وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بە توندی وەڵامی لێدوانێکی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا سەبارەت بە ئیسرائیل دەداتەوە و هەڵوێستەکانی بە هاوشێوەی ئەوانەی سەدام حسێن وێنا دەکات.
ئیسرائیل کاتز، ڕۆژی دووشەممە لە نووسینێکیدا لەسەر پێگەی ئێکس (تویتەر) دەڵێت،" ئەردۆغان شوێنپێی سەدام حسێن دەکەوێت و هەڕەشەی پەلاماردانی ئیسرائیل دەکات. تەنیا ئەوەی بیربێت ئەوێ چی بەسەرهات و بە چی کۆتایی هات."
ئەردۆغان پێشتر ڕۆژی دووشەممە لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی پارتەکەی (ئاکەپە) لە پارێزگای ریزە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی تورکیا، وتی دەبێت تورکیا زۆر بەهێزبێت بۆ ئەوەی ئیسرائیل نەتوانێت وەها لە فەلەستینییەکان بکات، هەر وەک چۆن چووینە قەرەباغ و لیبیا دەتوانین هەمان شت بکەین."
ئەم لێدوانەی سەرۆکی تورکیا ناڕەزایـیەکی زۆری لێکەوتەوە و بە تایبەتی لەلایەن ئیسرائیلییەکانەوە.
یائیر لاپید، ڕێبەری ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل ئەویش لە پێگەکەی لەسەر ئێکس نووسیویەتی،" سەرۆک ئەردۆغان جارێکی دیکە زۆر دەڵێت و وڕێنەدەکات. ئەو جێی مەترسییە بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دەبێت جیهان و بە تایبەتی ئەندامانی ناتۆ بە توندی ئەم هەڕەشە توندانەی دژی ئیسرائیل سەرکۆنە بکەن و ناچاری بکەن کۆتایی بهێنێت بە پشتیوانیکردنی حەماس. هەڕەشە لە دکتاتۆر قبوڵ ناکەین."
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیاش وەڵامی ئیسرائیلییەکان دەداتەوە و دەنووسێت،"سەرۆکەکەمان بووەتە دەنگی ویژدانی مرۆڤایەتی، و ناوەندەکانی زایۆنزمی جیهانی و بە تایبەتی ئیسرائیل کە دەیەوێت ئەم دەنگی حەقە سەرکوتبکات، هەست بە نیگەرانییەکی زۆر دەکەن. مێژوو بە هەمان شێوە کۆتایی هاتووە بۆ هەموو ئەوانەی جینۆسایدیان ئەنجام داوە و ئەوانەشی پشتیوانیان کردوون."
ئەمە یەکەم جارە سەرۆکی تورکیا لێدوانێکی لەو جۆرە لە دژی ئیسرائیل بدات و ئیسرائیلییەکان بە هەڕەشەیەکی گەورە لە دژی وڵاتەکەیانی دەبین.