Accessibility links

کەسێکی پاکستانی بەشدارە لە پلانی کوشتنی ترەمپ کە پەیوەندیی بە تارانەوە هەیە


پێدەچێت پلانی تیرۆرکردنی دانۆڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و سیاسەتمەدارە پلە باڵاکانی دیکە، کاری هاووڵاتییەکی پاکستانی بێت کە پەیوەندی بە تارانەوە هەیە.

وەزارەتی دادی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە تۆمەتبارکردنی ئاسیف مێرچانتی تەمەن 46 ساڵی ڕایگەیاند و گوتی لە مانگی چواری ڕابردوو گەیشتووەتە ئەمەریکا بۆ ئەوەی لەگەڵ هێرشبەرەکان کۆببێتەوە.

کریستوفەر ڕای، بەڕێوەبەری FBI لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، وادیارە تیرۆرکردنەکە لەلایەن هاووڵاتییەکی پاکستانییەوە پلانی بۆ دانراوە کە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ئێراندا هەیە.

ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە پیلانگێڕییە بیانییەکان بۆ کوشتنی هاووڵاتیانی ئەمەریکایی هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی، ڕایگەیاند کە FBI بە هەموو توانای خۆیەوە لێکۆڵینەوە لەم بابەتە دەکات.

تۆمەتبارکردنەکە کە لە نیویۆرک تۆمارکراوە، ئامانجی تایبەتی پیلانەکەی مێرچانت ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ڕاگەیاندنەکە چەند هەفتەیەک دوای توندکردنەوەی ئاسایشی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دێت دوای ئەوەی بەرپرسانی ئەمەریکا ڕایانگەیاند هەڕەشە لە دژی ترەمپ هەیە کە پەیوەندی بە تارانەوە هەیە..

مایک تۆرنەر، ئەندامی کۆنگرێس کە کۆماریخوازە، ڕایگەیاند پێشتر بەرپرسانی هەواڵگری لە هەڕەشەکانی ئێران و بارودۆخی دەستگیرکردنی مێرچانت ئاگادار کردووەتەوە.

لە سەرەتای ئەمساڵدا ئەمەریکا سێ کەسی تۆمەتبار کرد کە یەکێکیان لە ئێران نیشتەجێ بوو بە پلانی کوشتنی دوو ئەمەریکایی لە ویلایەتی میریلاند.

کارین جان پیێر، وتەبێژی کۆشکی سپی ڕۆژی سێشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند ئەوان چەندین جار بە ئاشکرا ڕایانگەیاندووە بەدواداچوون بۆ هەڕەشەکانی ئێران لە دژی سیاسەتمەدارانی پێشوو دەکەن.

جان پیێر ڕایگەیاند ئەوان ئەم کێشەیە بە پرسێکی ئاسایشی نیشتمانی و ناوخۆ دەزانن و گوتی هەوڵدەدەن خودی ئێران ئاگادار بکەنەوە.

لە تۆمەتەکەدا باس لەوە کراوە کە مێرچانت لە مانگی چواری ڕابردووەوە دوای مانەوەی دوو هەفتە لە ئێران لە پاکستانەوە هاتووەتە ناو تورکیا و دواتر گەیشتووەتە شاری هیوستن لە تەکساس.

بەڵگەنامەکان ئەوە دەردەخەن مێرچانت گوتویەتی ئەو کەسانەی هێرشیان دەکرێتە سەر ئەو کەسانەن کە زیان بە پاکستان و موسڵمانان و جیهان دەگەیەنن.

XS
SM
MD
LG