وا هەشت مانگ تێپەڕدەبێت بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، هێشتا حکومەتی خۆجێی لە پارێزگای کەرکوک پێکنەهاتووە، نە لایەنەکان خۆیان، نە محەمەد شیاع سودانیش نەیتوانیووە لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن بگەیەنێتە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی لانی کەم ئەو ٥٠+١بە بەشداری هەموو لایەن و پێکهاتەکانی شارەکە پۆستی پارێزگار و پۆستەکانی تر یەکلایی بکرێنەوە، چەند هەوڵێک درا لەلایەن هەر یەکە لە پارتی و یەکێتی بە جیا لەگەڵ لایەنەکان بۆ ئەوەی ئەو ڕێژە یاساییە کۆبکەنەوە، بەڵام هەتا ئێستا سەرکەوتوو نەبوون، بۆ دووەم جار ڕۆژی یەکشەممە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لایەنە تورکمانی و عەرەبییەکانی ناو ئەنجومەنی پارێزگار کۆکردەوە هەتا بتوانن لەسەر پۆستی پارێزگار و پۆستەکانی تری ئیدارەی شارەکە ڕێکبکەون، بەڵام هیچ ڕاگەیەنراوێکی فەرمی سەبارەت بە سەرکەوتنی ئەو هەوڵە بڵاونەکراوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی یەکێتی بە شەش کورسییەوە جەخت لەوە دەکاتەوە پۆستی پارێزگار مافێکی یاسایی خۆیەتی.
دەپرسین:
ئایا ئەنجامی ئەو هەوڵانەی پارتی و یەکێتی بەبێ یەکتر لەگەڵ لایەنەکانی تورکمان و عەرەب بەرەو کوێ دەڕوات؟
کوردەکانی کەرکوک لەگەڵ کام لە هەوڵی ئەو دوو لایەنە کوردییەن؟
ئایا ئەو هەوڵە جیاوازانە دواتر ئەنجامەکەی چی دەبێت و کێ دەتوانێت پارێزگار دیاری بکات؟
ئەو وادەیەی سودانی داویەتی بە لایەنەکان ئایا دواین وادە دەبێت یان بژاردەی تر لە بەردەم سودانیدایە؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری:
ئاوات محەمەد، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک.
لەتیف فاتیح فەرەج، ڕۆژنامەنوس و چاودێری سیاسی.
شوان داودی، پەرلەمانتاری خولی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق.
شۆڕش خالید، ڕۆژنامەنوس و چاودێری سیاسی.
ئاوات محەمەد
لەساڵی 2005 وە هەتاوەکو 2017 بە بڕیاری پەرلەمانی عێراق هەموو ئەنجوومەنەکان کارەکانیان ڕاگیرا، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک بەدەر لە هەموو ئەنجوومەنەکانی تر بوو بە گۆڕەپانی ململانێی سیاسی، ئێمە وەکو کورد خاڵی یەکەمی کارنامەکەمان بریتی بووە لە گەڕاندنەوەی کەرکوک بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ماددەی 140 وە کە ئەم پەیامە هەر لەسەرەتاوە عەرەب و تورکمان لەگەڵی نەبوون، بەهەمان شێوەش عەرەبەکان ڕشت بوون لەسەرئەوەی کە ماددەی 140 لە قازانجیان نییە بۆیە ئاستەنگیان بۆ دروست دەکرد، کۆمەڵێک پرۆژە هاتنە پێش کە هیچ یەکێک لەو پڕۆژانە سەری نەگرت چونکە ئەوەی کە پێکهاتەکانی ئەم شارە هەمووی دژی کوردە، کوردیش دژی خۆیەتی، پارتی و یەکێتی گوتارێکی حزبیان هەیە کە لە شەستەکانەوە درێژەی کێشاوە کە ئەویش (تەخوین- بەناپاکیکردن)ی یەکتری بۆ هەر پرسێک.
