Accessibility links

سێ مانگ پێش هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا تیشک دەخرێتە سەر ویلایەتەکانی کە گۆڕەپانی ڕووبەڕووبوونەوەکەن


کەسایەتییە باڵاکانی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ئەمەریکا لەم هەفتەیەدا هەوڵەکانیان لە چەندین ویلایەتی سەرەکی کە ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕن لە دیاریکردنی سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا، چڕ دەکەنەوە.

تم واڵز، فەرمانڕەوای مینەسوتا وەک کە ڕۆژی سێشەممە کامڵا هێرس دەستنیشان کرا بۆ جێگری، ڕۆژی چوارشەممە گەشت دەکات بۆ ویلایەتی ویسکانسن و میشیگەن و پاشنیش لە کۆتایی ئەم هەفتەیە بۆ ویلایەتەکانی ئەریزۆنا و نیڤادا.

لەلایەکی تریشەوە سیناتۆر جەی دی ڤانس، جێگری دانۆڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، ئەمڕۆ چوارشەممە لە ویلایەتی ویسکانسن و میشیگەن گردبوونەوەی جەماوەری بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی سازدەکات. ڕێوڕەسمەکانی کارۆلینای باکوور کە بڕیار بوو لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا ئەنجام بدرێن دواخران بەهۆی خراپی کەشوهەوا.

دوای ئەوەی سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە هێرس بژاردەکەی بۆ جێگری خۆی ڕاگەیاند، لە گردبوونەوەیەکدا کە دواتر لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا بەڕێوەچوو، ستایشی والزی کرد بۆ ئەوەی پێکەوە هەڵمەتەکەیان دەستپێبکەن.

هێرس گوتی "من گەڕام بە شوێن هاوبەشێکدا کە بتوانێت یارمەتیدەر بێت لە بنیاتنانی داهاتوویەکی ڕوونتر، سەرکردەیەک کە یارمەتیدەر بێت لە یەکخستنی نەتەوەکەمان و بەرەو پێشەوەمان ببات."

پێشکەوتووخوازەکانیش پشتیوانی لە واڵز دەکەن، کە وەک پارێزگاری ویلایەتی مینیسوتا پاڵپشتی ئەو سیاسەتانەی کردووە کە لای ئەوان پەسەندە. هەروەها واڵز کە ئەندامی پێشووی گاردی نیشتمانی ئەمەریکا و مامۆستابووە سەرنجی دەنگدەرانی ناوچە دوورەکان و سپیپێستیش ڕادەکێشێت.

جولی ڕۆگینسکی، ستراتیژیستێکی دیموکراتەکان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە، "واڵز هەڵبژاردەیەکی زۆر باشە، کە گڕوتینێک دەدات ڤبە دەنگدەرانی ویلایەتکانی ناوەڕاستی ڕۆژئاوا وەک مشیگەن و ویسکانسن و پێنسیلڤێنیا، کە سەرکەوتن لەم ویلایەتانە زۆر گرنگە."

جێنیفر لاولێس، مامۆستای سیاسەت لە زانکۆی ڤێرجینیا دەڵێت، دیموکراتەکان لیبراڵێکیان دۆزیوەتەوە کە توانیویەتی دەنگی ناوچە دووردەستە پاریزکارەکانی میناسۆتا بەدەستبهێنێت کەسێک کە خاوەنی دەمانچەیە، ئەزموونی سەربازیی هەیە و لە ویلایەتی نەبراسکا لەدایکبووە.

لاولێس بە دەنگی ئەمەریکای گوت واڵز " کەسێکە لە [ویلایەتەکانی] ناوەڕاستی ئەمەریکا تێدەگات و سیاسەتی پێشکەوتنخوازی هەیە، نەک لەبەرئەوەی دوورە لە شتەکانەوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی باوەڕی وایە کە ئەمە باشترین ڕێگەیە بۆ ئەوەی وڵاتەکە بەرەوپێشەوە بڕوات."

شتێکی زیاترتیش کە لەلای واڵز هەیە ئەوەیە کە لەلایەن سەندیکاکانەوە ڕێزی لێدەگیرێت، ئەمەش خاڵێکی بەهێزە لەکاتێکدا ترەمپ هەوڵدەدات پشتیوانی چینی کارکەر بەدەستبهێنێت.

تەنانەت پێش ئەوەی کەمپەینی هێرس بە فەرمی واڵز وەک جێگری سەرۆک هەڵبژێرێت، هەڵمەتی هەڵبژاردنی ترامپ بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و بە "لیبراڵێکی بێتوانا" ناوی برد.

وتەبێژی هەڵمەتەکەی ترامپ، کارۆلین لیڤیت وتی " جێی سەرسوڕمان نیە کە کامڵا هێرسی لیبڕاڵی سان فرانسیسکۆ دەیەوێت تم واڵزی کەناری ڕۆژئاوا هەڵبژێرێت وەکو جێگری. واڵز ئاڵوودەی بڵاوکردنەوەی ئەجێندا لیبڕاڵە مەترسیدارەکەی کالیفۆرنیایە.

فەرمانڕەوای ویلایەتی پێنسلڤانیا جۆش شاپیرۆی دیموکرات، کە لە نێو ئەو کاندیدانەدا بوو کە هێرس بیری لێدەکردەوە وەکو جێگری خۆی دەستنیشانی بکات، دوای ڕاگەیاندنەکە لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وتی " لە ماوەی 90 ڕۆژی داهاتوودا، بە پەرۆشەوە دەبم بۆ گەشتکردن بە سەرانسەری کۆمۆنوێڵثدا بۆ یەکخستنەوەی پێنسلڤانیاییەکان لە پشت کامڵا هێرس و تم واڵزی هاوڕێم لە پێناو شکست هێنان بە دانۆڵد ترامپ."

وتیشی " کارەکەم لێرە لە پێنسلڤانیا هێشتا تەواو نەبووە، شتانێکی زۆری دیکە هەن کە دەبێت جێبەجێیان بکەم."

وتیشی " نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر جێگری سەرۆک کامڵا هێرس داوای لێکردم لەگەڵ تمەکەیدا کاربکەم بۆ تەواوکردنی پڕۆسەی پشکنینەکان بۆ ئەوەی ببمە کاندیدێک بۆ جێگری، دوابەدوای ئەم گفتوگۆیانە، ڕۆژی یەکشەممە سوپاسگوزار بووم کە دەرفەتێکم هەبوو ڕاستەوخۆ لەگەڵ جێگری سەرۆکدا قسە بکەم سەبارەت بە دیدی خۆی بۆ ڕۆڵەکە و هەڵمەتەکەی.

وتیشی " بە پەرۆشەوە پشتگیری تەواوی جێگری سەرۆک کامڵا هێرس دەکەم، دەشزانم تم واڵزی فەرمانڕەوا زیادکردنێکی زۆر بەهێزە بۆ تکتەکە کە یارمەتی کامڵا دەدات وڵاتەکەمان بەرەو پێشەوە ببات."

کەسەکانی تری کە لەلایەن هێرسەوە بیریان لێکرابووەوە بۆ کاندیدی جێگری سەرۆک بیتیبوون لە سیناتۆری ئەریزۆنا مارک کێڵی، فەرمانڕەوای کەنتاکی ئاندی بێشێیر فەرمانڕەوای ئیلنۆی جی بی پرایتزکەر و وەزیری گواستنەوە پیت بودیجەج.

ترامپ مانگی ڕابردوو لە میانی کۆنفرانسی کاندیدکردنی پارتی کۆمارییەکان، ڤانسی وەک جێگری خۆی دەستنیشان کرد.

ڤانس ڕۆژی سێشەممە سەبارەت بە واڵز "تەنها تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە کامڵا هێرس چەندە توندڕەوە. ئەمە کەسێکە لە هەڵبژاردنی کاندیدێکدا گوێی لە باڵی حەماسی حزبەکەی خۆی گرتووە."

هێرس لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا بە خێرایی وەک کاندیدی دیموکراتەکان دەرکەوت، دوای ئەوەی جۆو بایدن سەرۆک کۆماری ئەمەریکا ڕایگەیاند کە چیتر هەوڵی خولێکی تری سەرۆکایەتی نادات و لە هەڵمەتەکان کشایەوە.

ڕێژەی پشتیوانی بایدن لە ڕاپرسییەکان دوای خراپی ئاستی لە دیبەیتێکدا دژی ترەمپ لە کۆتایی مانگی شەش دابەزی، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی داوا لە بایدن بکرێت لە پێشبڕکێکە بکشێتەوە.

ڕاپۆرتی پادسی ویداکواسوا. کرس هانس هاوکاری کردووە بۆ نوسینی ئەم ڕاپۆرتە. هەندێک لە زانیارییەکان لە ئەی پی و ڕۆیتەرز وەرگیراون.

XS
SM
MD
LG