بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ڕێکارێکی زۆرباش گیراوەتە بەر بۆ ڕێگریکردن لە ساختەکاری و تەواوی دەرگاکان داخراون، چونکە دەنگدەر تەنها دەتوانێت بە کارتی بایۆمەتری دەنگ بدات و جیاکردنەوەی دەنگەکانیش بە ڕێگای دەست و ئەلیکترۆنی دەبێت.
مەروان محەمەد، بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەند،" ئێمە وەکو کۆمسیۆنی هەڵبژاردن هەموو ڕێکارێکمان گرتووەتە بەر بۆ ئەوەی ئەو قسە و باسانەی کە پێشووتر دەکرا لە بارەی ساختەکاریەوە ئەمجارە بە هیچ شێوەیەک نەکرێت و دەرگاکانمان داخستووە، چونکە دەنگدەر تەنها دەتوانێت بە کارتی بایۆمەتری دەنگ بدات، کارتی بایۆمەتریش تەنها بۆ ئەوانە کراوە کە سەردانی کۆمسیۆنیان کرد و خۆیان تۆمارکردووە و کارتی کورت خایەنی پێشوو کاری پیناکرێت."
وتیشی،" بۆ ئەم هەڵبژاردنە یەک ملیۆن و 366 هەزار و 453 دەنگدەر لەسنوری پارێزگای هەولێر مافی دەنگدانیان هەیە و نزیکەی 400 هەزار دەنگدەریش بێەشن لە دەنگدان چونکە خۆیان تۆمارنەکردووە، هەروەها جیاکردنەوەی دەنگەکان لە ڕێگای دەستی و ئەلیکترۆنیەوە دەکرێت و ئێمە وەکو کۆمسیۆن ڕێگا نادەین ساختەکاری بکرێت."
ڕۆژی 26ی مانگی شەشی 2024، بۆ پێنجەم جار سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کاتێکی نوێی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێم دەستنیشانکرد و بڕیاری دا هەڵبژاردنەکە لە ڕۆژی 20ی مانگی دەی 2024 بەرێوەبچێت.
بە خوێندنەوەی چاودێران، لە هەڵبژاردنەکانی پێشووتر دەرفەتی ساختەکاری زۆربوو، بۆیە زۆریەک لە هاووڵاتیان متمانەیان بە دەنگدان نەمابوو و بەڕێژەیەکی کەم بەشداری پرۆسەکەیان دەکرد و دەیانگوت "هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت" بەڵام ئەمجارەیان چاودێران ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن کە مەحاڵە ساختەکاری بکرێت، چونکە هەڵبژاردنەکە عێراق بەڕێوەدەبات نەک هەرێم.
ئارام جەمال، بەڕێوەبەری پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو ئەتوانین بڵێن دەرفەتی کاری ساختە و تەزویر زۆرزۆر کەمە لەم هەڵبژاردنەدا، چونکە بە ئەزموونی بینینی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021 تەنانەت لە هەڵبژاردنی 18ی 12 ی 2023 بۆ ئەنجومەنی پاریزگاکان بە ڕاستی ئەو دەرفەتە زۆر زۆر کەم ماوەتەوە بۆ ئەوەی کاری ساختەکاری بکریت، گەر بشکرێت زیاتر لە دەنگدانی تایبەتدا و ئەویش ئەوەیە بتوانن هێزی ناوچەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بتوانن بخەنە سەر هەرێمی کوردستان دیسانەوە ئەوەش ئاسان نیە."
بەڕێوەبەری پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن وتیشی،" داخستنی تەواوی دەرگاکان بۆ ئەوەی ساختەکاری نەکرێت، کارێکی هەروا ئاسان نەبووە و ماندوبوونێکی زۆری ویستووە و تیچوویەکی زۆر هەبوو کە تەنها دەنگدەر بە کارتی بایۆمەتری دەنگ بدات."
دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی عێراق، شێوازی هەڵبژاردنی لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی گۆڕیی و ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەمکردەوە، بەڵام ڕۆژی 20ی مانگی پێنجی 2024 دەستەى دادوەری هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیارەکەی دادگای باڵای عێراقی گۆڕی و کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراقی ناچار کرد پێنج کورسیی لە کۆی 100 کورسییەکانی پەرلەمانى هەرێمی کوردستان بۆ کۆتاى پێکهاتەکان دابنێت، بەشێوەیەک کورسییەکى ئەرمەن بۆ دهۆک، دوو کورسیی تورکمان و کریستیان بۆ هەولێر، وە دووکورسی بۆ کرستیان و تورکمان بۆ سلێمانی.
لە کۆی 100 کورسیەکەی پەرلەمان، 34 کورسی پەرلەمانی بۆ هەولێر دیاریکردووە کە دوانیان بۆ کۆتایە، هەروەها کۆی گشتی کاندیدانی سنورەکە کە خۆیان تۆمارکردووە 395 کاندیدن و دابەشبوونە بە سەر دوو هاوپەیمانی و 13 حزب، ئەمە جگە لەوەی 29 کاندیدی سەربەخۆ خۆیان کاندیدکردووە.