Accessibility links

بایدن دەڵێت بڕیاری کشانەوەی لە هەڵبژاردنەکان بۆ یەکخستنی گەلی ئەمەریکا بووە


جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا لە کۆشکی سپییەوە ڕایگەیاند سەرەڕای هەوڵدانی بۆ دووبارەکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی، بەڵام لە کۆتاییدا بڕیاری داوە لە هەڵبژاردنەکانی مانگی یازدە بکشێتەوە و پاڵپشتی لە کاماڵا هەریس بکات و گوتیشی ئەوە باشترین بڕیار بوو بۆ یەکخستنی وڵات.

ڕاگەیاندنی بایدن بۆ کشانەوەی لە هەڵبژاردنەکان دوای ماوەیەکی کەم لە دەرکەوتنی لاوازی لە دیبەیتێکدا بوو لەگەڵ دانۆڵد ترامپ کاندیدی کۆمارییەکان کە گومانی لەسەر توانای بایدن بۆ ماوەی چوار ساڵەی دیکە وەک سەرۆکی ئەمریکا دروستکرد.

سەرۆکی ئەمەریکا لە وتارەکەیدا ئێوارەی چوارشەممە ڕایگەیاند کە بە هۆی دەستکەوتەکانی بەرێوبەرایەتییەکەی پێی وایە شایستەی ئەوە بووە بۆ ماوەی چوار ساڵی دیکە سەرکردایەتی ئەمەریکا بکات.

وتیشی "بەڵام هیچ شتێک ناتوانێت ڕێگریمان لێبکات لە گرتنەبەری هەنگاو بۆ ڕزگارکردنی دیموکراسی لە وڵاتەکەماندا، لەوانەش تەماحی کەسی. هەر بۆیە گەیشتمە ئەو ئەنجامەی کە باشترین ڕێگا بۆ پێشەوە ئەوەیە کە مەشخەڵەکە بگوازیتەوە بۆ نەوەی نوێ. ئەمە باشترین ڕێگایە بۆ یەکخستنی گەلەکەمان."

کاماڵا هەریس یەکەم ژنی ڕەشپێستە کە ببێتە جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و ئەگەر لە هەڵبژاردنەکانی مانگی یازدەشدا سەربکەوێت، ئەوا دەبێتە یەکەم ژن کە ببێتە سەرۆکی وڵاتەکەی.

جۆو بایدن لە وتارەکەیدا ئێوارەی چوارشەممە باسی لە کاماڵا هەریس کرد وەک سەرکردەیەکی بەهێز کە دەتوانێت ببێتە سەرۆکێکی کاریگەر.

بایدن وتی "ئەو خاوەن ئەزموونە، توند و تیژە، بەتوانایە و هاوکارێکی گەورە بووە بۆ من و سەرکردەیەکی نایاب بووە بۆ وڵاتیش و ئێستا هەڵبژاردنەکە لای ئێوەیە، گەلی ئەمریکا."

چەند کاتژمێرێک پێش ئەوە دانۆلد ترامپ لە میانەی وتارێکدا لە نێو جەماوەری لایەنگرانیدا لەبارەی کاماڵا هەریسەوە وتی "ئەو شێتێکی چەپی توندڕەوە کە ئەگەر لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، وڵاتەکەمان لەناو دەبات."

ترامپ کە بە شێوەیەکی گشتی لەکاتی هێرشکردنە سەر نەیارەکانیدا قسەی سووکایەتیکردن بەکاردەهێنێت، ڕۆژی چوارشەممە بە ڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە گوێ بەو کەسانە نادات کە ئامۆژگاری دەکەن کەمێک نەرمتر بێت و بە لایەنگرانی وت "من بڕیار نییە میهرەبان بم!"

دانۆلد ترامپ هەروەها باسی لە پرسی لەباربردنی منداڵ کرد. ئەو پرسەی کە دیموکراتەکان بە کارتی سەرکەوتنی خۆیان لە هەڵبژاردنەکاندا بە بەرگریکردن لە مافی لەباربردن دەزانن. ترامپ وتی کاتێک هەڵوێستی من سەبارەت بە لەباربردنی منداڵ بەراورد دەکەیت بە هەڵوێستی کاماڵا هەریس، من لە ڕاپرسییەکاندا هەشت خاڵ زیاترم و ئەوەش لەبەر ئەوەیە کە ئەو زۆر ڕادیکاڵە."

کاماڵا هەریس لە وتارەکانیدا بەرگریکردن لە مافی لەباربردنی منداڵ بۆ ژنان وەک یەکێک لە ئەولەویەتەکانی بەرنامەکانی ناساندووە و بەم مانایەش یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانی نێوان خۆی و ترامپ لە چەند مانگی داهاتوودا دەبێتە پرسی لەباربردنی منداڵ.

سەرچاوەکان/دەنگی ئەمریکا/ڕادیۆ فەردا

XS
SM
MD
LG