Accessibility links

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی شیوعی: لایەنەکانی کەرکوک ڕێگرن لەوەی کادیرێکی شیوعی جێگەی راکان جبوری بگرێتەوە


ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لایەنەکانی کەرکوک ڕێگرن لەوەی کادیرێکی حزبی شیوعی جێگەی راکان جبوری بگرێتەوەو وەکو پارێزگار دەست بەکارببێت، لەکاتێکدا بەپێی یاسا دەبێت کادیرەکەیان وەکو پارێزگار دەست بەکارببووایە.

ئەبو کاروان، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"راکان جبوری وەکو ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک سوێندی یاسایی خواردووەو نابێت پارێزگار بێت، لە حاڵەتی دەست بەرداربوونیشیدا لە پۆستەکەی کادیرێکی شیوعی کە جێگری پارێزگارە جێگەی دەگرێتەوە."

عەلی حەمادی، ئەندازیارێکی عەرەبەو کادری حزبی شیوعی کوردستانە، لە ساڵی 2005 لەسەر لیستی حزبە کوردییەکان بەرپرسیارێتی لەکەرکوک وەرگرتووەو لە ئێستادا جێگری راکان جبوری پارێزگاری کەرکوکە.

ئەبو کاروان دەڵێت،"لایەنەکانی کەرکوک ڕێکنەکەوتن لەسەر ئەوەی عەلی حەمادی جێگەی راکان جبوری بگرێتەوە، هەرچەندە گفتووگۆ لەسەر ئەم مەسەلەیەش کرا، بەڵام لە نێو لایەنە ناڕازییەکاندا لایەنی کوردیشی تێدابوو."

ڕۆژی 11 ی مانگی حەوتی 2024، ڕاکان جبوری پارێزگاری کەرکوک وەکو ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا سوێندی یاسایی خواردو بەوپێیەی بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجومەنە، سەرپەرشتی کۆبوونەوەی یەکەمی ئەنجومەنی پارێزگاکەی کرد لە هەمان ڕۆژدا.

دوای تێپەڕبوونی نزیکەی دوو هەفتە بەسەر سوێند خواردنیدا وەکو ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بەڵام هێشتا راکان جبوری دەستبەرداری پۆستی پارێزگار نەبووەو لە دیوانی پارێزگا ئیش و کارەکان ڕادەپەڕێنێت.

ئاهەنگ ئەنوەر، پارێزەر لە دادگای کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"نەدەبووایە راکان جبوری لە پۆستی پارێزگار بمایەتەوە، چونکە وەکو ئەندامی ئەنجومەن سوێندی یاسایی خواردووەو مانەوەی نایاساییە."

13 ڕۆژ بەسەر یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکدا تێپەڕدەبێت کە لە ڕۆژی 11 ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، بە پێی یاسای هەڵبژاردن دەبێت لایەنەکان لە ماوەی 30 ڕۆژدا لەسەر پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی بگەنە ڕێککەوتن، لەکاتێکدا دوو هەفتە لەبەردەم لایەنەکاندا ماوە، بەڵام هێشتا ڕێکنەکەوتوون.

ئاهەنگ ئەنوەر دەڵێت،"گەر لە ماوەی یاساییدا لایەنەکانی کەرکوک ڕێکنەکەون و حکومەتی خۆجێی پێکنەهێنن، بەپێی یاسا دەبێت ئەنجومەنی پارێزگا هەڵبوەشێتەوە."

ڕۆژی 18 ی 12 ی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەچوارچێوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجامدرا، بەڵام هێشتا حکومەتی خۆجێی پارێزگاکە پێکنەهێنراوەو لایەنەکان لەسەر پۆستەکان ڕێکنەکەوتوون.

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، یەکێتی نیشتمانی کوردستان 5 کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان 2 کورسی، عەرەبی سونە کە خاوەنی سێ کوتلەن 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی و کوتلەی بابلیۆنیش کورسییەکی لە کۆی 16 کورسی ئەنجومەنەکە هەیە.

عەرەب کە لە مانگی 10 ی ساڵی 2017 ەوە پۆستی پارێزگاری کەرکوکی لایەو نایەوێت دەستبەرداری پۆستەکە بێت، سەرباری هەبوونی کێشە لە نێوخۆیاندا، لەکاتێکدا تورکمانیش دەیەوێت پشکی شێری لە پۆستە گرنگەکانی پارێزگاکە دەستبکەوێت.

ئەبو کاروان دەڵێت،"بەشێک لە عەرەبەکانیش ڕازی بوون بەوەی کادیرەکەی حزبی شیوعی ببێتە پارێزگار، بەڵام دواجار گرفت دروستکرا."

پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە خاوەنی 7 کورسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکن، ناکۆکن لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکوک و یەکتریش بە هاوپەیمانێتیکردن لەگەڵ "نەیارانی کورد" تۆمەتبار دەکەن.

ئەبو کاروان، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان، وتی،"گەر راکان جبوری تۆمەتبار بێت بە تەعریب کردن و خزمەت نەکردنی ناوچە کوردییەکان، خۆ عەلی حەمادی کادیری حزبی شیوعی بۆ کورد زۆر لەو باشترە، کەچی پشتگیری نەکرا."

ڕێکنەکەوتنی لایەنەکانی کەرکوک لەسەر پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک لە کاتێکدایە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق تا ئێستا سەرپەرشتی سێ کۆبوونەوەی لایەنەکانی کردووە بە مەبەستی لە یەکتری نزیککردنەوەیان، بەڵام تا ئێستا سەرکەوتوو نەبووە لە هەوڵەکانی.

XS
SM
MD
LG