کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕووبەڕووی ژمارەیەک ئاڵنگاریی دەبێتەوە، نەک هەر لە ناو ئەو وڵاتانەی کوردیان تیادایە، بەڵکو ئەو ئاڵنگاریانە پەلیش دەهاون بۆ دەرەوەی سنورەکانی هەر یەکێک لەو وڵاتانە.
عەلی کەریمی، نوسەر و لێکۆڵەر ئاماژە دەکات بە ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هۆکارە ئاینی و ئاینزاییەکان و کۆمەڵایەتی و پاشماوەی دەرەبەگایەتی و پاشماوەی ئیمپراتۆریەتەکانی عوسمانلی و سەفەوی و دەشڵێت "کورد نەکەوتۆتە بەردەم هیچ قۆناغ و شەپۆلێکی ڕێنەسانس و کۆمەڵگەی کوردی و بە قۆناغەکانی گۆڕانکارییە ئابورییەکاندا تێنەپەڕیوە و بێ لەوانەش کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕووبەڕووی ژمارەیەک دەسەڵاتی سەرەڕۆ و تۆتالیتار بۆتەوە؛ هۆکارێکی تریش، کورد خۆیەتی و کورد یەکلانەبۆتەوە لەسەر ئەوەی چیی دەوێت و تا ئێستایشی لەگەڵدا بێت خاوەنی ستراتیژیەتێکی یەکگرتووی نەتەوەیی نییە و نەتوانراوە ئەو ستراتیژیە یەکگرتوویە دەستەبەر بکرێت."
بەڕێز کەریمی هۆکاری نەبوونی ئەو گوتارە نەتەوەییە دەگەڕێنێتەوە بۆ کەمتەرخەمیی ڕۆشنبیران و هەروەهاش نەبوونی سەرکردەیەک کە خاوەنی ئەو تێزە بێت هەتا کورد بگاتە سەروەریی خۆی.
هەرچۆنێک بێت ڕووداوەکان و پەرەسەندنی ڕووداوەکان ئەگەری گۆڕانکارییان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاتر کردووە.
دکتۆر دارا موحەمەد، پسپۆڕ و شیکەرەوەی سیاسی بە گرنگی دەبینێت کە جیاوازییەک بکرێت لە نێوان ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکارییدا و دەڵێت "بۆ نمونە ئێستا ئەمەریکا لەبەردەم هەڵبژاردندایە و ڕەنگە ئاڵوگۆڕێکی سیاسی بێنێتە کایەوە کە بێگومان پەیوندیدارە بە کوردیشەوە، بەڵام دەشبێت لەوە تێبگەین کە کورد لە هەندێک شوێنی ئەم ئاڵوگۆڕانەدا جێی دەبێتەوە، نەک لە هەموویاندا؛ یان ئەگەر باس لە جەنگەکان بکەین، جەنگی ئۆکراین و جەنگی ئیسرائیل و فەلەستین و جەنگەکانی تر کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەن، مەرج نییە کورد پەیوەندیدار بێت بەو ئاڵوگۆڕانەوە کە ڕەنگە دواتر ڕووبدەن، هەرچەندە لەوانەیە لە هەندێک شوێندا پڕیشکی بەربکەوێت لە ڕوی سیاسەتی نێونەتەوەیی و سیاسەتی دەرەکیی هەندێک لەو وڵاتانەوە. دەشبێت ئەوەش بڵێم کاتێک باس لە ئاڵوگۆڕەکەی ئەمەریکا دەکەین، پێویستە بپرسین، ئایا ئەو ئاڵوگۆڕانە چەندێک دەبنە گۆڕانکاری لە سیاسەتی گشتی و سیاسەتی دەرەکی ئەمەریکادا؟! بێگومان ئەو گۆڕانکارییە کاریگەریی دەبێت بەسەر کوردەوە، چونکە کورد هەمیشە لە ناو بۆتەی سیاسەتی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیدا دەژی، بۆ نمونە ئەگەر دانۆڵد ترامپ ببێتە سەرۆکی ئەمەریکا، بەهۆی پەیوەندی باشتر و دۆستانەی ترامپ لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیادا ئەوا دەشێت ئاڵۆگۆڕێک بەسەر دۆخی کوردا لە رۆژئاوا و باکوردا بێتە ئاراوە."