خەڵکی کەرکوک هەتا سەر ئێسقان نیگەرانە لەو دوو هێزە بەڵام خەڵک وەکو نەتەوە دەڕواتە سەر سندوقی دەنگدان نەک وەکو یەکێتی و پارتی چونکە لە کەرکوک ململانێی نەتەوەیی هەیە هیچ کام لە پێکهاتەکان خواستی ئەوەیان نییە سازش بکەن لەسەر گوتاری نەتەوەییان چونکە پێیانوایە سازش کردن لە گوتاری نەتەوەییان دۆڕاندنیانە، ئێمە لەم شارە پێویستمان بەوە هەیە متمانە بگەڕێنینەوە کە بە گفتوگۆکردن و سازش کردن دەبێت.
باسکردن لە پۆستی پارێزگاری کەرکوک بەدەوری، بەوەی ساڵێک بۆ ئەم پێکهاتە و ساڵێک بۆ ئەو پێکهاتە بێت بەڕاستی زۆر جێی شەرمەزارییە و عەیبەیە و باس ناکرێ، چونکە بەیاسا چوار ساڵ دانراوە، بەڵام بەوجۆرە دابەشکردنە زۆر عەیبە واتە هاتۆتە سەر ئەوەی کە هاتونەتە سەر خەزنە و دابەشی دەکەن هەر پارێزگار دانەنێن باشتر.
لەتیف فاتیح فەرەج
لەتیف فاتیح: من بڕوام وایە 10ی مانگ ئەنجوومەن هەڵناوەشێتەوە، ئەگەرێکی تر ئەوەیە سودانی بوارێکی تر بڕەخسێنێت یان ئەگەری ئەوەیە کە (سودانی) بۆخۆی کەسێک دابنێت بۆماوەیەکی کاتی هەتا بزانێت پێکهاتەکان ڕێکدەکەون یاخود نا.
یەکێک لە هۆکارەکانی مانەوەی (ڕاکان جبوری) لە دەسەڵاتدا ڕێکنەکەوتنی پارتی و یەکێتی یە کە پۆستی پارێزگاری کەرکوک بۆ کورد بوو دەبووایە ڕێکبکەوتنایە و کەسێکی تریان دابنایە.
گرفتی کەورە ئەوەیە ئێستا کورد لەناوخۆیدا زۆر ناکۆکە، عەرەبیش زۆر کۆک و ڕێک نین، ئەگەر پارتی و یەکێتی بەیەکەوە بوونایە لانیکەم دەیانتوانی بەرەی تورکمانی ڕازی بکەن.
شەقامی کورد ئەوەی پێخۆش نییە، خەڵکانی دڵسۆز پەیام دەنێرن و لەگەڵ لایەنەکان دادەنیشن، پارتی و یەکێتی دەبێت خێرا بکەن لە زیندووکردنەوەی ماددەی 140 و مەسەلەی سەرژمێری دێتە پێش کە چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکەن هەموو ئەمانە پێویستی بە هەڵوێستە لەسەرکردنە بۆیە بەگشتی شەقامی کوردی لەو بارودۆخە ناڕازییە
پارتی و یەکێتی لە دوای ٢٠٠٣وە ئەوەندەی حزبایەتییان کردووە، ئەوەندە کوردایەتییان نەکردووە، کاتی خۆی دەمانوت دەبێت کورد لە کەرکوک وێنەیەکی جوان پیشان بدەن تا عەرەب و کورد پێی ڕازی ببن، بەڵام بەداخەوە ئێستا گرفتەکە لە تورکمان و عەرەب دەرچووە، بەڵکو پارتی و یەکێتی دەبێت وێنەیەک پیشان بدەن کە کورد پێی ڕازی بێت.
شتی وا چۆن دەبێت لایەنە بڵێ پارێزگار مافی ئەو لایەنەیە، بەس دەبێت کاندیدەکەی بەدڵی من بێت ئەمە لەکوێی دونیا هەیە ئەی هاوار؟!
