Accessibility links

بزووتنەوەی حەماس و فەتح بە نێوەندگیری چین لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی، دەگەنە ڕێککەوتن


لایەنە ڕکابەرەکانی فەلەستینی فەتح و حەماس ڕۆژی سێشەممە رایانگەیاند بە نێوەندگیری چین گەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکیەکانیان و پێکهێنانی حکومەت بە هاوبەشی و ئیسرائیلتش ئەو ڕێککەوتنە سەرکۆنە دەکات.

هەردوولایەنی فەلەستینی ئاماژەیان بەوە کردووە لە ڕێککەوتنەکەدا هیچ گەرەنتی و هێڵی کاتیی دیاری نەکراوە و تەنها هەنگاوێکی سەرەتاییە. ئەم جۆرە ڕێککەوتانە پێشووتر شکستیان هێناوە و ئیستا ئەو پرسیارەی هێناوەتە ئاراوە کە ئایا دانوستانەکان کە چین پشتیوانیان دەکات، دەبێتە هۆی ڕێککەوتنێکی بەهێز لە نێوان حەماس کە لە ماوەی 17 ساڵی ڕابردوودا حوکمڕانی کەرتی غەززەی کردووە و فەتح کە هێزی سەرەکی دەسەڵاتی فەلەستینییە کە ئەمەریکا پشتگیری دەکات و بەشێک لە کەناری ڕۆژئاوا بەڕێوەدەبات.

پەخشی حکومەتی چین بەناوی سی سی تی ڤی ڕایگەیاندووە هەردوو لایەن و لایەنە بچووکەکانی دیکەی فەلەستین رێککەوتنەکەیان لە ژێر ناوی "کۆتاییهێنان بە دابەشبوون و بەهێزکردنی یەکێتی فەلەستین" واژۆ کردووە و بەڵێنیان داوە حکومەتێکی یەکگرتوو بۆ خاکەکانی فەلەستین پێکبهێنن. ڕێککەوتنەکە تەنها هێڵکارییەکی فراوانی پێشکەش کردووە کە لایەنەکان چۆن پێکەوە کاردەکەن.

بزووتنەوەی حەماس لەلایەن ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپاوە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دادەنرێت، بەڵام چین و ڕووسیا پەیوەندییان لەگەڵ هەردوو گرووپەکە بە حەماسیشەوە پاراستووە و هەوڵی ئاشتکردنەوەی ئەو دوو بزووتنەوەیە ڕکابەرەیان داوە.

چین لە 21 تا 23ی مانگی حەفت میوانداری شاندی دوو کوتلەی ڕکابەری فەلەستینی کردووە لە پەکین. محەممەد ئەلعەلول سەرۆکی ڕەوتی فەتح و موسا ئەبو مەرزوق سەرۆکی شاندی حەماس بوون لەم سەفەرەدا. 12 گرووپی دیکەی فەلەستینی لەگەڵ شاندی فەتح و حەماس بانگهێشتی چین کران.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی کەناڵی تەلەفزیۆنی دەوڵەتی چین، سەرکردەکانی شاندی فەتح و حەماس لەگەڵ وانگ یی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبوونەتەوە.

وانگ یی ئاماژەی بەوەشکرد، دیارترین خاڵی ڕێککەوتنەکە، ئەوەیە کە لایەنەکان گەیشتوونەتە ڕیککەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەتی کاتیی ئاشتەوایی نیشتمانی لە غەززە لە دوای جەنگەوە.

وەزیری دەرەوەی چین ئاماژەی بەوە کردووە هەرچەندە ئاشتەوایی بۆ فەلەستینییەکان پرسێکی ناوخۆییە، بەڵام بەبێ پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناتوانرێت بەدی بهێنرێت.

ئەو دوو ڕێکخراوە ڕکابەرە سێ مانگ لەمەوبەر شاندیان ڕەوانەی چین کرد بۆ دانوستانی سەرەتایی بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ ئەگەری دۆزینەوەی ڕێگاکانی کۆتاییهێنان بە کێشە 17 ساڵەی نێوانیان بکەن.

هەوڵەکانی پێشووی کۆمکاری عەرەبی و هەندێک وڵاتی وەک میسر و سعودیە، تورکیا و جەزائیر بەدرێژایی ساڵان بۆ ئاشتکردنەوەی فەتح و حەماس یان لانیکەم کەمکردنەوەی ناکۆکی نێوانیان شکستی هێنابوو. هەروەها ڕووسیا چەند مانگێک لەمەوبەر شاندەکانی ئەو دوو گرووپەی بانگهێشتی مۆسکۆ کردبوو.

نزیکەی ساڵێک دوای سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی فەلەستین لە ساڵی 2006، حەماس لە کاتی ڕووداوە خوێناوییەکاندا بزووتنەوەی فەتحی لە کەرتی غەززە دەرکرد کە لە ئەنجامدا سەدان فەلەستینی گیانیان لەدەستدا.

گرووپی توندڕەوی حەماس کە لە بزووتنەوەی ئیخوان موسلیمینەوە سەرچاوەی گرتووە، باوەڕیان بە حکوومەتی ئیسلامیی توندڕەو هەیە، لە کاتێکدا بزووتنەوەی فەتح لە مێژە کار لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی ئایین لە سیاسەت دەکات و باوەڕی بە حکومەتی عەلمانی هەیە.

دوابەدوای کودەتا ناوخۆییەکەی غەززە، حەماس تەنیا لەم کەرتە کەنارییە دەسەڵاتی بەدەستەوە بووە و بزووتنەوەی فەتحیش ڕێکخراوە خۆبەڕێوەبەرەکانی کەرتی ڕۆژئاوای بەڕێوەبردووە.

حەماس لە ماوەی 17 ساڵی دەسەڵاتی خۆیدا لە کەرتی غەززە، هەرگیز ڕێگەی نەداوە بە بزووتنەوەی فەتح بگەڕێتەوە غەززە و ڕەتیکردوەتەوە هاوکاری حکومەت بکات. مەحمود عەباس و سەرکردەکانی تری فەتح لەم 17 ساڵەدا هەرگیز سەردانی کەرتی غەززەیان نەکردووە.

حکومەتی ئیسرائیل کە پەیوەندی سیاسی تەواوی لەگەڵ پەکین هەیە، کاردانەوەی توندی بەرامبەر ئەم ڕێککەوتنە نیشان داوە.

ئیسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل گوتی دەسەڵاتی حەماس لەناو دەچێت و لە لایەکی دیکەشەوە ڕەخنەی لە مەحمود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستین و سەرۆکی فەتح گرت لەسەر واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس.

ئاماژەی بەوەشکردووە عەباس "بکوژان و دەستدرێژکارانی گروپی حەماس لە باوەش گرتووە".

لە لایەکی دیکەوە، ئیلۆن ئەڤیتار، شارەزای سەربازی ئیسرائیلی لە کاروباری فەلەستین، ڕۆژی سێشەممە بە ڕادیۆی تەلئەڤیڤی ڕاگەیاندووە کە ڕێککەوتنەکە تەنها لەسەر کاغەز بەهای هەیە.

بەرپرسێکی بزووتنەوەی فەتحیس کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ڕۆژنامەی یەدیعوتی ڕاگەیاندووە کە ئەم ڕێککەوتنە دلخۆشی و جۆش و خرۆشی لە نێو فەلەستینییەکان دروست ناکات، چوونکە و فەتح ئاگادارە کە حەماس بەنیازە بەم ڕێککەوتنە پێگەیەک لە دامەزراوەکانی فەتحدا بەدەستبهێنێت.


سەرجاوەکان/رۆیتەرز/ئەسۆشیەیتد پرێس

XS
SM
MD
LG