Accessibility links

زانیاری زیاتر لەسەر هێرشەکانی سەر هێڵەکانی شەمەندەفەر لە فەڕەنسا


لە فەڕەنسا هێرش دەکرێتە سەر تۆڕی شەمەندەفەرە خێراکان و ئەمەش ڕەوشێکی ئاژاوە ئامێزی هێناوەتە ئاراوە لەناو قەرەباڵغترین هێڵەکانی شەمەندەفەری وڵاتەکەدا.

ئەو هێرشەی ڕۆژی هەینی بەر لە دەستپێکی یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی 2024 بوو لە پاریس.

ئەو هێرشکردنە هاوکات بووە لەگەڵ گرتنەبەری ڕێوشوێنێکی گەورەی ئاسایشیی بە بەشداریی دەیان هەزار سەرباز و پۆلیسی وڵاتەکە بۆ پاراستن و ڕێگەگرتنیش لە هەر هەڕەشە و مەترسییەک لە فەڕەنسادا کە بییەوێت بێتە ئاراوە لە کاتی یارییەکانی ئۆڵۆمپیادا.

کۆمپانیای هێڵەکانی شەمەندەفەر کە دامەزراوەیەکی حکومەتی فەڕەنسایە، دەڵێت ئاژاوەگێران ئاگریان بەرداوەتە سندوقەکانی ئاماژەدان و ڕێنوماییەکان بە درێژایی ئەو هێڵەی پاریس دەبەستێتەوە بە شارەکانی وەک ڵیل لە باکور و بۆردۆ لە ڕۆژئاوا و ستراسبۆرگ لە ڕۆژهەڵاتی فەڕەنسا؛ هەروەها دەشڵێت شکست هێنراوە بە هێرشێکی تر بۆسەر هێڵی شەمەندەفەری پاریس مرسێل.

کاربەدەستان داوایان لە خەڵک کردووە، هەتا گەشتەکانیان دوابخەن.

هەر ڕۆژی هەینی دەستکراوە بە چاککردنەوەی وێستگەکان و ئەو بەشانەی ئاوریان تێبەردرابوو، بەڵام وەک کاربەدەستان دەڵێن "پێناچێت ئەو قەرەباڵغییەی ڕێگەوبانەکان تا کۆتایی پشووی هەفتە چارەسەر بکرێت، چونکە شەمەندەفەرەکان گەڕێندراونەتەوە بۆ وێستگە سەرەکییەکانی خۆیان."

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ کەس و لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی ڕانەگەیاندووە لەو هێرشە، هەروەها تا ئێستایش هیچ ئاماژەیەک لە ئارادا نییە کە بگوترێت مەبەستی سیاسیی لە پشت هێرشەکەوە بێت.

وەزیری گواستنەوەی فەڕەنسا دەڵێت "هەموو ئاماژەکان دەمانبات بەرەو ئەو ئاڕاستەیەی بڵێین، ئەوەی کراوە کارێکی تاوانکارییە."

کاربەدەستی یەکەمی ناوچەی پاریس دەڵێت "ئەو هێرشە هەروا بە ڕێکەوت نەبووە، بەڵکو هەوڵێک بووە بۆ تێکدانی سەقامگیریی فەڕەنسا."

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG