وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ڕایدەگەیەنێت، دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی بە هەمواری یاسای هەڵبژاردن کورسی کۆتا زیاد بکرێت بۆ 15 کورسی هەتا هەموو پێکهاتە و ئاین و ئاینزاکان بتوانن لە پەرلەمان مافیان هەبێت.
ئایدن مەعروف وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" دادگای فیدراڵی ئەو کات بە بڕیارێکی سیاسی نا عەدالەتی بەرامبەر بە پێکهاتەکان کرد ، کورسی کۆتای هەڵوەشاندەوە و دواتر 5 کورسی تەرخانکرایەوە، ئێمە نیگەرانین و ڕازی نین لەو ژمارەیە بۆیە هەوڵدەدەین لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا گۆڕانکاری لە یاسای هەڵبژاردندا بکرێت و ژمارەی کورسیەکان نەک تەنها 11 کورسی بەڵکو بکرێت بە 15 کورسی پەرلەمانی، تا نوێنەرانی نەتەوە و ئاین و ئاینزاکانی دیکەش بتوانن لە پەرلەماندا مافیان هەبێت."
وتیشی،" بە زیادکردنی کورسیەکان بۆ 15 کورسی، ئەوکات هەمووان دەتوانن ئەو بابەتانەی کە پەیوەستن بە کۆتا و ئاین و ئاینزاکانەوە، مافی ڤیتۆیان هەبێت و لە مافەکانیان بێبەش نەبن، هەموو هەوڵێکیش دەدەین لەناو پەرلەمان بەهەماهەنگی فراکسیۆنەکانی دیکە گۆڕانکاری لەیاسای هەڵبژاردندا بکەین."
ڕۆژی 21ی مانگی دووی 2024، دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵایەکی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی هەرێم یەکلایی کردەوە، کە لەلایەن سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی هەرێم لەسەر گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێم تۆمار کرابوو.
ئەنجامی سکاڵاکەی یەکێتی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردنی لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی و کەمکردنەوەی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی لێکەوتەوە کە بۆ پێکهاتەکان لە پەرلەمانی هەرێم دیاری کرابوون.
بەڵام ڕۆژی 20ی پێنجی 2024 دەستەى دادوەری هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیارەکەی دادگای باڵای عێراقی گۆڕی و کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراقی ناچار کرد، پێنج کورسیی لە کۆی 100 کورسیی پەرلەمانى هەرێمی کوردستان بۆ کۆتاى پێکهاتەکان دابنێت، بە شێوەیەک کورسییەکى ئەرمەن بۆ دهۆک، دوو کورسیی تورکمان و کریستیان بۆ هەولێر و دوو کورسى تورکمان و کریستیان بۆ سلێمانی تەرخان بکرێت.
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕۆژی 21ی مانگی حەوت 2024، لە میانەی چاوپێکەوتنێکیدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" یەکێتی بە هیچ شێوەیەک داوای لابردنی کوردسی پێکهاتەکانی نەکردووە لە دادگای فیدڕاڵی، ئەو ڕەخنانەی لە یەکێتی دەگیردرێن بێ ناوەڕۆکن، ئەگەر کورسیەکانیان نەماون ڕەنگە بەرهەمی مامەڵەی بەشێک لە پێکهاتەکان بوبێت لە ناو پەرلەمان و بەشێک لە دامەزراوە یاساییەکان، ئێمە ڕێز لەم بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی دەگرین."
ڕۆژی 26ی مانگی شەشی 2024، بۆ پێنجەم جار سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کاتێکی نوێی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێم دەستنیشانکرد و بڕیاری دا هەڵبژاردنەکە لە ڕۆژی 20ی مانگی دەی 2024 بەرێوەبچێت.
لە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵی ڕابردوودا سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی 5 جار فەرمانی هەرێمی جیاوازی دەرکردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەڵام بەهۆی ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر گۆڕانکارییەکان لە سیستەمی هەڵبژاردندا سەرجەم وادەکانی ڕابردووی هەڵبژاردن شکستیان هێنا.