شوان داودی
یاسا دایناوە کە لەماوەی مانگێکدا دەبێت پارێزگار هەڵبژێردرێت، یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا یاسایی نەبوو بەڵکو تەنها بۆ شەرعیەتدان بوو بە ئەنجوومەنەکە
من پێموایە هێزە کوردییەکان زۆرێک لەشتەکان بەدەست خۆیان نییە بەڵکو ئەوان لەناو هاوکێشەی جیاوازن کە جەمسەرە هەرێمایەتیەکان وەکو ئێران و تورکیا ڕۆڵی گەورە دەبینین لەناو ئەم هاوکێشانەدا هێزەکان بەگشتی دابەش بوون بەسەر ئەم جەمسەربەندییە
لە ئەنجوومەنی پارێزگا 16 کورسی دانراوە بۆئەوەی نەتوانرێت پرۆژەکان وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، من پێموایە هەتا 10ی مانگ ئەستەمە ئەنجوومەن بتوانێت کۆببێتەوە و ڕێککەوتن بکەن لەسەر پۆستەکان.
بۆیە لەدوای 10ی مانگەوە ئەو ئەنجوومەنە شەرعیەتی نامێنێت و (سودانی) بە ناچاری کەسێک دادەنێت بۆ بەڕێوەبردنی شارەکە بەوەکالەت هەتا هەڵبژاردنێکی تر.
من پێموایە ئەگەر هەڵبژاردنێکی تر بکرێت هاوکێشەکانی ئیدارە دەگۆڕدرێت، بەغداد دەسەڵاتی ناچالاککردنی هەیە هەروەها لەیاسای ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوکدا داوا دەکات هەموو هێزەکان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بەشداربن لە پێکهێنانی ئیدارەکەدا واتە یاساکە ڕێگە نادات هیچ پێکهاتەیەک پەراوێز بخرێت.
ئەو ڕێککەوتنەی یەکێتی کردبووی لەگەڵ عەرەب و مەسیحیەکاندا پێکهاتەی سەرەکی کە تورکمانە تێیدا پەراوێز خرابوو و لەدەرەوەی هاوکێشەکە بوو کە ئەویش ناکرێت.
پرسی پارێزگاری کەرکوک پەیوەندی بە هاوکێشە ئیقلیمیەکانەوە هەیە، هاوکێشەی ئێران، تورکیا، بەغداد چونکە ڕۆڵی کاریگەریان هەیە لە جوڵاندنی ئەو هاوپەیمانی و گفتوگۆیانەی کە دەکرێت
هەرلایەکیان توانی 9 کورسی پێکبهێنێت ئەوا لایەنەکەی تر دەسەڵاتی ناچالاک کردنی هەیە و دەتوانێت ڕێگە نەدات واتە ئیرادەیەک هەیە گەورەترە لەو هێزە ناوخۆیانەی کە هەن هەروەها هێزەکان لە هاوکێشەکان لاوازترن هاوکێشەکان دەتوانێت ئەم هێزانە بەکاربهێنێت بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەڵام ئەم هێزانە ناتوانن هاوکێشەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاربهێنن
هاوکێشەی ئیقلیمی لە کەرکوکدا 2 کورسی بۆ پارتی لە جەمسەری تورکیایە، 5 کورسی یەکێتی لە جەمسەری ئێراندایە واتە دەستێوەردانی ئەو وڵاتانە لەو پرسانە ئاشکرایە
پێکهاتەکانی ئەم شارە هەمووی دژی کوردە، کوردیش دژی خۆیەتی، پارتی و یەکێتی گوتارێکی حزبیان هەیەکە لە شەستەکانەوە درێژەی کێشاوە کە ئەویش (تەخوین- بەناپاکیکردن)ی یەکتری بۆ هەر پرسێک.
خەڵکی کەرکوک هەتا سەر ئێسقان نیگەرانە لەو دوو هێزە بەڵام خەڵک، وەکو نەتەوە دەڕواتە سەر سندوقی دەنگدان نەک وەکو یەکێتی و پارتی چونکە لە کەرکوک ململانێی نەتەوەیی هەیە هیچ کام لە پێکهاتەکان خواستی ئەوەیان نییە سازش بکەن لەسەر گوتاری نەتەوەییان چونکە پێیانوایە سازش کردن لە گوتاری نەتەوەییان دۆڕاندنیانە، ئێمە لەم شارە پێویستمان بەوە هەیە متمانە بگەڕێنینەوە کە بە گفتوگۆکردن و سازش کردن دەبێت.
