Accessibility links

کامڵا هێرس سوتاندن و سووکایەتیکردن بە ئاڵای ئەمەریکا سەرکۆنە دەکات


کامڵا هێرس جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە 25ی مانگی حەوت لە بەیاننامەیەکدا، سووتاندن و سووکایەتیکردن بە ئاڵای ئەمەریکا لە واشنتن سەرکۆنە دەکات.

هێرس بە ئاماژەدان بە کردەوەی ڕقاویی و توندی خۆپیشاندەران گوتی "هەر کەسێک پەیوەندی بە ڕێکخراوی بێبەزەیی و تیرۆریستی حەماسەوە هەبێت کە سوێندی خواردووە دەوڵەتی ئیسرائیل لەناوببات و جووەکان بکوژێت، سەرکۆنە دەکەم."

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لە بەیاننامەکەیدا گوتی "سووتاندنی ئاڵای ئەمەریکا شەرمەزار دەکەم."

گوتیشی "ئەو ئاڵایە هێمای بەرزترین ئامانجەکانی ئێمەیە وەک نەتەوەیەک و نوێنەرایەتی پەیمانی ئەمەریکا دەکات. هەرگیز نابێت بەم شێوەیە سووکایەتی پێ بکرێت."


لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە و گوتی"من پشتگیری لە مافی ناڕەزایەتی دەربڕینی ئاشتیانە دەکەم، بەڵام با ڕوون بین دژە جووبوون و ڕق و توندوتیژی بە هەر جۆرێک بێت لە نێو میللەتەکەماندا جێگەیان نییە".

هاوکات لەگەڵ وتارەکەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆنگرێسی ئەمەریکا لە ڕۆژی چوارشەممە 24ی مانگی حەوت بەشێک لە خۆپیشاندەران کە ئاڵای فەلەستینیان بەدەستەوە بوو، بە وتنەوەی دروشمی اڵڵە و ئەکبەر، ئاگریان لە ئاڵای ئەمەریکا بەردا.

هەر لەو پێوەندییەدا پۆلیسی کۆنگرێسی ئەمەریکا بۆ بڵاوەپێکردنی بەشێک لە خۆپیشاندەرانی لایەنگری فەلەستین کە ڕۆژی چوارشەممە سەرپێچیان لە فەرمانی ئەفسەرانی پۆلیسی پاسەوانی کۆنگرێس کرد، سپرای بیبەری بەکارهێنا.

خۆپیشاندەرانی لایەنگری فەلەستین لە دەوری بینای کۆنگرێس کۆبووبنەوە لە کاتێکدا بنیامین ناتانیاهۆ لەناو کۆنگرێسی ئەمەریکا قسەی دەکرد و پۆلیسی کۆنگرێسیش ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی زیاد کردبوو.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG