وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕۆژی چوارشەممە گوتی ئەمەریکا دەستی لە کوشتنی ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس نەبووە و جەختی لەسەر گرنگی ئاگربەست لە غەززە کردەوە.
بلینکن لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاسیا نیوز لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ سەنگاپور گوتی "ئەمە شتێکە کە ئێمە ئاگاداری نەبووین و دەستی ئێمەشی تێدا نییە، و زۆر قورسە پێشبینی بکەین."
هەروەها لە مانێلای پایتەختی فلیپین ڕۆژنامەوانان پرسیاریان لە وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوید ئوستن کرد سەبارەت بە کوژرانی هەنیە ڕێبەری حەماس، ئوستن لە وەڵامدا گوتی "بەڵێ ئەو هەواڵەمان بیستووە بەڵام هیچ زانیارییەکم نییە کە قسەی لەسەر بکەم."
هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی نەگرتووەتە ئەستۆ، بەڵام گومان دەکرێت ئیسرائیل هێرشەکەی ئەنجام دابێت، بەو پێیەی پێشتر بەڵێنی دابوو هەنیە و سەرکردەکانی تری حەماس لەناو ببات بەهۆی هێرشەکەی 7 ی مانگی دەی رابردوو بۆ سەر ئیسرائیل کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 1200 کەس و بە بارمتەگرتنی 250 کەس.
سەرچاوە: ڕۆیتەرز