Accessibility links

چیرۆکە ئازاربەخشەکانی ئالوودەبووانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێم وعێراق بە گشتی هەتا دێت زیاتر دەبن


ژمارەیەک دەستگیرکراو بە تۆمەتی ماددەی هۆشبەر لە بنکەیەکی پۆلیسی شاری بەسڕە
ژمارەیەک دەستگیرکراو بە تۆمەتی ماددەی هۆشبەر لە بنکەیەکی پۆلیسی شاری بەسڕە

کاتێک لەلایەن دادگای تاوانەکانی کەرکوک_گەرمیان سزای ساڵێک و حەوت مانگ زیندانیکردن بۆ ئالودەبوویەکی ماددەی هۆشبەر دەرکرا، پەیوەندی بە دایکییەوە کرد و هاواری کرد فریای بکەوێت، بەڵام دایکی جگە لە گریان و فرمێسک ڕشتن هیچی بۆ کوڕەکەی پێنەکرا.

ڕۆژی 22 ی مانگی حەوتی 2024، دادگای تاوانەکانی کەرکوک_گەرمیان ئالودەبوویەکی تەمەن 30 ساڵی بە ساڵێک و حەوت مانگ زیندانیکردن سزا دا، کاتێک دادگا سزاکەی پێڕاگەیاند، ئالوودەبووەکە کە ماددەی هۆشبەری لێبڕابوو، دوو مانگی لە زینداندا بەڕێکردبوو، هێندەی تر دووچاری شڵەژانی دەروونی بوو.

دایکی ئەم ئالوودە بووە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"دادگا کوڕەکەمی بە ساڵێک و حەوت مانگ سزا دا، ئەگەر 5 ملیۆن دینار غەرامە بدەین، ئەوا سزاکەی بۆ ساڵێک کەمتر دەکرێتەوە. کوڕەکەم دەگریا و هاواری دەکرد هەتا 5 ملیۆن دینارەکە پەیدا بکەم و سزاکەی بۆ ساڵێک کەم بکرێتەوە، بەڵام توانای ماددیم لاوازە و ناتوانم ئەو بڕە پارەیە دەست بخەم."

ئەم گەنجە تەمەن 30 ساڵە، 8 ساڵ لەمەوبەر ئالوودەی ماددە هۆشبەرەکان بووە و سەرەتا بە حەبی ترامادۆڵ دەستیپێکردووە، بەڵام خێزانەکەی دوای چەند ساڵێک و بە هەڵسوکەوتە نامۆکانی زانیوویانە لە ژێر کاریگەری هاوڕێکانیدا دووچاری ئالوودە بوون بووە.

دایکی لە درێژەی قسەکانی وتی،"کاتێک بە ئالوودەبوونی کوڕەکەمان زانی کار لەکار ترازابوو، درەنگبوو، ئێمەش دۆخی ماددیمان خراپبوو، توانامان نەبوو چارەسەری بکەین، بۆیە تەنها گریان و خەفەت بەشمانبوو."

بەپێی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بڵاوکرایەوە، عێراق خەریکە دەبێتە ڕێڕەوێکی هەرێمایەتی بۆ گواستنەوە و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان، بە جۆرێک لە ماوەی 5 ساڵی ڕابردوودا بازرگانیکردن بە حەبی کیپتاگۆن و میسامفیتامین بە تەواوی گەشەیکردووە.

بە پێی ڕاپۆرتەکە لە ساڵی 2023 لە عێراق، ژمارەیەکی پێوانەیی لە دەست بەسەرداگرتنی ماددەی هۆشبەر و بە تایبەت حەبی کیپتاگۆن تۆمار کراوە و دەستگیراوە بەسەر 24 ملیۆن حەبدا کە بەهاکەی بە 84 ملیۆن دۆلار خەمێڵێنراوە.

ماددەی هۆشبەر بە جۆرێک لە عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوبووەتەوە، کەم ڕۆژ هەیە دەزگا ئەمنییەکان دەستگیرکردنی بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر ڕانەگەیەنن.

بەپێی ئامارێکی فەرمی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە ماوەی مانگەکانی سێ و چواری ساڵی 2024 دا، دەستگیراوە بەسەر نیو تۆن ماددەی هۆشبەرو 750 کیلۆگرام حەبی بێهۆشکەردا، هەروەها دەستگیراوە بەسەر 349 پارچە چەکی گروپەکانی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەردا.

هەر بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە ماوەی ئەو دوو مانگەدا نزیکەی 3 هەزار فرۆشیار و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون، لەلایەن دادگاکانی عێراقیشەوە سزای لەسێدارەدان و سزای زیندانیکردنی هەمیشەیی بۆ 1500 بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەرکراوە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی بەرپرس لە کەرکوک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ناوەڕۆکی دۆسیەی ئالوودەبوویەکی ماددەی هۆشبەری بۆ دەنگی ئەمەریکا خستەڕوو، کە ئالوودەبووەکە تەمەنی 16 ساڵ بووە و باوکی لەسەر جگەرە کێشان لێیداوە.
بەپێی وتەی سەرچاوە ئەمنییەکە، گەنجەکە دوای لێدانی لە لایەن باوکییەوە ڕۆیشتووەتە دەرەوە و شەو لە گەراجێکدا خەوتووە، لەوێ کەوتووەتە داوی تۆڕەکانی فرۆشتنی ماددەی هۆشبەرەوە و فریویان داوە.
سەرچاوە ئەمنییەکە دەڵێت،"دواتر کاتێک گەنجەکە داوای ماددەی هۆشبەری لەوانە کردووە کە دووچاری ئالوودە بوونیان کردووە، پێیان نەداوە و داوای پارەی زۆریان لێکردووە و کوڕەکەش نەیبووە. بۆیە پارەی ساختەیان لە بازاڕدا پێ ساغ کردووەتەوە و کاری دزیکردنیان پێ ئەنجامداوە و بەم جۆرە ماددەیان پێداوە، هەتا دواجار گەنجەکە دەستگیرکرا و سزا درا."

