Accessibility links

ئیسرائیل: هێرشە کوشندەکەی حزبوڵا بە کەڵک وەرگرتن لە مووشەکی ئێران ئەنجامدراوە


دانیال هاگاری وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەو یاریگای تۆپی پێی منداڵانە کە لەلایەن حزبوڵاوە هێرشی کرایە سەر، ڕایگەیاند کە هێرشەکە بە کەڵک وەرگرتن لە مووشەکی "فەلەق 1" دروستکراوی ئێران ئەنجام دراوە.

بە وتەی ناوبراو ئەو موشەکە "ئێرانییە و لە ئێران دروستکراوە و 50 کیلۆ ماددەی تەقەمەنی هەڵدەگرێت".

وتەبێژی سوپای ئیسرائیل باسی لەوەشکرد موشەکی فەلەق 1 تەنها لەلایەن حزبوڵای لوبنانەوە بەکاردێت و موشەکەکەش لە ناوچەی شەعبا لە باشووری لوبنانەوە ئاراستەی ئیسرائیل کراوە.

هاگاری ئاماژەی بەوەشکرد ژمارەی ئەو کەسانەی لەو هێرشە مووشەکییەدا گیانیان لەدەستداوە بۆ 12 کەس زیادیکردووە.

وتەبێژی سوپای ئیسرائیل کەمێک پێشتر پشتڕاستی کردبووەوە کە حزبوڵای لوبنان بەرپرسیارە لەو هێرشە و هەر 12 هاووڵاتی ئیسرائیلی کە کوژراون منداڵ و نەوجەوان بوون کە تەمەنیان لە نێوان 10 بۆ 20 ساڵدایە.

بە وتەی ناوبراو، کوژراوەکان لەکاتی یاری تۆپی پێدا بە موشەکێکی حزبوڵا کراونەتە ئامانج.

وتەبێژی سوپای ئیسرائیل هێرشەکەی حزبوڵای بە "ڕووداوێکی جددی" ناوبرد و ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل "بە شێوەیەکی گونجاو" وەڵامی دەداتەوە.

پابەندبوونی نەگۆڕی ئەمەریکا بە ئاسایشی ئیسرائیلەوە

لە یەکەم کاردانەوەی فەرمی حکومەتی ئەمەریکادا بەرامبەر بە هێرشە کوشندەکەی حزبوڵای لوبنان بۆ سەر باکووری ئیسرائیل کە تێدا 12 کەس کوژراو و زیاتر لە 30 برینداری لێکەوتووەتەوە، وتەبێژێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا ئەو هێرشە "ترسناکە"ی سەرکۆنە کرد.

ناوبراو لە بەیاننامەکەدا وتی "پابەندبوونی ئێمە بە ئاسایشی ئیسرائیل لە بەرامبەر ئەو گرووپە تیرۆریستییانەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانیان لێدەکەن، لەوان حیزبوڵا، ئاسنین و نەگۆڕە."

ناتانیاهۆ: حزبوڵا باجێکی قورس دەدات

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ شێخ مەوەفەق تەعریف، سەرکردەی ڕۆحی کۆمەڵگەی دروزەکان لە ئیسرائیل، سەرەخۆشی خۆی بۆ کوژرانی منداڵ و بێتاوانی دروزەکان بە هۆی هێرشی حزبوڵاوە دەربڕی.

لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا نەتانیاهۆ ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل بە سادەیی لەم هێرشە تێناپەڕێت و حزبوڵا باجێکی قورسی بۆ دەدات کە تا ئێستا نەیداوە.

کاتز: ئیسرائیل لە ساتەوەختی شەڕێکی تەواو نزیک دەبێتەوە

ئیسرائیل کاتز، وەزیری دەرەوەی ئێسرائیل ڕایگەیاند حزبوڵا بەم کارە "هەموو هێڵە سوورەکانی" پێشێل کردووە.

ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل ڕوونی کردەوە کە هێرشی حزبوڵا کردەوەی سوپایەک دژی سوپایەکی تر نییە، بەڵکو هێرشی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی حکومەتی ئێرانە بۆ سەر خەڵکی مەدەنی و منداڵان.

کاتز هۆشداریدا لەوەی ئیسرائیل "لە ساتەوەختی شەڕێکی تەواو دژی حزبوڵا و لوبنان نزیک دەبێتەوە."

بەڵێنیدا حەسەن نەسروڵڵا و حزبوڵای لوبنان لەم شەڕەدا لەناو دەچن و لوبنان زیانی قورسی پێدەگات.

ناوبراو داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد پێش ئەوەی درەنگ بێت، سزای قورس بەسەر حزبوڵادا بسەپێنن.

XS
SM
MD
LG