پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ناڕەزایەتی دەردەبڕێت پاش ئەوەی فراکسیۆنی یەکێتی نیشمانی کوردستان و کوتلەی بابیلۆن و سێ ئەندامی عەرەبی سوننە لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بەبێ پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عەرەبی لە کۆبوونەوەیەکدا لە بەغدا حکومەتی خۆجێیی کەرکوکیان ڕەگەیاند.
پارتی لە ڕاگەیاندراوەکەی ڕۆژی دووشەممەدا دەڵێت "ئێمە هەر دوای ڕاگەیاندنی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی کەرکووک ئەو تێبینییەمان هەبوو کە ئەنجامەکان دەرخەری ئیرادەی ڕاستەقینەی دانیشتوانی کەرکووک نین، بەڵام لەبەر بەرژەوەندیی گشتیی خەڵکی کەرکووک و ڕەچاوکردنی دۆخی ئەو شارە و کۆی پڕۆسەی سیاسی چاوپۆشیمان کرد."
دەشڵێت ئەوەی " ڕۆژی 10ی ئاب لە هۆتێل ڕەشیدی بەغدا بۆ دانانی پارێزگار و حکوومەتی خۆجێیی کەرکوک بەبێی ئاگادارکردنەوەی هەموو لایەنەکان و لە غیابی نوێنەرانی تورکمان و بەشێک لە عەرەب و پارتی کراوە، یاسایی نیە و گرفتی هەیە و لە سەر ڕێگەیەکی دروست نیە."
هەروەها پارتی دیموکراتی کوردستان پێشی وایە "ئەوەی کراوە ناتوانێ ببێتە چارەسەرێکی دروست بۆ تێپەڕاندنی کێشە و گرفتەکانی شاری کەرکوک. چارەسەرکردن و نەهێشتنی کێشەکانی ئەو شارە و سارێژکردنی ژان و ئازارەکانی خەڵکی کەرکووک بە موزایەدات و عاتیفە و یاریی سیاسی ناکرێن. چارەسەر ئەوەیە تاکڕۆیی نەکرێت و هەوڵی پەراوێزخستنی لایەنەکان نەدرێت و هەموو لایەک بە نیازپاکییەوە و لەپێناو خزمەتکردنی خەڵک لە بەڕێوەبردنی کەرکوکدا بەشدار بن."
شەوی دەی مانگی یەشت لە کۆی 16 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، 9 ئەندامی ئەنجومەنەکە بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەی ئوتێل ڕەشیدی شاری بەغدا کرد و نیسابی یاساییان تەواو کرد. ڕێبوار تەها لە فراکسیۆنی یەکێتی بە پارێزگارو ئیبراهیم تەمیمی بە جێگری پارێزگار، هەروەها محەمەد ئیبراهیم حافز بە سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا هەڵبژێردران.