Accessibility links

پارێزەرێک: سەریاس عەونی هەتا ئەمڕۆ چوارشەممە نەیتوانیوە سکاڵا لە پۆلیسی هەولێر تۆماربکات


سەریاس عەونی، هەڵسوڕاوێکی بزووتنەوەی گۆڕانە لە هەولێر و بە گوتەی خۆی لە ڕۆژی دووشەممەوە ڕێکەوتی 22 ی مانگی حەوتی 2024 لەسەر ڕەخنەگرتن لە بارەی پردێکی تێکدراو چەند کارمەندێکی ئاسایش هێرشیان کردووەتە سەر و سەر و لوت و دانیان شکاندووە. پارێزەرێک کە بڕیارە کەیسەکەی بگرێتە دەست دەڵێت هەتا ڕۆژی چوارشەممە 24 ی مانگی حەوت نەیانتوانیوە لە پۆلیسی هەولێر سکاڵا بە فەرمی تۆماربکەن.

دانا حەسەن، پارێزەری ڕاوێژکار بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"من دەبمە پارێزەری سەریاس عەونی و ڕۆژی سێشەممە 23ی مانگی حەوت لەگەڵیدا سەردانی بنکەی پۆلیسی تورەقمان کرد هەتا سکاڵا تۆماربکات، بەڵام دوای وتە لێوەرگرتنی بەڕێوەبەری بنکەکە سکاڵاکەی وەرنەگرت و گوتی داوای لێبوردن دەکەین بابەتەکە بابەتێکی سیاسیە، بەڵام ئەمڕۆ ئاگادارکراینەوە کە سەریاس دەتوانێت ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی مانگی حەوت سکاڵا تۆماربکات، بەڵام بەهۆی ئەوەی سەریاس ئەمڕۆ تووشی خوێنبەربوونی کەپوو و لووتی بووە کە لە دوو شوێنەوە شکاوی هەیە، بۆیە نەمانتوانی سکاڵا لە پۆلیس تۆماربکەین."

وتیشی،"پزیشک ئەوەی وتووە نابێت سەریاس لە ماڵەوە بێتە دەرەوە و پێویستی بە پشووە، بۆیە ناشتوانم من وەکو پارێزەر سکاڵا تۆماربکەم هەتا ئەو کاتەی سەریاس بریکارنامە دەدات بە من وەکو پارێزەر."

پێشتر ڕۆژی سێشەممە سەریاس عەونی لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی،"من دانیشتووی گەڕەکی توڕەقی هەولێرەم، پردیک لە گەڕەکەکەماندایە و تێکدراوە و بووەتە مایە تێکچوونی ئۆتۆمبیلەکانمان و کۆبوونەوەی پیسایی بە تەنیشتی پردەکەوە، بۆیە نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە22ی مانگی حەوت، ڕەخنەم لە پارێزگاری هەولێر گرت و گوتم هەتا دە ڕۆژی تر ئەگەر چاکی نەکەن، ئەوە خۆم لە گیرفانی خۆم چاکی دەکەم، چونکە پێشووتر خۆی بەڵێنی چاککردنی دابوو، کە گەڕامەوە بۆ ماڵەوە کاتژمێر 7ی ئێوارەی هەمان ڕۆژ کارمەندێکی ئاسایش ڕایگرتم کە بچمە ئاسایشی توڕەق منیش نەچووم و دواتر بە سێ کەسەوە پەل کێشیان کردم و لێیاندام."

وتیشی،"ئەو سێ کارمەندەی ئاسایش ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆریان دام و سووکایەتییەکی زۆریان پێکردم و پێیان گوتم تۆ دەم درێژی دەکەیت. هەتا کاتژمێر 10ی شەو خوێنم لەبەر ئەڕۆشت منیان لەوێ ڕاگرت و دواتر بە فشار ئازادکرام، هەروەها ڕۆژی سێشەممە 23ی مانگی حەوتی 2024، سەردانی عەریزە نووسم کرد و چووم بۆ دادگا هەتا سکاڵا تۆماربکەم، لەوێیەوە منیان نارد بۆ پۆلیس و وتەم لێوەرگیرا، بەڵام دواتر بەڕێوەبەری پۆلیس سکاڵاکەی لێوەرنەگرتم و گوتی قسەم لەگەڵ دادوەر کردووە وتویەتی هۆکارەکە سیاسیە، بۆیە هەتا ئێستا سکاڵام لێوەرنەگیراوە."

هەر ڕۆژی سێشەممە دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە کارزان ئەمیر وتەبێژی پۆلیسی هەرێمەوە کرد و ئەویش لای خۆیەوە ڕەتیکردەوە کە سکاڵا لەو هاووڵاتییە وەرنەگیرابێت و گوتی،" ئێمە هەمیشە لە خزمەتی هاووڵاتیانداین و بە هیچ شێوەیەک سکاڵا ڕەتناکرێتەوە و ئەو هاووڵاتیە دەتوانێت سەردانی بنکەی پۆلیس بکات و بێ هیچ گرفتێک سکاڵاکەی لێوەردەگیرێت."

پاشان دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە پارێزەر دانا حەسەن کرد و ئەویش لای خۆیەوە گوتی، "ئەوە شتێکی نوێیە بۆ ئێمە و ئەگەر وەها بێت دەچین سکاڵای فەرمی تۆمار دەکەین."

دەنگی ئەمەریکا لەسەر ئەم کەیسە هەوڵی دا پەیوەندی بە هەریەک لە پارێزگاری هەولێر و ئاسایشی پارێزگا و وتەبێژی مافی مرۆڤی هەرێمەوە بکات، بەڵام هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە پەیوەندییەکان بەردەست نەبوون.

بارزان محەمەد، بەڕپرسی ناوەندی مافی مرۆڤی عێراقی لە هەرێمی کوردستان لە بارەی ڕووداوەکەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئاگاداری ئەو کەیسە و تەواوی کەیسەکانی دیکەین کە بەرامبەر بە هاووڵاتیان و چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان دەکرێن، ئەو پێشێلکارییانە پێچەوانەی دروشمەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حزبەکانە کە بانگەشەی بۆ دەکەن، ئەوەی دەکرێت لە ئەنجامی ناڕۆشنبیری تاکە نەک حکومەت، بۆیە پێویستە حکومەت لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو کەسانەدا بکات بۆ ئەوەی حاڵەتی وەها دووبارە نەبنەوە."

وتیشی،" ئێمە لەسەر هێڵین و ساڵانە ڕاپۆرتمان دەبێت و ڕاپۆرتەکان ئاڕاستەی کونسوڵخانە و حکومەت و پەرلەمان و ئەنجومەنەکانی دەکەینەوە هەتا کاری لەسەر بکەن و ڕێگە لە دووبارەبوونەوەیان بگیرێت و ناکرێت شەخس پۆستەکەی بۆ پێشلکاری بەکاربهێنێت، چونکە ئەو توندوتیژیانە کاریگەرییان دەبێت لەسەر ناو و ناوبانگی حکومەت و حکومەت دەخاتە ژێر پرسیارەوە."

ساڵانە لە هەرێمی کوردستان زۆر جار لەسەر بیروڕای جیاواز یاخود ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات، هاووڵاتیان و چالاکوانان و ڕۆژنامەوانان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، ئەوەش بووەتە مایەی نیگەرانی چالاکوانانی بواری مافەکانی مرۆڤ و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.

please wait

No media source currently available

0:00 0:07:11 0:00

XS
SM
MD
LG