Accessibility links

کێ لە پشت ڕووداوەکەی قەرەداغەوە بوو؟


بەرپرسی راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەو کەسانەی لە شاخی قەرەداغ تەقەیان لە هێزەکانی ئاسایش کردووە و بەو هۆیەوە دوو ئاسایش گیانیان لە دەستداوە، سەر بە رێکخراوی داعش بوون.

ڕۆژی هەینی، 9 ی مانگی هەشتی 2024، لە شاخی قەرەداغ پێکدادان لە نێوان هێزەکانی ئاسایش و ژمارەیەک چەکدار ڕوویدا، لە ئەنجامدا دوو کارمەندی ئاسایشی ناوچەی قەرەداغ گیانیان لەدەستدا.

عەقید سەلام عەبدولخالق، بەرپرسی ڕاگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە، بەڵام بڵاومانکردووەتەوە کە تاوانبارەکان سەر بە داعشن."

هەرچەندە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئۆباڵی ڕووداوەکە دەخاتە ئەستۆی داعش، بەڵام بە پێی هەندێک زانیاری کە لەسەرچاوەی نا فەرمییەوە دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتوون، تۆمەتبارەکان بۆ بردنی هەندێک کەرەستەی شوێنەواری ڕوویان لە شاخی قەرەداغ کردووە.

بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ڕووداوەکە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، ئەوانەی بۆ بردنی کەرەستەی شوێنەواری ڕوویان لە شاخی قەرەداغ کردووە، خەڵکی بەرپرسیان لە پشتەوەیەو ئەوانەشی بە هەڵکۆڵینی شوێنەوارەکان هەستاون کوڕو باوکێکی دانیشتووی دەرەوەی هەرێمن.

سەبارەت بەو زانیاریانەی دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتوون و تۆمەتبارەکان بۆ بردنی شتی شوێنەواری ڕوویان لە شاخی قەرەداغ کردووە، بەرپرسی ڕاگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێم وتی،"ئێمە تەنها ئەوەمان بۆ ڕاگەیاندن هەیە کە بڵاومانکردووەتەوە."

هەرچەندە ئەم زانیارییانە نەتوانتراوە لە لایەنێکی فەرمییوە پشتراست بکرێتەوە.

دوێنی هەینی، 9 ی مانگی هەشتی 2024، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند،"دوو کارمەندی ئاسایش لە کاتی بەجێهێنانی ئەرکدا لەناوچەی قەرەداغ لەلایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوەوە کراونەتە ئامانج. هێزە ئەمنییەکان لە هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنی تاوانبارەکان و بەردەوامیش دەبن تا ئەوکاتەی ئەم گروپە چەکدارە لە یاسا دەرچووە ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەکرێنەوە."

ئەمڕۆ شەممە، 10 ی مانگی هەشتی 2024، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت،"بەڵێندەدەین تۆڵەی ئەم خوێنە دەکەینەوەو هیچ مەودایەک بۆ ئەو دەستانە ناهێڵینەوە کە دەیانەوێت سەقامگیری خاکەکەمان تێکبدەن و مەترسی لەسەر ژیانی خەڵکەکەمان دروست بکەن."

لە هیچکام لە ڕاگەیەنراوەکەی سەرۆکی یەکێتی و جێگری سەرۆکی حکومەتدا پەنجەی تۆمەت بۆ داعش و هیچ کەس و لایەنێک درێژ نەکراوەو ئۆباڵی ڕووداوەکەی قەرەداغیان نەخستووەتە ئەستۆی هیچ لایەن و ڕێکخراوێک.

بەرپرسێکی باڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش بە هەمانشێوە ناوەکەی لای دەنگی ئەمەریکا پارێزراوە، لە بارەی ڕووداوەکەی شاخی قەرەداغ، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"من وردەکاری ڕووداوەکە دەزانم و نامەوێت باسی بکەم، بەڵام ڕووداوەکە دەستی داعشی لە پشتەوە بوو، هەوڵیاندا تونێل لە شاخی قەرەداغ لێبدەن."

سەبارەت بە چارەنووسی ئەو چەکدارانەی داعش کە هەوڵیاندا تونێل لێبدەن، لەکاتێکدا شاخی قەرەداغ لەناو جەرگەی هەرێمی کوردستاندایەو مەوادەی دەربازبوونی چەکدارەکان ئەستەمە، بەرپرسەکەی یەکێتی وتی،"من ئەوە نازانم."

XS
SM
MD
LG