Accessibility links

بەرپرسێکی ئەمەریکایی دەڵێت چاوەڕوان دەکرێت بایدن لە کۆشکی سپی لەگەڵ ناتانیاهۆ کۆببێتەوە


بەرپرسێکی ئەمەریکایی ڕایگەیاند چاوەڕوان دەکرێت سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆشکی سپی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهۆ کۆببێتەوە.

چاوەڕوان دەکرێت بایدن و نەتانیاهۆ تاوتوێی ڕێگاکانی گەیشتن بە ئاگربەست بکەن لە نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس لە غەززە، هەروەها پرسی ئێران و چەند پرسێکی دیکەش بابەتی کۆبوونەوەکە دەبن.

بایدن لە ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووەوە تووشی کۆڕۆنا بووە، بەڵام ڕۆژی سێشەممە لە ماڵەکەی خۆی لە دیلاوێر دەگەڕێتەوە بۆ واشنتن. لەکاتێکدا بڕیارە ناتانیاهۆ ڕۆژی چوارشەممە لە دانیشتنێکی هاوبەشی کۆنگرێسی ئەمەریکا وتارێک پێشکەش بکات.

ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی بایدن دەبێت لەگەڵ سەرکردەیەکی بیانی دوای ئەوەی بڕیاری دا خۆی بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوە کاندید نەکاتەوە و پشتگیری لە کاملا هێرس جێگرەکەی کرد وەک کاندیدی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا.

بڕیارە هێرس لەم هەفتەیەدا بە جیا لەگەڵ ناتانیاهۆ کۆببێتەوە.

یەکێک لە یاریدەدەرەکانی هێرس دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا نەتانیاهۆ دڵنیا دەکاتەوە کە کاتی ئەوە هاتووە شەڕ لە غەززە بە شێوەیەک کۆتایی پێبێت کە ئیسرائیل پارێزراو بێت و هەموو بارمتەکان ئازاد بکرێن، هەروەها ئازاری خەڵکی فەلەستینی لە غەززە کۆتایی پێبێت و فەلەستینییەکان بتوانن چێژ لە ماف و شکۆمەندی و ئازادی و چارەنووسی خۆیان وەرگرن.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG