Accessibility links

وردەکاریی هێرشە موشەکییەکانی میلیشیاکان بۆ سەر بنکەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریادا


دەسەڵاتدارانی عێراق و ئەمەریکا ڕایانگەیاندووە چەند موشەکێک ئاراستەی ئەو بنکانەی شوێنی بوونی هێزەکانی هاوپەیمانێتی نێونەتەوەییە بە سەرکردایەتی ئەمەریکا کراون، بەڵام هێرشەکان هیچ زیانێکیان لێنەکەوتووەتەوە.

ئەو جۆرە هێرشە موشەکیانە بە بەردەوامی لەسەرەتاکانی دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و چەکدارەکانی حەماس لە غەززە چڕتر بوون، بەڵام دواتر بە ئەندازەیەکی بەرچاو ئەو هێرشانە ڕاگیران.

سەرچاوەیەکی ئاسایشی لە عێراق دەڵێت "چوار موشەک لە ناوچەی عەینولئەسەدی پارێزگای ئەنبار داویانە بە زەویدا."

کاربەدەستێکی تری ئاسایشی عێراق دەڵێت "فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان و 3 موشەک لە نزیک بنکە سەربازییەکەی عەینولئەسەدی داوە."

کاربەدەستێکی ئەمەریکاش دەڵێت "ڕاپۆرتە بەراییەکان ئاماژەیان بەو هێرشە موشەکییە کردووە کە لە دەرەوەی بنکە سەربازییەکەی داوە و هیچ زیانێکی گیانی و ماڵیشی نەبووە."

بەپێی ڕێکخراوی سوریایی ڕوانگە بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ، بەلانیکەم یەک موشەکیش لە نزیک بنکەیەکی هاوپەیمانانی داوە لە هەرێمی دێرلزور لە ڕۆژهەڵاتی سوریا.

ڕوانگە دەڵێت، دەنگی تەقینەوەکە بیستراوە لە ناوچەکەدا بەڵام دەستبەجێ زیانەکان نەزانراوە؛ موشەکەکەش لەو ناوچەیەوە تەقێندراوە کە لەژێر کۆنترۆڵی میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێراندایە.

وەک ڕوانگە دەڵێت "هێشتا هیچ لایەنێک بەپرسیارێتی خۆی لەو هێرشەی دێرلزور ڕانەگەیاندووە."
ئەو هێرشانە دوابەدوای کۆبوونەوە ئاسایشییەکەی ئەم هەفتەیەی نێوان کاربەدەستانی ئاسایشی ئەمەریکا و عێراقی بووە لە واشنتنی پایتەخت.

کۆبوونەوەکەش تایبەت بووە بە پرسی ئایندەی هێزەکانی هاوپەیمانێتی دژە تێرۆریزم لە عێراقدا.
ئەو ڕێکخراوانەی کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانییان لێدەکات، داوا دەکەن ئەو هێزانەی هاوپەیمانان بکشێنەوە.

پەنتاگۆن دەڵێت "شاندەکانی هەردوولا گەیشتوونەتە تێکگەیشتن لەو ڕوانینەی بۆ قۆناغی نوێی پەیوەندیی دوو لایەنەی ئاسایشیی هەیە."

سەرچاوە/AFP

XS
SM
MD
LG