هەروەها وتیشی،"ئەوانەی ماددەی هۆشبەر بڵاودەکەنەوە ناوی خوازراو لە خۆیان دەنێن و لە جێگەیەکدا نامێننەوە، هەتا ئاشکرا نەبن و نەکەونە نێو بۆسەی دەزگا ئەمنییەکانەوە."

گەورەترین گرفتی ئەو خێزانانەی بەدەست ئالوودەبووی ماددەی هۆشبەرەوە دەناڵێنن، نەبوونی سەنتەری چارەسەرکردنی ئالوودەبووان و شاردنەوەی گرفتی ئالوودەبووەکانە لە خەڵکی، ئەمەش لە پێناو دەربازکردنیان لە سزا و پاراستنی ئابڕووی خێزانەکانیان.
باوکی ئالوودەبوویەکی ماددەی هۆشبەر توانیوویەتی بە نهێنی کوڕەکەی چارەسەر بکات و بێگەڕێنێتەوە بۆ نێو کۆمەڵگا، ئەمەش وەک خۆی دەڵێت بە بڕیارێکی بە کۆمەڵ لەگەڵ کچ و کوڕەکانی.

ئەم باوکە بە دەنگی ئەمەریکای وت،"کوڕەکەم لە تەمەنی 23 ساڵیدا ئالوودەبوو، بەڵام درەنگ پێمانزانی و لە 29 ساڵیدا چارەسەرمان کرد. کچ و کوڕەکانم خوێنەوار و خاوەن بڕوانامەن، کاتێک بە کوڕەکە ئالوودەبووەکەمان زانی، بڕیارێکی بە کۆمەڵمان دا بۆ چارەسەر کردنی و بردمانە لای پزیشک."

هەروەها وتیشی،"پزیشک چارەسەری بۆ دانا و لە ماڵێکی خۆماندا دەست بەسەرمان کرد، گرفتی گەورەمان ئەوەبوو کاتێک چارەسەرمان پێدەدا دووچاری تەنگە نەفەسی دەبوو، بەڵام دواجار ئەو قۆناغە دژوارەمان تێپەڕاند. ئێستا کوڕەکەم خێزاندارە و 3 منداڵیشی هەیە."

بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان ئاماژەبەوەدەکەن، عێراق و هەرێم بووەتە ڕێڕەوی گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر لە وڵاتانی ئێران و پاکستانەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا، ئەمەش وایکردووە ماددەی هۆشبەر بە خێرایی بڵاوببێتەوە.

عەقید عەلی قەدوری، پلەداری باڵای پۆلیس و شارەزا لە بواری بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەزگا ئەمنییەکان هەڵمەتێکی چڕیان بۆ دەستگیرکردنی بازرگان و بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر دەستپێکردووە."

ئەو دەڵێت،"تۆمەتبارێکی زۆری ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون و باندەکانیش ژمارەیان زۆرن، بەڵام بنبڕکردنی ماددەی هۆشبەر هەوڵی گەورەی دەوێت. جۆرەها تاوانی دزی و کوشتن لە عێراق و هەرێم لە ژێر کاریگەری ماددەی هۆشبەر ئەنجام دەدرێت."

گەورەترین گرفتی ئەو خێزانانەی نەوەکانیان دووچاری ئالوودەبوون دەبن، نەبوونی سەنتەری چارەسەرکردنی ئالوودەبووانە لە هەرێمی کوردستان. بەپێی وتەی بەرپرسانی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم سەرقاڵی کردنەوەی سەنتەرێکی چارەسەرن لە هەولێر، لە داهاتووشدا لە ناوچەکانی تری هەرێم هەنگاو بۆ کردنەوەی سەنتەر دەنێن.

دایکی ئەو گەنجە 30 ساڵەی ئالوودە بووە، ئەویش دەڵێت،"لە کوردستان سەنتەری چارەسەرکردنی ئالوودەبووان نییە، دەبێت کوڕەکەم ببەمە دەرەوەی وڵات و شەش مانگ بۆ چارەسەرکردنی بمێنمەوە، ئەمەش تێچوویەکی زۆری دەوێت."

بە ڕای شارەزایان، ئەگەر یاساکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەمواربکرێن و تیایاندا بچەسپێنرێت ئالوودەبووان وەک نەخۆشیش تەماشا بکرێن نەک تەنیا تۆمەتبار، ئەوا شیانی هەیە ژمارەیەکی زۆری ئالوودەبووان ڕوو لە نەخۆشخانەکان بکەن و داوای بەهاناچوون و چارەسەر بکەن.

XS
SM
MD
LG