ئەو کەسانەی بەدەست ئازاری ئەژنۆ بەهۆی کێشەی کڕکڕاگەوە دەناڵێنن، ڕەنگە لە داهاتوودا بە بێ نەشتەرگەری لابردنی جومگەی ئەژنۆ بتواندرێت کڕکڕاگەیان بۆ بڕوێندرێتەوە، ئەمەش لە سایەی داهێنانێکی نوێی کۆمەڵێک زانا لە ئەمەریکا.
زانکۆی نۆرسوێسترن لە ویلایەتی ئیلەنۆی ئەمەریکا ڕایگەیاند کۆمەڵێک لە زانایانی زانکۆکە توانیویانە بە سەرکەوتویی ماددەیەکی بایەلۆجی چالاک بەرهەمبهێنن کە بوەتە هۆی دووبارە دروستکردنەوەی کڕکڕاگەی ئەژنۆ لە ئاژەڵاندا.
هەرچەندە ماددە بایەلۆجییەکە وەکو لینجەیەکی لاستیکی دەردەکەوێت، بەڵام لەڕاستیدا پێکهاتووە لە تۆڕێکی ئاڵۆزی پێکهاتەی گەردیلەیی کە ژینگەیەکی لەبار بۆ دووبارە گەشەکردنەوەی کڕکڕاگەی ئەژنۆ دروستدەکات.
زاناکان ئەم پێکهاتە نوێیەیان بەکارهێناوە بۆ چارەسەرکردنی کڕکڕاگەی ئەژنۆی ئاژەڵێک. لە ماوەی 6 مانگدا تێبینی ئەوەیان کردووە کڕکڕاگەکە بەشێکی زۆری گەڕاوەتەوە و ئاژەڵەکە توانیویەتی بەبێ ئازار جوڵەبکات.
زانایان هیوادارن ئەنجامەکانی ئەم پێشکەوتنە بخەنە بەردەست و لە داهاتوودا بتواندرێت وەک جێگرەوەی نەشتەرگەری گۆڕینی ئەژنۆ بەکاربهێندرێت و بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی وەک سۆفان و پێکانەکانی ئەژنۆ بەهۆی چالاکی وەرزشییەوە سودی لێ ببیندرێت.