Accessibility links

هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل باشووری لوبنان دەکەنە ئامانج


سوپای ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند هێزەکانیان هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئامانجەکانی حزبوڵا لە چەند ناوچەیەکی باشووری لوبنان ئەنجامداوە.

ڕاشیگەیاند چەند ئۆپەراسیۆنێکیان لە ناوچەی ڕەفەح لە باشووری کەرتی غەززە ئەنجامداوە کە چەند مانگێکە سەربازانی ئیسرائیل لەو ناوچەیە لەگەڵ چەکدارانی حەماس لە شەڕدان. هەروەها سوپای ئیسرائیل دەڵێت فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ناوەندێکی چەکدارانی حەماسیان لە باکووری غەززە کردووەتە ئامانج.

هێرش و پێکدادانەکان بەردەوامن لە کاتێکدا ترسی فراوانبوونی شەڕ لە ناوچەکەدا لە ئارادایە، دوای کوژرانی فەرماندەیەکی باڵای حزبوڵا لە بەیروت و کوژرانی ئیسماعیل هانییە، ڕێبەری حەماس لە هێرشێکدا لە تاران.

حزبوڵا بەڵێنیداوە وەڵام بداتەوە و ئیسرائیلیش ڕایگەیاندووە کە یەحیا سینوار، سەرکردەی تازە دەستنیشانکراوی بزووتنەوەی حەماس لەناو دەبەن.

هەروەها ئیسرائیل بەڵێنیدا کە تۆڵە لە حەماس بکاتەوە دوای هێرشە تیرۆریستییەکەی حەوتی مانگی دەی ڕابردوو کە بووە هۆی کوژرانی 1200 کەس و بە بارمتەگرتنی 250 کەسی دیکە.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی غەززە، نزیکەی 40هەزار کەس لە غەززە لە هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیلدا کوژراون کە زۆربەیان ژن و منداڵن. ئیسرائیل دەڵێت هەزاران چەکداری بزووتنەوەی حەماس لەنێو کوژراوەکاندان.

XS
SM
MD
LG