Accessibility links

محەمەد یونسی خاوەن خەڵاتی نۆبڵ دەگەڕێتەوە بۆ بەنگلادیش تاکو ڕێبەرایەتی حکومەتی کاتیی بکات


محەمەد یونس خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ ئەمڕۆ پێنجشەممە گەڕایەوە بۆ بەنگلادیش بۆ سەرۆکایەتی کردنی حکومەتێکی کاتیی، ئەمەش دوای دەستلەکارکێشانەوە و ڕۆیشتنی شێخ حەسینا، سەرۆک وەزیرانی پێشووی وڵاتەکە.

یونسی تەمەن 84 ساڵ، لە پاریسەوە گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی شەهجەلالی دهاکا و لەلایەن سەرکردەی سەربازی وڵاتەکە، ژەنەڕاڵ وەقار- و-زەمان، ئەفسەرە سەربازییە پلە باڵاکانی دیکەوە پێشوازی لێکرا. لایەنگرانیشی بە چەپکەگوڵەوە پێشوازییان لێکرد.

بڕیارە شەوی پێنجشەممە وەک سەرۆکی حکومەتی کاتی وڵات سوێندی یاسایی بخوات.

یونس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە فڕۆکەخانە گوتی "ئەمڕۆ ڕۆژێکی شکۆمەندە بۆ ئێمە. بەنگلادش ڕۆژێکی نوێی سەرکەوتنی دروستکردووە، بەنگلادیش سەربەخۆیی دووهەمی بەدەستهێناوە."

دانانی یونس لەلایەن بەرپرسی لەشکرییەوە دوای ئەو نائارامییە دێت کە بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوە و ڕۆیشتنی شێخ حەسینا سەرۆک وەزیرانی پێشوو.

نائارامییەکان بە ناڕەزایەتی دژی سیستەمی کۆتای کار لە حکومەت دەستیپێکرد و فراوانتر بوو بۆ دژایەتییەکی زیاتر دژ بە مانەوەی حەسینا بۆ ماوەیەکی زۆر، کە تۆمەتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا لەسەر بوو.

لە هەفتەکانی سەرەتای خۆپیشاندانەکاندا زیاتر لە 300 کەس گیانیان لەدەستدا.

زەمان ڕۆژی چوارشەممە لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لە توندوتیژییەکانی ئەم دواییە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

محەمەد شەهابودین، سەرۆکی وڵاتەکە، ڕۆژی سێشەممە پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە. ئەم هەنگاوە ڕێگەی خۆشکردووە بۆ ئەوەی یونس سەرکردایەتی حکومەتی کاتیی بکات، هەرچەندە کاتی هەڵبژاردنە نوێیەکان تا ئێستا نادیارە.

یونس، ئابووریناس و بەرپرسێکی بانکییە و لە ساڵی 2006دا خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەدەستهێنا بەهۆی کارەکانی لەگەڵ قەرزی بچووک لە ڕێگەی بانکی گرامین، و بۆ هەوڵەکانی لە کەمکردنەوەی هەژاری لە ڕێگەی قەرزی بچووکەوە ناسێندرا.

یونس لە یەکەم لێدوانیدا لە دوای دەستبەکاربوونی، ستایشی خوێندکارانی کرد بۆ ڕۆڵی خوێندکاران لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەدا و داوای ئارامی کرد. جەختیشی لە پێویستی دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی زیاتر و گرنگیدان بە ئاوەدانکردنەوەی وڵات کردەوە.

لە کاتێکدا وڵاتەکە لە دۆخی گواستنەوەدایە بۆ حکومەتێکی کاتیی، پارتی ناسیۆنالیستی بەنگلادیش یان بی ئێن پی لە داکا گردبوونەوەیەکی ئەنجامدا. گردبوونەوەکە لەلایەن خالیدە زیا، سەرۆک وەزیرانی پێشووی وڵاتەکەوە سەرپەرشتی کرا، کە بەم دواییە لە دەستبەسەری ماڵەوە ئازاد کرابوو.

زیا لە ساڵی 2001 تا 2006 سەرۆک وەزیرانی بەنگلادێش بووە، لە ساڵی 2018دا بە تۆمەتی گەندەڵی سزا درا و سزای 17 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا. پارتەکەی بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەو تۆمەتانە هۆکاری سیاسی بووە.

لایەنگرانی بۆ گردبوونەوەکە چەند کاتژمێرێک پێش کاتی دیاری کراو لە ناوچەی نایا پالتانی دهاکا کۆبوونەوە.

سەرۆک وەزیرانی پێشوو شێخ حەسینای تەمەن 76 ساڵ، لە مانگی یەکدا بۆ خولی چوارەم هەڵبژێردرایەوە، بەڵام هەڵبژاردنەکە ڕەخنەیەکی زۆری لێگیرا بەهۆی کەموکوڕییەکانەوە و ئەمەریکا و بەریتانیا ئەنجامەکانیان ئیدانە کرد.

ڕۆژی چوارشەممە، دهاکا تاڕادەیەک ئارام بوو دوای توندوتیژییەکانی ئەم دواییە. خۆبەخشانی خوێندکار دەبینران لەسەر شەقامەکان خەریکی پاککردنەوەی ناوچەکان بوون و هاتوچۆیان بەڕێوەدەبرد و ئامادەبوونی پۆلیسیش کەمترین بوو.

هەندێک لە زانیارییەکان لە ئەی پی و ڕۆیتەرز و فرانس پرێس وەرگیراون.

XS
SM
MD
LG