Accessibility links

سەرچاوەکان دەڵێن ئێران و گرووپەکانی سەر بە تاران کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر تۆڵەسەندنەوە لە ئیسرائیل


پێنج سەرچاوە بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاند بەرپرسانی باڵای ئێران ڕۆژی پێنجشەممە کۆدەبنەوە لەگەڵ ئەو گروپانەی کۆمەک و پشتیوانیان دەکەن لە لوبنان و عێراق و یەمەن بۆ تاوتوێکردنی چۆنیەتی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنییە لە تاران.

ئەم سەرچاوانە کە بەهۆی هەستیاریی بابەتەکەوە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێن، ڕایانگەیاند نوێنەرانی حەماس و جیهادی ئیسلامی فەلەستینییەکان و بزووتنەوەی حوسییەکانی یەمەن، حزبوڵڵای لوبنان و گرووپە چەکدارەکانی عێراق ئەوانەی تاران پشتیوانییان دەکات، بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن کە لە تاران بەڕێوەدەچێت .

بەرپرسێکی باڵای ئێران کە ئاگاداری ڕاستەوخۆی ئەم دانیشتنەیە گوتی: "دوای کۆبوونەوەی تاران، ئێران و گرووپەکانی پشتیوانیان لێ دەکات هەڵسەنگاندنێکی تەواو دەکەن بۆ دۆزینەوەی باشترین و کاریگەرترین ڕێگا بۆ وەڵامدانەوەی ئیسرائیل."

بەرپرسێکی دیکەی ئێرانی ڕایگەیاند ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران و ئەندامانی باڵای سوپای پاسداران لەم کۆبوونەوەیەدا بەشداری دەکەن.

محەمەد باقری سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە بە تەلەفزیۆنی فەرمی دەوڵەتی ڕاگەیاند " چۆنیەتی وەڵامدانەوەی ئێران و بەرەی بەرگری لە ئێستادا تاووتوێ دەکرێت، بەدڵنیاییەوە ئەمە ڕوودەدات و بێگومان ئیسرائیل پەشیمان دەبێتەوە."

ئێران و حەماس ئیسرائیلیان بە ئەنجامدانی ئەو هێرشە تۆمەتبار کرد کە بووە هۆی کوژرانی هەنیە، چەند کاتژمێرێک پاش ئەوەی بەشداری لە مەڕاسیمی سوێندخواردنی سەرۆکی نوێی ئێران لە تاران کرد.

تۆمەر بار، فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل شەوی چوارشەممە لە ئاهەنگی دەرچوونی سەربازی لە ئیسرائیل هۆشداری دا لەوەی ئیسرائیل ڕێوشوێن بەرامبەر هەرکەسێک دەگرێتەبەر کە زیان بە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی بگەیەنێت.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG