پرۆژە یاسای هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ساڵی 1959 ی عێراق کە لەلایەن ژمارەیەک پەرلەمانتاری شیعەوە ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران کراوە، بەشێک لە ژنان و چالاکوانانی ژنانی عێراقی توڕە و نیگەران کردووە و لە بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق خۆپیشاندان ئەنجامدرا.
پرۆژە یاساکە لەلایەن دە پەرلەمانتاری پیاوی شیعەوە واژۆی بۆ کۆکراوەتەوەو ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا، لەکاتێکدا زۆربەی پەرلەمانتارانی ژن و چالاکوانانی ژنانی عێراق دژی پرۆژەکەن و پێیانوایە پرۆژەکە ڕۆڵ لە دادگا وەردەگرێتەوەو دەیدات بە پیاوانی ئاینی.
بەپێی پرۆژە یاسای باری کەسێتی کە پەرلەمانتارە شیعەکان ئامادەیان کردووەو خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە، مەزهەب لە نێو گرێبەستی هاوسەرگیریدا دیاری دەکرێت و گرێبەست لەسەر بنەمای مەزهەبی پیاو ئەنجام دەدرێت. هەروەها پرۆژەکە ڕێگەی داوە کچان لە تەمەنی منداڵیدا بەشو بدرێن.
سرود ئەحمەد، سەرۆکی لقی کەرکوکی ڕێکخراوی هیوای عێراقی و یەکێک لەسەرپەرشتیارانی خۆپیشاندانەکانی ژنان دژ بە هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"گەر پرۆژە یاساکە لە پەرلەمان تێپەڕێنرێ و دەنگی لەسەر بدرێت، هاوسەرگیری لە دەرەوەی دادگا ئەنجام دەدرێت،کچ بە منداڵی بە شو دەدرێت، لە بری یەک یاسا چەندین یاسا لە عێراق بۆ گرێبەستی هاوسەرگیری پەیڕەو دەکرێت، مەلا لە مەسەلەی هاوسەرگیریدا ڕۆڵی لەسەرووی دادگاوە دەبێت و ئەمە پێیدەوترێت دەسەڵاتی فوقەها."
بەپێی یاسای باری کەسێتی ساڵی 1959 کە لە ئێستادا لە دادگاکانی عێراق بۆ گرێبەستی هاوسەرگیری کاری پێدەکرێت، مەزهەب دیاری نەکراوەو پرۆسەکە لەسەر بنەمای یاسا ئەنجام دەدرێت. هەروەها لە یاساکەدا تەمەنی 18 ساڵی بۆ کچان دیاریکراوە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیری.
بەڵام بە پێی پرۆژە یاساکەی پەرلەمانتارە شیعەکان ئەو پرسە دەخرێتە دەست پیاوانی ئاینی و کچانی منداڵی "باڵغ" دەتوانن شوو بکەن، ڕۆڵی دادگاش تەنها پەسەندکردنی هاوسەرگیرییەکە دەبێت.
سرود ئەحمەد دەڵێت،"گەر پرۆژەکە تێپەڕێنرێ دادگا ڕۆڵی نامێنێت و ڕۆڵەکە دەدرێت بەمەلاو دوکانە ئاینییەکان و دەوڵەت توشی داڕووخان دەبێت. گەر ڕۆڵی دادگا درایە مەلای ئاینی ئەوکات بۆ هاوسەرگیری پشکنینی خوێن نامێنێت، منداڵ بێ ڕەگەزنامە دەبێت و ڕێژەی فڕێدانی منداڵ زیاد دەکات، هاوسەرگیری مسیارو موتعە زۆر دەبێت، نابێت ئەمە قەبوڵ بکرێت."
دەشڵێت،"ئێستا بەیەک یاسا لە عێراق پرۆسەی هاوسەرگیری ئەنجام دەدرێت، گەر پرۆژەکە پەسەند بکرێت چەندین یاسای جیاوازی مەزهەبی جێگەی ئەو یاسایە دەگرێتەوە، چۆن دەکرێت ئەمە تێپەڕێنرێ، ئەمە گێڕانەوەی عێراقە بۆ 1400 ساڵ لەمەوبەر."
پرۆژە یاسای هەمواری باری کەسێتی ساڵی 1959 ی عێراق خرایە نێو خشتەی کۆبوونەوەی ڕۆژی 23 ی مانگی حەوتی ساڵی 2024 ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵام پرۆژەکە هەڵای دروستکردو ڕێکارەکان بۆ خوێندنەوە بۆ کردنی ڕاگیران.
سەرباری ناڕەزایەتی پەرلەمانتارە ژنەکانی عێراق و کۆکردنەوەی سەرووی 100 واژۆ بۆ شکست هێنان بە پرۆژەکە، بەڵام پێداگیری پەرلەمانتارە شیعەکان وایکرد ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژە یاساکە بکرێت.
دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"کاتێک پرۆژە یاساکە هێنرایە نێو کارنامەی ئەنجومەنی نوێنەران، ئێمە تێبینیمان هەبوو لەسەری و پێمانوابوو لە بری ئەوەی خزمەتێک بکات بە دۆخی عێراق، لێکترازان دروست دەکات و عەقڵیەتی مەزهەبی زیاد دەکات."
ئەو پەرلەمانتارە شیعانەی پرۆژە یاسای هەمواری باری کەسێتی عێراقیان ئامادەکردووە، گەڕانەوە بۆ فیقهی جەعفەری لە هەموو مامەڵەکانی باری کەسێتی بە مافی خۆیان دەزانن و بەو پەڕی توانایانەوە هەوڵی تێپەڕاندنی پرۆژە یاساکە دەدەن.
دارا سێکانیانی دەڵێت،"بەشێک لە پەرلەمانتارە شیعەکان لەگەڵ پرۆژە یاساکە نین، گەر بیانەوێ تێپیەڕێنن دەتوانن ئەو کارە بکەن و زۆرینەن، بەڵام هەمواری یاسای باری کەسێتی لە خولەکانی پێشووی پەرلەمانی عێراقیشدا مشت و مڕی توندی لەسەر بووە."
هەوڵی پەرلەمانتارە شیعەکان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی عێراق لەکاتێکدایە، موحسن مەندەلاوی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات لە دوای دوورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی لە پۆستەکەی، کە ناوبراو کەسایەتییەکی کوردی شیعەیە.