دوای ئەوەی دوێنێ هەواڵی ڕاکردنی "ژنێک" لە زیندانی چاکسازی و منداڵانی سلێمانی بڵاوکرایەوە، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ئەو کەسە کە تەمەنی 16 ساڵە هاوکاری نەکراوە بۆ ئەوەی ڕابکات، بەڵام "کەمتەرخەمی هەیە" و بەڵێنی سەپاندنی سزای قورسی دا بۆ ئەو بەرپرسانەی زیدان کە کەمتەرخەم بوون.
دوێنێ 28ی مانگی حەوت هەواڵی ڕاکردنی "ژنێک" لە زیندانی چاکسازی و منداڵانی سلێمانی بڵاوکرایەوە. ئەمڕۆ دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند دوای کەمتر لە 24 کاتژمێر لە شاری سلێمانی دەستگیرکراوەتەوە.
کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کارووباری کۆمەڵایەتی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەو ژنەی ڕایکردووە تەمەنی تەنها 16 ساڵە، ئەوەی ئێمە دەیزانین ئەوەیە ئەو ژنە هاوکاری نەکراوە بۆ ئەوەی ڕابکات، بەڵام کەمتەرخەمی هەیە و بۆ ئەوەش دەستبەجێ لیژنەی لێکۆڵینەوەمان پێکهێناوە، هەرکەسێک کەمتەرخەمبێت بە توندترین شێوە سزای دەدەین."
وتیشی،" ئێمە دڵنایی دەدەین کە ئیتر سزادراوان ڕاناکەن و ئەم دۆسیانە دووبارە نابنەوە."
وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی بە ئاماژەکردن بە هۆکاری باری ئاسایشی و جێهێشتنی دۆسیەکە بۆ دادگا ئامادەنەبوو لێدوانی زیاتر بدات.
بەرپرسانی پەیوەست بە دۆسییەکە هیچ زانیارییەکی زیاتریان لەسەر ناسنامەی کەسەکە و شێوەی دەرچوونی لە زیندانەکە بڵاونەکردۆتەوە، بەڵام ئاسایش دەڵێت لەسەر ئەم کەیسە شەس کەسیان دەستگیرکردووە.
فوئاد جەزا، بەڕێوەبەری چاکسازی ژنان و منداڵانی سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "کەمێک لەمەوبەر ئەو ژنەمان دەستگیرکردەوە کە دوێنێ ڕایکردبوو، ژنەکە لە پارکی هەواری شاربوو، لەوێ دەستگیرمان کردەوە."
لە بەیاننامەیەکیدا دەزگای ئاسایشی هەرێمیش دەستگیرکردنەوەی ژنەکەی پشتڕاستکردەوە و دەڵێت "ژنەکە هاوکاری کراوە لە شاردنەوەی."
لە بەیاننامەکەی دەزگای ئاسایشدا هاتووە، "ئێوارەی دوێنی ڕۆژی 28ی مانگی حەوت دوای ئەوەی ڕاگیراوێکی زیندانی چاکسازی سلێمانی هەڵهات، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی توانرا لەماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێر لەشاری سلێمانی دەستگیربکرێتەوە، کە شەش تۆمەتبار هاوکاری بوون لە حەشاردانی و گواستنەوەی و لە ئێستادا سەرجەمیان دەستگیرکراوان و ڕادەستی یاسا کران."