دکتۆر دارا، ئاماژە بە جیاوازی ئەو بارودۆخە دەکات کە کورد لە عێراقدا تیایدا دەژی لەو ڕوانگەیەوەی "ئامادەییەکی زیاتری هەیە لەناو سیاسەتی نێودەوڵەتی و ئەو ئاڵوگۆڕە سیاسیانەی ڕوودەدەن، بەڵام تا چەندێک کاریگەریی سیاسەتی نێودەوڵەتی و ئاڵۆگۆڕە سیاسییەکان لە جیهان و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دادەنێت؟ ئەمەیان جێی پرسیارە."
ئانکەرە لەناو خاکی هەرێمی کوردستانی عێراق و لە ناوچە کوردنشینەکانی باکوری ڕۆژئاوای سوریادا، کردە لەشکرییەکانی خۆی درێژە پێدەدات، وەک دەڵێت بۆ "بنەبڕکردنی ئەو مەترسییانەی لەسەر ئاسایشی نیشتمانی تورکیا و پاراستنی ئاسایشی سنورەکانییەتی."
تەواوی ڕووبەری ئەو ناوچانەی کردە لەشکرییەکانی تورکیای تیادا دەکرێن بریتیین لەو ناوچە کورد نشینەکان لە سوریا و لە عێراقیشدا. لەناو وڵاتەکەشدا، تورکیا بەردەوام یاساکانی دژە تێرۆر بەکاردەهێنێت لە دادگاکاندا دژ بە نەیارە کوردەکان.
دیمەشق بە درێژایی دەیان ساڵی ڕابردوو، تەنانەت مافی هاووڵاتیبوونی لە کورد زەوت کردبوو و بە هاووڵاتی پلە دوو یان سێ ناودێری دەکردن. ئێستاش کە کورد لە سوریادا توانیویەتی بەڕێوبەرایەتییەکی تایبەت بە خۆی دابمەزرێنێت و هەنگاوی ناوە بەرەو بە دامەزراوەیی کردنی دامەزراوەکانی بەڕێوبەرایەتییەکەی، بەڵام دیمەشق و ئانکەرەش پێکەوە ژمارەیەک تەگەرەی گەورەیان لە بەردەمدا داناوە. وەک شیکەرەوەی سیاسی دەڵێن تەنانەت ئەو هەوڵانەی ئانکەرە دەیاندات بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی لە گەڵ دیمەشقدا، بەشێکی زۆری پەیوەندی هەیە بە کوردەوە.
دکتۆر سولەیمان ئۆزەرن لە چاوی واشنتۆنی ئەم هەفتەیەی بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکادا دەڵێت "ئەگەر ئەردۆغان ڕاست دەیەوێت کار لەگەڵ ئەسەددا بکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەردوو وڵات و ئەگەر گەیشتنە شێوەیەک لە شێوەکانی ڕێککەوتن، ئەوا لەوانەیە پشێویی ببینین و لێرەدا ئانکەرە پشت بە چەند تەوەرێک دەبەستێت، یەکەمیان لە ڕوی لەشکریی و ئەو چەکدارانەی لە سوریا هەیەتی و هەروەهاش ئەگەر ئەسەد قایل بێت، لە ڕێی لەشکری نیشتمانی سوریاشەوە ئەو کارە دەکات."
