Accessibility links

ئیسرائیل ڕەخنە لە جێگری سەرۆکی ئەمەریکا دەگرێت


کاربەدەستانی ئیسرائل ڕەخنە دەگرن لە کامڵا هەریس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و کاندیدی دیموکرات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، ئەمەش پاش ئەوەی هەریس ڕایگەیاند "ئێستا کاتی کۆتاییهێنانە بە شەڕی غەززە بەهۆی ئەو مەینەتیانەی لە بەرەنجامی ئەو شەڕەوە هاتوونەتە ئاراوە."

لێدوانەکانی کامڵا هەریس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەی دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ بەنجامین نەتەنیاهۆ، سەرەکوەزیری ئیسرائیل، ئاماژەن بە زیاتر کردنی فشارەکان لە زۆر ڕەهەندی سیاسییەوە بۆ سەر نەتەنیاهۆ بەو ئامانجەی بگاتە ڕێککەوتنێک لەگەڵ حەماسدا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە.

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لە لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکەیدا ڕایگەیاند "هەنگاوی هیوابەخش هەن لە وتووێژەکاندا بۆ گەیشتن بە سەودایەک و بە بەنجامین نەتەنیاهۆ، سەرەکوەزیرانی ئیسرائیلیشم ڕاگەیاندووە، ئێستا کاتییەتی ئەم ڕێککەوتنە بکرێت."

نەتەنیاهۆ داوای یارمەتی زیاتری سەربازی دەکات لە ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل و دەڵێت ئەوە باشترین ڕێگەیە بۆ جێگیرکردنەوەی ئاشتی لە غەززە و دڵنیابوون لە ئازادکردنی ئەو بارمتانەی لای حەماس دەستبەسەرن.
کاربەدەستێکی ئیسرائیلی بەبێ ئەوەی ناوی بهێنرێت وتوویەتی هیوادارە ئەو لێدوانانەی کامڵا هەریس لەلایەن حەماسەوە وەها لێکنەدرێنەوە کە بۆشایی و کەلێن هەن لە نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیلدا.

سەرۆک جۆو بایدن و هەروەهاش دانۆڵد ترامپ، کاندیدی فەرمی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، داوای کۆتاییهێنانێکی خێرایان کردووە بۆ شەڕی غەززە.

دوابەدوای هێرشە تیرۆریستییەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە مانگی دەی ساڵی ڕابردوودا کە تێیدا 1200 کەس کە زۆربەیان خەڵکی مەدەنی بوون کوژران و زیاتر لە 250 کەسیش لەوان منداڵ و ژن و بەساڵاچوو ڕفێنران بۆ کەرتی غەززە، ئیسرائیل لەگەڵیدا هێرشی کردە سەر غەززە بە ئامانجی لەناوبردنی حەماس و ئازادکردنی بارمتە ڕفێندراوەکان.

وەهاش بڕیارە ڕۆژی هەینی نەتەنیاهۆ لەگەڵ دانۆڵد ترامپدا کۆببێتەوە.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG