حکومەتی عێراق لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆتایی بە ئەرکی هێزەکانی میحوەری باکوری عێراقی حەشدی تورکمانی هێنا کە پێشتر لەلایەن بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە گومانی ئەوەیان لێدەکرا لە پشت بۆردومانکردنی کێڵگەی گازی ستراتیژی کۆرمۆرەوە بن.
بەرپرسێکی ئەو هێزە بە دەنگی ئەمەریکای وت بەغدا هێزەکەیانی خستۆتە سەر فەرماندەی ڕۆژهەڵاتی دیجلە کە سەر بە وەزارەتی بەرگری عێراقە.
هەرچەندە بۆردومانەکانی چەند ساڵی ڕابردووی کێڵگەی گازی کۆرمۆر بەیەکێک لە هۆکارەکانی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی تورکمانی دادەنرێت، بەو پێیەی دوای هێرشەکەی مانگی چواری ئەمساڵی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر حکومەتی عێراق لیژنەی پێکهێنا، بەڵام بەرپرسانی تورکمان تێوەگلانیان لەو هێرشانە ڕەتدەکەنەوە.
شێخ عسام وەنداوی، راوێژکاری میحوەری باکوری عێراقی حەشدی تورکمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەو هێرشانەی بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە ناوچەی قادرکەرەم ئەنجامدران پەیوەندیان بە حەشدی تورکمانییەوە نەبوو، بە پێچەوانەوە حەشدی تورکمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و ئەوانەی لە سنورەکانی دەرەوەی عێراقەوە هاوردەکران دامەزرێنرا."
شێخ عسام وەنداوی دەڵێت، "پاراستنی دامەزراوە دەوڵەتییەکان ئەرکمانە گەر لەناوچەی قادرکەرەم بێت یان لەکەرکوک و جیاوازی ناکەین لە نێوان دامەزراوەکاندا، ئامانجمان پاراستنی دامەزراوەکانە نەک هێرشکردنە سەر دامەزراوە دەوڵەتییەکان و لێدان لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر."
لەڕۆژی 26ی چواری 2024، بۆ چەندەمین جار لە ڕێگەی فرۆکەی بێ فڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە کێڵگەی گازی کۆرمۆر کە بە سەرچاوەی سەرەکی دابینکردنی غاز و کارەبای هەرێمی کوردستان دادەنرێت بۆردومانکرا. جگە لەو زیانانەی بەر کێڵگەکە کەوت، 4 کارمەندی بیانی گیانیان لەدەستدا و چەند کارمەندێکی تریش برینداربوون.
ئەوەی گومانی لای بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بۆ تۆمەتبارکردنی حەشدی تورکمانی دروستکردبوو، نزیکی کێڵگەی گازی کۆرمۆرە لە ناوچەکانی باشوری کەرکوک و قەزای خورماتو کە لە ژێر کۆنترۆڵی حەشدی تورکمانیدان.
راوێژکاری میحوەری باکوری عێراقی حەشدی تورکمانی، لەو بارەیەوە دەڵێت، "میحوەری باکوری حەشدی تورکمانی ئەرکیەتی پارێزگاری لەهەموو دامەزراوە ئابوورییەکان بکات لە ناوچەکەدا."
کۆتایی هێنان بە ئەرکەکانی حەشدی تورکمانی کە هێزێکی سەربە حەشدی شەعبین، بەرپرسانی تورکمانی شیعەی نیگەرانکردووە، بەو پێیەی پێشتر باشوری کەرکوک و قەزای خورماتو لە ژێر کۆنترۆڵیاندا بووە و لەمەودوا ڕۆڵی سوپا و پۆلیس لەو ناوچانە بەهێز دەکرێت.
شێخ عسام وەنداوی، راوێژکاری میحوەری باکوری عێراقی حەشدی تورکمانی، نیگەرانی خۆی لە بڕیارەکەی حکومەتی عێراق دەربڕی و وتی، "کۆتایی هێنان بە ئەرکی حەشدی تورکمانی لە میحوەری باکور مەسەلەیەکی تەواو سیاسییە."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ی مانگی حەوتی 2024، بەشێک لە هێز و لایەنگرانی حەشدی تورکمانی دژی بڕیارەکەی حکومەتی عێراق خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و ڕێگەی نێوان پارێزگای کەرکوک و بەغدای پایتەختی عێراقیان بڕی.
حەشدی تورکمانی لە ساڵی 2014 لەلایەن بەرپرسانی تورکمانی شیعەی کەرکوک و سەڵاحەدینەوە دامەزرێنرا، لەوکاتەوە هەتا ئێستا هێزەکە لە ناوچەکانی باشوری کەرکوک و قەزای خورماتو و هەندێک ناوچەی پارێزگای سەڵاحەدین باڵادەستن.
سەرچاوەیەکی سیاسی کوردی ئاگادار لە بڕیارەکەی حکومەتی عێراق کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "حکومەتی عێراق لە مامەڵەی هێزە تورکمانییەکە لە ناوچەکانی کەرکوک و سەڵاحەدین نیگەرانە، بۆیە لەگەڵ هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی دیجلە یەکیخستن، هەتا چیتر دوو جەمسەری نەمێنێت و لە ژێر یەک چەتردا کاربکەن."
هاوکات لەگەڵ کۆتایی هێنان بە ئەرکەکانی حەشدی تورکمانی و تێکەڵکردنی لەگەڵ میحوەری ڕۆژهەڵاتی دیجلە، حکومەتی عێراق بڕیاریداوە بە لابردنی ئەبو ڕەزا نەجار فەرماندەی هێزەکە لە پۆستەکەی.
شێخ عسام وەنداوی دەڵێت، "حەشدی تورکمانی لەکاتی دروستکردنی حەشدی شەعبی و لەسەر بنەمای فەتوای مەرجەعیەت پێکێنراوە، هەزاران شەهید و برینداری لە پێناو شاری کەرکوک و یەکگرتوویی عێراق داوە. جێی پرسیارە کە بۆچی لەمکاتە هەستیارەدا و هاوکات لەگەڵ هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی حەشدی تورکمانی و تێکەڵکردنی لەگەڵ هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی دیجلە دراوە."
لە کۆتایی ساڵی 2014 هەتا مانگی دەی ساڵی 2017، بەردەوام شەڕی قورس لە نێو قەزای خورماتوی پارێزگای سەڵاحەدین لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و حەشدی تورکمانی ڕوویدەدا و بە سەدان کەس لە هەردوولا کوژران و برینداربوون.