لەشکری ئیسرائیل دەڵێت زانیاری هەواڵگرییان پێگەیشتووە کە محەمەد ئەلضەیف، فەرماندەی باڵی سەربازی حەماس لە بۆردومانەکەی 13 ی مانگی حەوتی 2024 بۆ سەر حەشارگەیەکی حەماس لە خان یونس کوژراوە.
ئەڤیخای ئەدرعی وتەبێژی لەشکری ئیسرائیل بە زمانی عەرەبی لەسەر پێگەی ئێکس ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە و لەگەڵیدا ڕایگەیاند، محەمەد ئەلضەیف کەسی دووەمی حەماس بووە و یەکێک بووە لەوانەی نەخشەی هێرشە خوێناوییەکەی 7 ی مانگی دەی ساڵی ڕابردووی داڕشتووە و هەروەها پێشتر دەستی هەبووە لە چەندین کاری تێرۆرستی لە ناوچەکانی یەهودا و سامیرە و ناوچەی دیکەی ئیسرائیل.
دەشڵێت ناوبراو لەگەڵ ڕافع سەلامە فەرماندەی لیوای خان یونسی حەماس بووە، ئەوەی پێشتر هەواڵی کوژرانی پشتڕاستکرایەوە.
یۆئاڤ گالانت وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئەویش لای خۆیەوە نووسیویەتی "کۆتاییمان هێنا بە بن لادنی غەززە" و ئەمەش بۆخۆی نیشانەیەکی گرنگە بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەماس وەک دەسەڵاتێکی سەربازی و حوکمڕانی لە غەززە.
وتیشی لەشکری ئیسرائیل پشوو نادات هەتا ئەرکی خۆی بە تەواوی جێبەجێ دەکات لە ڕاوەدونانی نەخشەداڕێژەران و ئەنجامدەرانی کوشتنکارییەکەی 7 ی مانگی دەی ساڵی ڕابردوو.
هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، حەماس کوشتنی محەمەد ئەلضەیفی پشتڕاست نەکردووەتەوە.