دکتۆر ئۆزەرن، باسیش لەوە دەکات " ئەگەر ئەمەریکا لە سوریادا بکشێتەوە، ئەوا ڕێگە بۆ فراوان بوونی زیاتری کردەکانی لەشکری تورکیا دەکرێتەوە تا بڕوات بەرەو ناوچەکانی تر وەک باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا و ئەمەش وەها دەکات شییانی ئاستێکی بەرزتری پشێوی و ئاڵۆزیی ببینین لەو ناوچانەدا."
تاران، بەشێوەیەکی بەرچاو سیاسەتی زەبروزەنگ و سەرکوتکردن بەرامبەر کورد بەکاردەهێنێت لەناو ئێراندا و لە دەرەوەی وڵاتەکەشدا بێجگە لە بۆردومان و هێرشی ئاسمانی بۆسەر لایەنە کوردییەکانی ئۆپزسیۆن، هەژموونی سیاسیی خۆیشی بەکاردەهێنێت، بۆ نمونە لەگەڵ عێراقدا هەتا تەواوی جموجۆڵی سیاسییانەی لایەنەکانی کوردستانی ئێران، کۆتوبەند بکات.
بەغدا، هەتا سوننەکان لە دەسەڵاتدا بوون، سیاسەتی دژ بە کورد و خواستی کورد لەو وڵاتەدا پەیڕەو کراوە و لە دوای ساڵی 2003یشەوە کە شیعەکان دەبنە فەرمانڕەوای وڵاتەکە، ئەگەرچی هەست بە هەندێک گۆڕانکاری کراوە لە بەرامبەر کورددا، بەڵام وەک دەگوترێت هێندەی پێویست نەبووە لەو عێراقە ئازادەی پاش ڕوخانی ڕژێمی دیکتاتۆریی.
زۆرێک دەگوترێت، ئەگەر ئەو چوار وڵاتە لەسەر هیچ شتێک تەبا نەبن بەڵام لەسەر ڕەوشی کورد لە ناوچەکدا هیچ کێشەیەکیان نییە.
بەڕێز کەریمی هاوڕایە و دەڵێت "لە هەر چوار وڵاتەکەدا، فۆبیایەک هەیە بەرامبەر کورد و ئەم فۆبیایەش هەر تەنها ڕژێمەکان نین، بەڵکو خەڵکیش هەن لەو وڵاتانەدا ئەو فۆبیایەیان دروستکردووە لە تورکیا و عێراق و ئێران و سوریاشدا و لە هەر چوار وڵاتەکەشدا وەهاش سەیری کورد دەکەن کە مەترسییە بۆ سەر سەروەریی وڵاتەکانیان."
ئەگەرچی ڕایەک هەیە و دەڵێت کێشەی کورد لە هەر یەکێک لەو چوار وڵاتەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جیاوازە و ئەو کێشەیە تایبەتمەندێتی خۆیی هەیە لە هەر یەکێک لەو وڵاتانەی کودی تیادا دەژی.
عەلی کەریمی، لەگەڵ ئەو جۆرە بۆچوونەدا نییە و کێشەی کورد بە کێشەیەکی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دادەنێت و بە کێشەی نەبوونی دەوڵەت ناودێری دەکات و دەڵێت "کێشەی کورد یەک کێشەیە و ئەویش کێشەی نەتەوەییە و کێشەی نەبوونی دەوڵەتە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام بەهۆی سیاسەت و پیلانگێڕییەکانی هەر یەکێک لەو وڵاتانەی کوردیان تیادایە، دەبینیت لە هەر یەکێکیاندا کێشەکە بە شێوەیەکی جیاوازتر لەوی تریان دەڕواتە پێش. بەڵێ کێشەی کورد یەک کێشەیە و نەتەوەییە، بەڵام لە هەر پارچەیەکی کوردستاندا، تایبەتمەندێتییەکی هەیە و لە کڵێشەیەکی تایبەتیشدا پێناسە دەکرێت، دەشێت لە داهاتووشدا ڕەنگە وەک یەک پڕۆژە نەیەتە چارەسەرکردن و هەر وڵاتە بۆ خۆی بە جیا لەوانی تر ئەو کێشەیە چارەسەر بکات، بەڵام لە ئایندەدا ئەگەر هاتوو کۆنگرەیەکی نەتەوەیی بکرێت، ئەوا دەشێت لێک نزیکبوونەوەکە بێتە ئاراوە، دەنا لە ناکاو ئەو یەکگرتنەی پارچەکان ڕووبدات، کارێکی سەختە، بەڵام ئەگەر شەپۆلێکی دیموکراتیانە ڕۆژهەڵاتی گرتەوە و مافە دیموکراتییەکان دەستەبەرکران، ئەوا دەشێت یەکگرتنەوەی پارچەکانی کوردستان ئاسان بێت."