ئێمە وەکو کورد لەدوای 2017وە خۆمان دەرفەتتمان لەبەردەمبووە کەپارێزگار بۆ کەرکوک دابنێین تا 2019بەڵام کورد خۆ نەیکردووە، ڕاکان پارێزگاری سەپێنراو نیە چونکە ڕاکان بەیاسا و دەنگی کورد بۆتە جێگری پارێزگار،کەپارێزگار نەبوو جێگرەکەی جێگەی دەگرێتەوە، بۆیە درێژەدان بە 7ساڵەی پارێزگاری ڕاکان بەپارێزگار کورد خۆی هۆکاربووە.
من شتێک دەڵێم، یەکێتی کێشەی ئیدارەدانی پۆستی هەیە ناتوانێت ئیدارەی پۆستەکانی خۆی بدات، لە بەغداد سەرۆک کۆمارەکەی کاندیدی پارتیە، لەهەولێر پۆستەکانی کێشەی هەیە، کاتی خۆی دوو پارێزگاری دانا هەردووکی لەودواجاردا بونە پارتی.
شۆڕش خالید
پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک و هەڵبژاردنی پارێزگار لەم چەند ڕۆژە کەمەی ماوە زۆر زۆر ئەستەمە، ئەگەر ڕێژەیەکی دانانی پاڕێزگار لە کەرکوک بێت باقیەکەی تری لە ئەنکەرە و بەغداد و تاران و بەشێکی کەمی لەهەرێمە، ئەمانە هەموویان حوکم دەکەن لە کەرکوک هەموویان بەرژەوەندییان هەیە لەکەرکوک، ئەوەی لەدیالە ڕویدا کە سودانی خۆی کەسێکی دیاریکرد بۆ پارێزگار لە هەفتەی ڕابردوو، ڕەنگە وەک ئەگەرێک ئەوە ڕووبدات، چونکە سودانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا لە کەرکوک دوای ئەو ماوە زۆرە بە دەسکەوتی خۆی دەزانێت، ئەگەر پارێزگار هەڵنەبژێردرێت و حکومەتی خۆجێی لە کەرکوک پێکنەیەت سودانی ناتوانێت ئەو شانازییە بکات.
بەڕاستی ئەوە پرسیاری ئێمەشە کە کورد ئەو ماڵوێرانیەی لەناو خۆیدا هەیە، لە کەرکوک پارتی و یەکێتی یەکتر قبوڵ ناکەن چونکە لەسەر دۆسیەی تر لەناو حکومەت کۆک نین، مانەوەی پارتی و یەکێتی پەیوەستە بەو ململانێیەی لەنێوان پارتی و یەکێتی هەیە.
بە بڕوای من پارتی حەزی لە پۆستی پارێزگاری کەرکوک نیە، بەڵام تا گەرەنتی پۆستی سەرۆکی حکومەتی داهاتوو بۆ پارتی لەنێویشیاندا بۆ مەسرور بەکاردەهێنێت پۆستی پارێزگار بەکار دەهێنێت بۆ ئەو بابەتە، دوای ئەوە هەڵبژاردن لەپێشە، پارتی نایەوێ لەمکاتەدا یەکێتی ئەو پۆستە وەربگرێ بۆ ئەوەی سبەی لە هەڵمەتی هەڵبژاردن دژی یەکێتی بەکاربهێنێت بڵێ تۆ لە کەرکوک دەنگی زۆرینەت بەدەستهێنا نەتتوانی پۆستی پارێزگار وەربگری بەچ ڕوویەکەوە داوای دەنگ لە خەڵک دەکەی؟! کێشەی سەرەکی یەکێتیش ئەوەیە من تائێستا بەرنامەیەکم نەبینیوە کە یەکێتی بڵێ دەمەوێ وابم ئەگەر ئەو پۆستە وەربگرم.