Accessibility links

بەڵێندەرانی سلێمانی: خۆپیشاندان دەکەین بۆ داواکردنی مافەکانمان گەر گوێمان لێنەگیرێت دەچینە بەغدا


بەشێک لە بەڵێندەرانی سلێمانی بە مەبەستی خەرجکردنی پارەکانیان لە بانکەکانی هەرێمدا خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و دەڵێن، ماوەی دە ساڵە "غەدریان" لێدەکرێت و حکومەت وەڵامیان ناداتەوە، بۆیە ئەگەر داواکاریەکانیان جێبەجێ نەکرێت بە ڕێگەی یاسایی لە ڕێگەی بەغدادەوە هەوڵ دەدەن کێشەکانیان چارەسەر بکەن.

کاروان حسێن، نوێنەری بەڵێندەرانی ناڕازی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئێمە خۆپیشاندان ئەکەین و داوای ئەوکۆت و بەندانە دەکەین کەلەسەرمان دانراوە و لاببرێت، ئێمە وەک بەڵێندەران پێشینەمان وەرگرتووە و لەسەر حسابەکەمانە، بەڵام ناتوانین بە پارە وەریگرین یان بۆ پرۆژەی تر بەکاری بهێنین یان بیگوازینەوە بۆ حسابی تر و ڕێگەمان نادەن، ئەم کێشەیە دەستی بەڵێندەرانی گرتووە کە نەتوانین هیچ پرۆژەیەک جێبەجێ بکەین بۆیە خۆپیشاندان دەکەین و داوای مافەکانمان دەکەین."

وتیشی،" ئەگەر کێشەکانمان بەم ڕێگەیە چارەسەر نەکرێت ڕێگای تر دەگرینە بەر لە ڕووی یاساییەوە ڕوودەکەینە بەغداد، یاخود وەکو خۆم هەرچی پرۆژە تەواو نەکراوەکانی شارە روێنەی دەگرم و هەڵی دەواسم لە ڕۆژی هەڵبژاردندا، پێشتر لەبار خاتری نەبوونی پارە و مووچەخۆران بێدەنگ بووین، بەڵام ئێستا کە کێشەی پارە و مووچە چارەسەر کراوە بۆ کێشەکانی ئێمەش چارەسەر ناکەن؟"

ئەو بەڵێندەرە ڕاشیگەیاند،" بەشێک لە پرۆژەکان لە سەدا 90 تەواو بووە، بەڵام حکومەت لێی بێ باکە و وەستاوە."

وا بڕیارە ڕۆژی سێ شەممە 6ی مانگی هەشت کۆمەڵێک لە بەڵێندەرانی سلێمانی کە بە قسەی خۆیان ژمارەیان لە نێوان 700 بۆ 1000 بەڵیندەر دەبێت لە بەردەم بانکی ناوەندی هەرێم خۆپیشاندان ئەنجام بدەن، بە مەبەستی ناڕەزایەتی سەبارەت بە خەرج نەکردنی پارەی ئەو پرۆژانەی پێشتر تەندەرەکیان دراوە بە بەڵیندەران، بەڵام بە هۆی پێنەدانی پارە لەلایەن حکومەتەوە بەشێک لە پرۆژەکان تەواونەبوون و بەشیکیشیان پێش دەستپێکردن وەستاون.

کێشەی بەڵێندەران پەیوەستە بە سەرهەڵدانی قەیرانی داراییەوە لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2014، ئەوکات بە هۆی نەبوونی پارەوە نەتوانرا پارەی بەڵێندەران خەرج بکرێت، هەرچەندە حکومەت لە بەرامبەر پارەکانیان چەکی ڕادەستی بەڵێندەران دەکرد، بەڵام بە قسەی خۆیان ناتوانن چەکەکانیان بکەنە پارە.

بە هۆکاری نەبوونی پارە لە بانکەکاندا ژمارەیەکی زۆر لە پرۆژەکان پەکیان کەوتووە و بەشێکیشیان نەخراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بە پێی زانیارییەکانی دەنگی ئەمەریکا تەنها لە سنوری پارێزگای سلێمانی 1320 پرۆژە پەکی کەوتووە. هەرچەندە لە ساڵی 2016 هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی بەڵێندەران درا، بەڵام جارێکی تر لە ساڵی 2019 کێشەکانیان دەستی پێکردەوە.

ساڵی 2022 دەنگی ئەمەریکا لە زاری جێگری سەرۆکی یەکێتی بەڵیندەرانی سلێمانیەوە، مایە پووچ بوونی 900 کۆمپانیای تەنها لە شاری سلێمانی بڵاو کردەوە.

وێڕای جەختکردنەوەی بەڵێندەران لە خۆپیشاندان و چەند ڕێکارێکی تر، بەڵام یەکێتی بەڵێندەران پشتگیری خۆپیشاندانەکەی ئەو بەڵیندەران ناکەن.

محەمەد عەتا جێگری سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتی بەڵێندەرانی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" داواکاری ئەو بەڵیندەرانە لە ڕێگەی ئێمەوە نەگەیەندراوە، بۆیە پشتیوانی خۆپیشاندانەکەیان ناکەین."

بەڵام نوێنەری بەڵێندەرە ناڕازیەکان دەڵێت،" پێشتر ڕوومان کردۆتە یەکێتیەکە و داواکاریەکانمان جێبەجێ نەکراوە، بۆیە وێرای نیگەرانیمان لەوەی پشتیوانی داواکانمان ناکەن، بەڵام ڕەنگە فشاری حزبیان لەسەر بێت."

دەنگی ئەمەریکا لەسەر بەدواداچوون لەسەر ئەم دۆسیەیە پەیوەندی کرد، بە بەرپرسانی حکومەتی هەرێم، سەرچاوەیەک لە بانکی ناوەندی هەرێم، کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" داواکاری ئەو بەڵیندەرانە ڕەوایە و ئێمە پشتیوانیان لێدەکەین، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانیشیان وا بڕیارە سبەی 5ی مانگی هەشت لەگەڵیاندا دابنیشین و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانیان بدەین."

کێشەی نەبوونی پارە و خەرج نەکردنی بۆ بەڵێندەران تەنها پەیوەست نییە بە شاری سلێمانیەوە، بەڵکو هەموو بەڵێندەرانی هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە لە پارێزگا جیاوازەکان، بەڵام لە ئێستادا تەنها بەڵێندەرانی سلێمانی هەڵوێستیان وەرگرتووە.

ئەم ڕێکارانە لەسەرەتای قەیرانی داراییەوە دە ساڵ بەر لە ئێستا دروست بوون لەوکاتەوە ئێمە دەناڵێنین بەدەست ئەم قەیرانانەوە لەبەر ئو بابەتەو و کێشی مووچە بێدەنگ بووین، بەڵام ئێستا کە مووچە هەیە و کێشی دارایی نەماوە بۆ کێشەکانی ئێمە حەل ناکەن و پارەکانمان نادەنەوە، لە بانکەکان لیستێک هەیە ناوت ئەنووسیت بۆ راکێشانی پارە بەڵام ناومان نایەتەوە

XS
SM
MD
LG