Accessibility links

وردەکارییەکانی بڕیاری سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی لە زاری پارێزەر و براکەیەوە


ماڵپەڕ و سەرچاوەکانی مافەکانی مرۆڤ باس لەوە دەکەن کە پەخشان عەزیزی توێژەری کۆمەڵایەتی و زیندانی سیاسی خەڵکی مەهاباد لەلایەن دادگای ئینقلابی تارانەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە.

ماڵپەڕەکانی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان و هەنگاو ڕۆژی سێشەممە 23ی مانگی حەوت ڕایانگەیاند عەزیزی، چالاکوانی کورد کە نزیکەی ساڵێکە دەستبەسەرە، لە لایەن لەقی 26ی دادگای ئینقلابی ئیسلامی تارانەوە بە سەرۆکایەتی ئیمان ئەفشار بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگەی ئەندامێتی لە پەژاکدا، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە.

بەغی تۆمەتێکی ئاسایشی و ئەمنییە و بە پێی یاسای سزادانی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەر جۆرە چالاکییەکی چەکداری دژ بە حکومەت و بنەماکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ژێر ناوی 'بەغی' وەک تاوان پێناسەی بۆ دەکرێت کە بە پێی ماددەی 287 و 288 سزای ئیسلامی کۆماری ئیسلامی ئێران، سزاکەی یان لە سێدارەدان دەبێت یان سزای زیندانیکردنی درێژخایەن دەگرێتەوە.

دەرچوونی سزای لەسێدارەدان بۆ پەخشان عەزیزی لەکاتێکدایە کە بە گوتەی برای ئەو چالاکوانە، هەرگیز چاوەڕێی سزایەکی قورسی لەو شێوەیەیان بۆ پەخشان نەکردووە و دەڵێت تا پێش دەرچوونی سزاکەی کە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ڕاگەیاندراوە، چاوەڕێیان کردووە کە تەنها ڕووبەڕووی چەند ساڵ زیندان ببێتەوە، نەوەک سزای قورسی لەو شێوەیە."

ئاسۆ عەزیزی، برای پەخشان لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا دەڵیت "جگە لە دەرچوونی سزای لەسێدارەدان بۆ پەخشان، باوکم و خۆشکم و زاوایەکیشمان بە تۆمەتی یارمەتیدانی پەخشان، سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندراوە و دوو لە هاوڕێکانیشی هەر کامەیان سزای یەک ساڵ و دوو ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندراوە."

مازیار تاتایی، یەکێک لە پارێزەرەکانی پەخشان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "ئەمە بڕیاری سەرەتاییە و ماوەی 20 ڕۆژێکمان لەبەردەمدایە بۆ ئامادەکردن و پێشکەشکردنی داوای پێداچوونەوە بە سەر سزاکەدا لە دادگای باڵا."

پارێزەر تاتایی سەبارەت بەەوەی چەندە ئەگری هەیە سزای لەسێدارەدانەکەی ئەو چالاکوانە هەڵبوەشێتەوە، گوتی "ئێمە دڵمان ڕوونە و هیوای خواست سزاکەی هەڵبوەشێتەوە."

مازیار تاتایی و ئەمیر ڕەئیسیان، دوو پارێزەری پەخشان عەزیزی ئەمڕۆ چوارشەممە لە چاوپیکەوتنێکیشدا لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرق سەبارەت بە تۆمەتەکانی سەر پەخشان ڕایانگەیاندووە "ئەم سزایەی لە سێدارەدان بە تۆمەتی بەغی بۆ پەخشان دەرچووە، واتە وەک ئەندامی گرووپیکی چەکدار کە چالاکی چەکداری دژی حکومەت ئەنجامداوە و بۆیە سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پەخشان عەزیزی نەک هەر چالاکی چەکداری نەبووە، بەڵکو لە بنەڕەتدا حەوت ساڵە لە عێراق و سوریا بووە و دوای هێرشی داعش ڕۆیشتووەتە کەمپەکانی ئاوارەکانی ڕۆژئاوا و بە لەبەرچاوگرتنی بواری خوێندنەکەی، یارمەتی پەنابەران و بریندارەکانی دەستی داعشی داوە."

ئەو دوو پارێزە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیاندا دەڵێن "تەنانەت لە خودی ئەو سزایەی بۆ پەخشان دەرچووە، ئاماژە بە هیچ ئۆپەراسیۆنێک یان ململانێیەکی چەکداری بۆ خاتوو عەزیزی لەگەڵ هیچ لایەنێکدا نەکراوە."

پەخشان عەزیزی دەرچووی بواری کاری کۆمەڵایەتی لە یەکێک لە زانکۆکانی تاران، یەکەمجار لە کۆتاییەکانی ساڵی 2009 لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاران لە دژی لە سێدارەدانی زیندانیانی سیاسی لە کوردستان دەستبەسەر کرا و دوای 4 مانگ لە دەستبەسەربوونی بە کەفالەتی 100 ملیۆن تمەنی ئیرانی ئازاد کرا.

عەزیزی دواجار بەهۆی فشار و هەڕەشەی بەردەوامی لایەنە ئەمنی و ئاسایشییەکانی کۆماری ئیسلامی، ئێرانی بەجێهێشتووە و بە مەبەستی ئەنجامدانی توێژینەوە لەسەر دۆخی ژنانی کورد، ڕووی لە هەرێمی کوردستان و دواجاریش رۆژئاوا کردووە.

برای ئەو ژنە چالاکوانە بە دەنگی ئەمەریکا دەڵیت "پەخشان هاوینی ساڵی ڕابردوو گەراوەتەوە بۆ ئێران بۆ سەردانی خێزانەکەم و لە تاران لەگەڵ بنەماڵەکەمدا بووە کە لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعات و ئاسایشی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و دواجار ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکەم دوای ماوەیەک ئازاد کران، بەڵام پەخشان گوازرایەوە بۆ زیندانی ئێڤین و تا ئێستا کە ئەم بڕیارەی بەسەردا سەپێندراوە، لەو زیندانەدایە."

سەرچاوەکانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن پەخشان عەزیزی لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافی پەیوەندی و دیدار لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە و لەم دواییانەشدا لە نامەیەکدا کە لە زیندانەوە بڵاویکردووەتەوە باسی لەوە کردووە کە چۆن بەهۆی ژن بوون و کورد بوونییەوە، خۆی و بنەماڵەکەی ڕووبەڕووی توندوتیژی و دەستبەسەرکردن و ئەشکەنجەدان بوونەتەوە و بۆ ماوەی 5 مانگ لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیراوە و چەندین جاریش هەڵواسراوە و خراوەتە ژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەروونی.

XS
SM
MD
LG