Accessibility links

بەرپرسێکی باڵای هەرێم: گرفتی گەورە لیستی موچەی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانە


بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، هۆکاری دواکەوتنی موچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و نەناردنی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، لیستی موچەی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانە.

بەرپرسە باڵاکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە داوایکرد ناوی ئاشکرا نەکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لیستی موچەی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان مانگانە درەنگ ئامادە دەکرێت، ئەمە جگە لەوەی گۆڕانکاری لە لیستەکاندا دەکرێت و ژمارەی هێزەکان زیاد و کەم دەکرێت."

لەکاتێکدا دە ڕۆژ بەسەر مانگی حەوتی ساڵی 2024 دا تێپەڕ دەبێت، بەڵام هێشتا حکومەتی عێراق موچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی نەناردووەو هێشتا دیار نییە کەی پارەی موچە ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات.

بەرپرسە باڵاکەی حکومەتی هەرێم وتی، "جارێک مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا داوایکرد، هەموو مانگێک تا 10 ی مانگ لیستی موچە ئامادە بکرێت و ڕەوانەی بەغدا بکرێت، چاوەڕێی هیچ فەرمانگەیەک نەکرێت گەر لیستەکەی ئامادە نەبوو، کەچی لیستەکان هەر درەنگ ئامادە دەکرێن."

عێراق چەند مانگێک لەمەوبەر داوای ناو و تەواوی زانیارییەکانی تایبەت بە هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کرد، بەڵام حکومەتی هەرێم ئەوکات لەبەر "ئاسایشی نەتەوەیی" ئامادە نەبوو ناوەکان ڕادەستی حکومەتی عێراق بکات و ڕایگەیاند تەنها کۆدی ناسنامەی بایۆمەتری دەنێرێت.

حکومەتی عێراق دەڵێت مەرجەکانی بۆ حکومەتی هەرێم بەشێکن لە بڕیاری دادگای فیدراڵی لە ڕۆژی 21 ی دووی 2024، کە تێیدا بڕیاریدا بە جێگیرکردن یان "تەوتینکردنی" موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بانکە حکومییەکانی عێراقەوە.

لەلایەکی تریشەوە سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە بارەی هۆکاری دواکەوتنی موچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "حکومەتی عێراق لەسەر داوای سەرۆکوەزیران موچەی مانگەکانی پێنج و شەشی بۆ هەرێم نارد بەو مەرجەی وردبینی بکرێت و تێبینییەکان چاک بکرێت. چاودێری دارایی وردبینی کردو تێبینییەکان درایە هەردوولا، لیستەکان برایە وەزارەتی دارایی عێراق و جارێکی تر وردبینی کراوە بۆ چاککردنەوەی تێبینییەکان."

دەشڵێت،"هۆکارێکی تری دواکەوتنی موچە مەسەلەی خانەنیشینانە کە لیستی مانگی حەوت بە هاوتاکراوی یاسایی خانەنیشینی یەکگرتووی ساڵی 2014 ی عێراق نێردراوە."

پێشتر هۆکاری نەناردنی موچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ کێشەی کەمی پارەی نەختینە گێڕدرایەوە، بەڵام بەرپرسانی عێراق ڕەتیانکردەوە کێشەی کەمی پارەی نەختینەیان هەبێت.

XS
SM
MD
LG