دکتۆر دارا موحەمەد، لەوبڕوایەدایە کێشەی کورد لە هەر یەکێک لەو وڵاتانەدا تایبەتمەندێتی خۆیانیان هەیە و دەڵێت "بەهۆی ئەوەی مێژووی سیاسی هەر یەک لەو وڵاتانە جیاوازە و ژیۆپۆڵەتیکی هەر یەکێکیش لەو وڵاتانە جیاوازە و ژیۆپۆڵەتیکیش گرنگی ئەو وڵاتانە نیشان دەدات لە پەیوەندییەکاندا لەگەڵ زلهێزەکانی جیهاندا و بەتایبەتیش جیهانی ڕۆژئاوا."
دکتۆر دارا، دەڵێت لەم بابەتەدا پێویستە دۆزی کوردیش لە هەر یەکێک لەو وڵاتانەدا بە هێند وەبگیرێت "خەباتی چەکداریی و ململانێی سیاسی کوردیش لە هەر یەکێک لەو وڵاتانەدا جیاوازە، بەڵام لەگەڵ ئەو جیاوازی و تایبەتمەندێتییەشدا، کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاوبەشییەکی هەیە، بەو مانایەی جۆرێک لە یەکبون و پەیوەندی سیاسی لە نێوان کوردی پارچەکانی کوردستاندا بۆتە پێویستییەکی گرنگ، چونکە بە بوونی ئەم جۆرە پەیوەندیی و یەکگرتنە، ڕەنگە ببێتە مایەی گۆڕانکاری لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوەیی ئەو وڵاتانە، لێرەدا کورد دەتوانێت هەندێک لەو هاوکێشانە بگۆڕێت، بەڵام کاتێکیش ئەمە دەڵێم، دەزانین کە ئەو پەیوەندیی و یەکبوونە لەسەر ئاستێکی باش بەڕێوە ناچێت، لەگەڵ ئەوەشدا کە هەمیشە بەغدا و تاران و ئانکەرە و دیمەشق، هاوکاری یەکتر بوون بۆ لێدانی لایەنە کوردییەکان بە پشتیوانی لایەنی تری کوردی."
زۆر جار کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گلەیی لە بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکات لە بەرامبەر ئەو ڕووداوە نەخوازراوانەی بەسەر کورددا دێن لەو ناوچەیەی جیهاندا.
دکتۆر دارا، باس لەوە دەکات کە دەروازەکان بەتایبەتی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق کراوەبوون و دەرفەتیشی زیاتر بوو بە بەراورد لەگەڵ پارچەکانی تری کوردستاندا تا دۆزی کورد بگەیەنێتە پێگە نێونەتەوەییەکان و دەڵێت " شکستی فەرمانڕەوایەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دۆسێی کورد لای نەبووە بە دۆسێیەکی نێونەتەوەیی؛ بەڵام پێویستە لەوەش تێبگەین لە پەیوەندی بە کوردەوە لە پارچەکانی تردا، پەیوەستە بە نەبوونی خواستێکی نێودەوڵەتییەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد، واتە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی ئەو پەیوەندییەی خۆی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا، تورکیا و عێراق و ئێران و سوریاشدا، پێ گرنگترە."