Accessibility links

سەرهەڵدانەوەی جوڵەی داعش و ناکۆکی نێوان سونە و شیعە لەسەر کۆمەڵێک دۆسیەی هەستیار


هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی جموجۆڵی سنورداری داعش لە بەشێک لەناوچە سونە نیشینەکانی عێراق، کۆمەڵێک دۆسیەی هەستیار لەنێوان پێکهاتەو لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەبێتە مایەی مشت و مڕ، ئەمەش وایکردووە جوڵەکانی داعش بەو ناکۆکیانەوە گرێ بدرێتەوە.

هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی جم و جۆڵە سنوردارەکانی داعش، یاسای لێبووردنی گشتی و دروستکردنی هەرێمی سونەو خواستی شیعەکان بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق مایەی ناکۆکی نێوان پێکهاتەو لایەنە سیاسییە عێراقییەکانە.

نازم کەهیە، ڕێکخەری پێشووی پەیوەندییەکانی نێوان حەشدی شەعبی و هێزە کوردییەکان لە کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"جم و جۆڵی داعش لەناوچەکانی کەرکوک و سەڵاحەدین لاوازە، بەڵام جوڵەیان لەدەوروبەری موسڵ هەیە."

ڕۆژی 22 ی مانگی حەوتی 2024، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕۆژاوای نەینەوای سوپای عێراق، بانگەوازێکی نهێنی ئاراستەی هێزە سەربازییەکان کردووەو هۆشداری پێداون لە دزەکردنی چەکداری داعش لە سوریاوە بۆ عێراق.

لە میانی کۆبوونەوەیەکیشیدا لەگەڵ باڵیۆزی چیک لە عێراق، ڕۆژی 21 ی حەوتی 2024، قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق هۆشداری داو کەمپی هۆلی سوریای بە مەترسی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دانا.

نازم کەهیە دەڵێت،"ژمارەیەک داعش لە سوریا ئازاد کراون و ئازاد کردنیان جێی گومانە، ڕەنگە ئەو داعشانە بێنە عێراق و بکرێتە کارتی فشار بۆ جێبەجێکردنی خواستی هەندێک وڵاتی ئیقلیمی بۆ دروستکردنی هەرێمی سونە."

بەڕای چاودێرانی سیاسی، ناکۆکی نێوان لایەنە سونەکانی عێراق و پشتگوێ خستنیان لەلایەن هێزە شیعەکانی پێکهێنەری حکومەتەوە، وایکردووە جارێکی تر خواستی دروستکردنی هەرێمی سونە لە نێو بەشێک لە لایەنە سونەکان سەرهەڵبداتەوە.

دەرکردنی یاسای لێبوردنی گشتی کە لە ئێستادا لەسەر ئاستی عێراق گفتووگۆی لەبارەوە دەکرێت، یەکێکە لە خواستەکانی عەرەبی سونە بەوپێیەی زۆربەی زیندانییەکان لە پێکهاتەی سونەن، بەڵام لایەنە شیعەکان دەیانەوێت یاساکە بە جۆرێک دەربکرێت خواستی خۆیانی لەسەر بێت.

سەرچاوەیەکی سیاسی عێراقی کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ڕەنگە جوڵەی داعش ببێتە بیانوو بە دەست شیعەوە، تا یاسای لێبوردنی گشتی بە جۆرێک دەربکەن پێچەوانەی خواستی عەرەبی سونە بێت."

هەروەها وتیشی،"گفتووگۆکردن لەسەر یاسای لێبوردنی گشتی لەمکاتەدا کە پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لای عەرەبی سونە نییە، جێی گومانە."

سەرهەڵدانەوەی جم و جۆڵی داعش لە عێراق هاوکاتە لەگەڵ فشاری لایەنە شیعەکان بۆ دەرچوونی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق بە پاساوی کۆتایی هاتنی شەڕی داعش، لەکاتێکدا بەشێکی زۆر لە لایەنە کوردی و سونییەکان هاوڕا نین لەگەڵ ئەم هەنگاوەی لایەنە شیعەکاندا.

ئیسماعیل حەدیدی، سەرکردەی عەرەبی سونە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"دەرچوونی یاسای لێبوردنی گشتی داواکاری عەرەبی سونەیە، چونکە زۆربەی زیندانییەکان لە پێکهاتەی سونەن و دەرچوونی یاساکە زۆر دواکەوتووە."

ئەو وتیشی،"ئێمە داوای ئازادکردنی داعش و تاوانبارەکان ناکەین، بەڵکو داوای ئازاد کردنی ئەو زیندانییانە دەکەین کە لەسەر بنەمای قسەی هەواڵدەری نهێنی و فشاری سەر دادگاکان دەستگیرکراون، ئەمانە بەشێکی زۆر لە زیندانییەکانی عێراق پێکدەهێنن."

هاوکات لەگەڵ ناکۆکی نێوان لایەنە عێراقییەکان لەسەر یاسای لێبوردنی گشتی و دەرچوونی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و نیگەرانی شیعە لە سەرهەڵدانەوەی خواستی دروستکردنی هەرێمی سونە، جم و جۆڵی داعش زیاتر ناوچە سونە نیشینەکان و ناوچە کێشە لەسەرەکانی گرتووەتەوە.

وەهاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی زنانەی باکوری رۆژهەڵاتی قەزای خورماتوو، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"جم و جۆڵی داعش سەریهەڵداوەتەوەو بە ماتۆڕ سکیل چەکدارەکانیان هاتووچۆ دەکەن."

جەختیشیکردەوە،"چەکدارەکانی داعش زیاتر بەو ناوچانەدا هاتووچۆ دەکەن کە جێی سەرنجی هێزە سەربازییەکان نین، تا لە ڕێگەی کامیرای حەرارییەوە چاودێری جم و جۆڵیان نەکرێت."

ڕۆژی 22 ی مانگی شەشی 2024، فڕۆکەکانی هاوپەیمانان مەفرەزەیەک چەکداری داعشیان لە ناوچەی غەڕەو پەڵکانەی نزیک قەزای خورماتوو کردە ئامانج و زیاتر لە چوار چەکداریان کوشت، کە مەفرەزە چەکدارە بە ئامانج گیراوەکە ئەرکی گواستنەوەی چەکدارانی داعشیان لەنێوان پارێزگاکانی دیالەو کەرکوک و سەڵاحەدین لە ئەستۆدا بوو.

XS
SM
MD
LG