ڕوون نییە چەند سەرباز بەپێی ڕێککەوتنەکە دەکشێنەوە و سەرچاوە عێراقییەکان دەڵێن پێشبینی دەکەن زۆربەی سەربازەکان لە کۆتاییدا وڵاتەکە جێبهێڵن، بەڵام کاربەدەستانی ئەمەریکا دەڵێن لەوانەیە زۆربەیان بەشێک بن لە ئەرکی ڕاوێژکاری و هاوکاری کە تازە دانوستانیان لەسەر کراوە.

واشنتن و بەغدا لە مانگی یەکی ئەمساڵدا دەستیان بە گفتوگۆکان کرد بۆ دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی پرسی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا لە عێراق کە لە ساڵی 2014 بۆ یارمەتیدانی هێزەکانیان لە شەڕی دژ بە داعش پێکهێنرا، دوای ئەوەی ئەو چەکدارانە دەستیان بەسەر بەشێکی زۆری وڵاتەکەدا گرت.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG