Accessibility links

پوتن و ئەسەد لەمیانەی داواکارییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سوریا کۆدەبنەوە


سەرۆکی ڕووسیا لەگەڵ هاوتا سوریاییەکەی کە بە سەردانێک لە مۆسکۆیە کۆدەبێتەوە و کۆبوونەوەکەش دوای ئەوە دێت کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا خواستی خۆی بۆ کۆبوونەوەیەکی سێ لایەنە بۆ تاوتوێکردنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنکەرە و دیمەشق دەربڕیبوو.

پوتن لە دیدارەکەیدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ڕووسیا بڵاو کرایەوە، تیشکی خستە سەر نیگەرانییەکانی لەبارەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بە وتەی ئەو تا دێت گرژییەکان بەرەو هەڵکشانی زیاتر دەڕوات.

مۆسکۆ گرنگترین هاوپەیمانی سوریایە و بەشێوەیەکی کاریگەر حکومەتی ئەسەدی لە ڕێگەی دەستێوەردانی سەربازییەوە لە ساڵی 2015 لە کاتی شەڕی ناوخۆدا ڕزگارکرد.

ئەسەد ڕایگەیاندووە سەردانەکەی بۆ مۆسکۆ دەرفەتێکی "زۆر گرنگە" بۆ گفتوگۆکردن لەسەر "ئەو ڕووداوانەی کە ئەمڕۆ لە جیهاندا بە گشتی و لە ناوچەی ئۆراسیا ڕوودەدەن".

هەرچەندە وردەکاریی زۆر لەبارەی ئەنجامی دانوستانەکانی نێوان هەردوو سەرکردەکەوە ڕانەگەیەندراوە، بەڵام بەگوێرەی هەواڵەکان یەکێک لە تەوەرەکانی دانوستانەکانی نێوان ئەو لایەنانە، پێدچیت گەڕاندنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان سوریا و تورکیا بووبێت.

لە ساڵی 2022ەوە بەرپرسانی باڵای سوریا و تورکیا بۆ دانوستانەکان بە نێوەندگیری ڕووسیا چەندین جار کۆبوونەتەوە.

ئەردۆغان لە مێژە ڕایگەیاندووە کە دەیەوێت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەسەددا بچێتەوە، چونکە حکومەتەکەی کاردەکات بۆ دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سوریا بە شێوەیەکی خۆبەخشانە.

ئەردۆغان لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە لوتکەی ناوچەیی لە کازاخستان وتی "ئێستا گەیشتوینەتە ئاستێک کە هەر کە بەشار ئەسەد هەنگاوێک بەرەو باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا هەڵنا، هەمان ڕێبازی نیشانی دەدەین."

تورکیا و سوریا لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سوریاوە پەیوەندییەکانیان پچڕاند، چونکە سوریا پێیوابوو تورکیا ڕۆڵی کارا دەبینێت لە هەوڵدان بۆ ڕووخاندنی حکومەتی بەشار ئەسەد. لەو ماوەیەدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان چەندین جار بەشار ئەسەدی بە "بکوژ" ناوبرد.

تورکیا پشتیوانی لە گروپە یاخیبووەکانی سوریا دەکات کە هەوڵی ڕووخاندنی حکومەتی بەشار ئەسەد دەدەن و سوریاش ئەو گروپانە بە تیرۆریست دەزانێت.

زیاتر لە دە ساڵە هێزەکانی سوپای تورکیا هێشتا لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا کە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆنی حکومەتی دیمەشق و نزیک لە تورکیان، جێگیرن و ئەمەش سوریای توڕە کردووە.

سەرچاوە/فرانس 24

XS
SM
MD
LG