Accessibility links

ئەڵمانیا چالاکییەکانی ناوەندێکی ئیسلامی کە تۆمەتبارە بە پەیوەندی لەگەڵ ئێران و پشتیوانی لە حزبوڵا، قەدەغە دەکات


حکومەتی ئەڵمانیا ڕۆژی چوارشەممە 24ی مانگی حەوت ڕایگەیاند ڕێکخراوێک کە تۆمەتبارە بەوەی کە بنکەیەکی دەرەوەی ئێرانە و کار بۆ بەرەوپێشبردنی ئایدۆلۆژیای سەرکردایەتی ئێران و پشتیوانیکردن لە گروپی چەکداری حزبوڵای لوبنان دەکات، قەدەغە کردووە و پۆلیس هەڵیکوتاوەتە سەر 53 لەقی ئەو دامەزراوەیە لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا، لەنێویاندا مزگەوتێکی دیار لە هامبۆرگ.

وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە ئەو بەڵگانەی لە لێکۆڵینەوەکاندا کۆکراونەتەوە، "گومانی جددییان پشتڕاستکردووەتەوە سەبارەت بەو شوێنانە، تا ئەو ڕادەیەی ئەمڕۆ فەرمانی قەدەغەکردنەکەمان دەرکردووە".

نانسی فایزەر گوتی "ناوەندی ئیسلامی هامبۆرگ ئایدۆلۆژیای ئیسلامی توندڕەو و تۆتالیتار لە ئەڵمانیا بەرەوپێش دەبات و لایەنە پەیوەندیدارەکانیشی پشتگیری لە تیرۆریستانی حزبوڵا دەکەن.

بەگوێرەی ئەو وەزارەتە، ئەو کۆمەڵەیەی کە ناوەندی ئیسلامی شاری هامبۆرگ کە بە "مزگەوتی شین" ناسراوە، بەڕێوەدەبات، یاسا و دەستووری کۆماری فیدراڵی ئاڵمانیا پێشێل کردووە و لێدوانی و هەستی دژە جوو و دژە ئیسرائیلی بڵاوکردووەتەوە.

ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا دەشڵێت جگە لەوەش نوێنەرانی مزگەوتەکە لە ماوەی ڕابردوودا "کردەوە توندوتیژییەکانی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک حەماسیان ستایش کردووە و پاڵپشتی ڕێکخراوە تیرۆریستییە قەدەغەکراوەکانی وەک حزبوڵایان کردووە".

نانسی فایز وەزیری ناوخۆی ئاڵمانیا ڕایگەیاند قەدەغەکردنەکە بەهۆی توندڕەوی و هاندانی خەڵک بۆ کردەوەی خراپ دژی جووەکان لەلایەن ئەو بنکانەوە ئەنجامدراوە.

بە پێی ڕاپۆرتەکان ڕۆژی چوارشەممە سەنتەرەکانی پەیوەست بەم دامەزراوەیە لە بەرلینیش پشکنینیان بۆ کراوە.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی چوارشەممە، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بانگهێشتی باڵیوزی ئەڵمانیای کرد و ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر بە قەدەغەکردن و داخستنی ناوەندی ئیسلامی هامبۆرگ و زیاتر لە 50 ناوەندی سەر بەو ناوەندە.

سەنتەرەکە چەند مانگێکە لەژێر چاودێری حکومەتی فیدراڵیدایە و نووسینگەی پاراستنی دەستووری ئاڵمان پێشتر ڕایگەیاندبوو کە بەڵگەی ئەوەی هەیە کە ئەم ناوەندە ئیسلامییە ناوەندێکی پڕوپاگەندەی گرنگی ئێرانە لە ئەوروپا.

دوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە مانگی دەی ساڵی ڕابردوو، بۆندستاگی ئەڵمانیا بە کۆی دەنگ داوای لە حکومەتی ئۆلاف شواتز کرد "هەوڵی داخستنی ناوەندی ئیسلامی لە هامبۆرگ بدات".

لە ساڵانی ڕابردوودا زۆرێک لە خەڵکی ئیران کە دانیشتووی ئاڵمانیان و دژایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن، خوازیاری داخستنی ئەم ناوەندە بوون. بە تایبەت لە سەردەمی خۆپیشاندانەکانی "ژن، ژیان، ئازادی"دا، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئێران لە بەردەم بینای ئەم ناوەندەدا چەندین جار ناڕەزایەتییان دەربڕی و جەختیان لەسەر داخستنی ئەم دامەزراوەیە کردەوە.

سەرچاوە/AP

XS
SM
MD
LG