Accessibility links

ڕووسیا سزای درێژخایەن بۆ هاووڵاتیانی دەردەکات


ڕووسیا رۆژی هەینی،26ی مانگی حەوت سزای قورس بەسەر ژمارەیەک خەڵکدا دەسەپێنێت کە بە خیانەت و تیرۆر لە پەیوەند بە هێرشەکانی مۆسکۆوە بۆ سەر ئۆکراین، تۆمەتباری کردوون.

سزاکان جیاوازن و زۆرترینیان دەگاتە 22 ساڵ زیندانیکردن.

ڕووسیا لەوەتای ساڵی 2022 کە دەستیکرد بە هێرشەکەی بۆ سەر ئۆکراین کە بە "کردەیەکی تایبەتیی لەشکریی" ناودێری دەکات، دەیان داوای یاسایی تۆمارکردووە لەسەر ئەوانەی، مۆسکۆ دەڵێت "هاوکاریی ئۆکراین دەکەن، یان هەوڵ دەدەن بۆ بنکۆڵکردنی لەشکری ڕووسیا."

دادگایەکی لەشکریی لە مۆسکۆ، ڕۆژی هەینی بڕیاری زیندانیکردنی لەسەر دوو کەس داوە و دەڵێت "پیلانیان گێڕاوە بۆ تەقاندنەوەی ئەو تانکییانەی سوتەمەنییان هەڵگرتووە لە فڕۆکەخانەیەکی مۆسکۆدا و ئەو کارەیشیان لەسەر فرمانی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئۆکراین کردووە."

میخائیل دەری بە 22 ساڵ و ئێلیا کاسلۆڤ بە 15 ساڵ زیندانیکردن سزا دراون بە تۆمەتەکانی پەیوەندیدار بە تیرۆرەوە.

میدیا و دزگا هەواڵییە حکومییەکانی ڕووسیا بڵاویانکردووەتەوە کە ئۆکراین، بڕی 2000 دۆلاریان داوە بەو دوو تۆمەتبارە تا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشەکەیان بکەنە سەر عەمباری سوتەمەنی ئەو فڕۆکەخانەیەی مۆسکۆ.

ئەو دوو کەسە تۆمەتبار کراون بەوەی پەیوەندییان کردووە بە یەکەی ئازادی ڕووسیاوە کە یەکەیەکی جەنگاوەرانی لایەنگری ئۆکراینن و هاووڵاتیانی ڕوسیایی ئەندامن تیایدا و بە درێژایی ئەم ماوەی شەڕە، دژ بە هێزەکانی ڕووسیا لە ناوچە سنورییەکاندا جموجۆڵیان هەبووە.

دادگایەکی تری سەربازی لە شاری ڕۆستۆڤ ئۆندۆن، هەر ڕۆژی هەینی دوو کەسی تری تۆمەتبار کردووە بە هەوڵدان بۆ پەیوەندیکردن بەو یەکەیەی ئازادیی ڕووسیاوە و تاوانی پیلانگێڕیی خستۆتە پاڵیان هەروەهاش پەیوەندیکردن بە ڕێکخراوێکی تێرۆریستییەوە.

دادگا سەربازییەکەی مۆسکۆ، چەندان کەسی تریشی تۆمەتبار کردووە و سزای زیندانیکردنی قورسیشی بەسەردا سەپاندون.

سەرچاوە/AFP

XS
SM
MD
LG