Accessibility links

برایەکی وەداد حسێن: لە ساڵیادی مەرگی براکەمدا وێرای ئەوەی سوکایەتیمان پێکرا توندوتیژییشمان بەرامبەرکرا


برایەکەی ڕۆژنامەنووسی "تیرۆرکراو" وەداد حسێن ڕایدەگەیەنێت، لە هەشتەمین ساڵیادی "تیرۆرکردنی" براکەیدا وێڕای ئەوەی "ڕێگریان" لێکراوە سەردانی گۆڕەکەی بکەن و یادی بکەنەوە، هەم "سوکایەتیان" پێکراوە هەم "توندووتیژیشیان" بەرامبەر ئەنجامدراوە و "ڕێگەش نەدراوە یادەکە بکەنەوە."

سەمەد حسێن برای وەداد حسێن، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" لە هەشتەمین ساڵیادی وەداد دا ویستمان بچینە سەر گۆڕی وەداد، بەڵام هێزێکی ئاسایشی زۆر هێنرابوونەتە گۆڕستان و ڕێگریان لێکردین و ڕێگەیان نەدا بچینە سەر گۆڕی براکەم، توندووتیژیان بەرامبەر کردین و بە قۆناخە تفەنگ لە خوشکەکەمیاندا و دەستیان بریندار کرد."

وتیشی،" ئەمساڵ لەگەڵ ساڵی ڕابردوو زۆر جیاواز بوو، توندووتیژی و بێڕێزیمان بەرامبەرکرا، هاوڵاتی لێبوون هیچ پەیوەندیان بە ئێمەوە نەبوو چووبوونە سەر گۆڕی نزیکەکانی خۆیان، بەڵام ئیهانەیان پێکرا، پێیان وتین نابێت یادەکە بکەنەوە، بە کیلۆمەترێک پێش گۆرەکەی هێزێکی زۆر جێگیر کرابوون، لە مێژووی دهۆکدا ئەوەمان نەبینیوە."

وەداد حسنێن ڕۆژنامەنووسی ئاژانسی ڕۆژنیوز بوو لە شاری دهۆک، هەشت ساڵ بەر لە ئێستا لە ڕۆژی ١٣ ی مانگی هەشتی 2016، دوای ئەوەی وەدات براکەی دەگەیەنێتە شوێنی کارەکەی و دەگەڕێتەوە، لەلایەن دوو ئۆتۆمبێلەوە ڕێگەی پێدەگیرێت و دەیڕفێنن، دواتر بە برینداریی دۆزرایەوە، کە شوێنەواری ئەشکەنجەیەکی زۆر بە جەستەیەوە بوو، گەیاندرایە نەخۆشخانە، بەڵام نەیتوانی هیچ پەیڤێک بدرکێنێت و بەشێوەیەکی گوماناویی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

ساڵانە لە ناوخۆی کوردستان و دەرەوە یادی "تیرۆرکردنی" ئەو ڕۆژنامەنووسە دەکرێتەوە، ئەمساڵیش جگە لە چەند وڵاتێکی ئەوروپی لە شاری سلێمانی یادی کرایەوە و سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان لە وتەیەکدا ڕایگەیاند،" بەیاد كردنەوەی رۆژنامەنووسانی تیرۆكراو، گرەوی دەسەڵات لە وونكردن و بیرچوونەوەی كەیسەكانیان پوچەڵكراوەتەوە، ئەمرۆِ هەشتەمین ساڵی تیرۆكردنی رۆژنامەنووس (وەدات حسێن) بوو، بكوژو پلانداڕێژەرانی ئەو تاوانانە، پارێزراون و لەناوماندا بە ئازادی دەژین."

ئەمە لە کاتێکدایە لە دهۆک بە قسەی کەس و کارەکەی ڕێگریان لێکراوە یادەکە بکەنەوە.

دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بەهۆکاری ڕێگریەکانی هێزە ئاسایشیەکان چەند جارێک پەیوەندی کرد بە زێرەڤان بەرۆشکی بەڕیوەبەری ئاسایشی دهۆک، بەڵام پەیوەندیەکەی وەڵام نەدایەوە، تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵەش لایەنە پەیوەندیدارەکان و حکومەتی هەرێم هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەوبارەیەوە نەداوە.

بە پێی هەواڵی بەشێک لە میدیاکان هەر ئەمڕۆ لە کاتی یادەکەدا لە دهۆک یەکێک لە زیندانیانی بادینان جارێکی تر دەستگیرکراوەتەوە، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستبەسەرکردنی ئازاد کراوە.

دەنگی ئەمەریکا هاوڵی زۆریدا پەیوەندی بکات بە ئومێد بەرۆشکی ، بەڵام نەیتوانی پەیوەندیە بەردەست بخات، بەڵام چالاکوانێکی بەشدار لە یادەکە ڕایگەیاند، "ڕاستە ڕێگریان لێکراوە و ئومێد بەرۆشکیش دەستگیرکراوە."

شڤان سەعید، یەکێک لە زیندانیانی بادینان و چالاکوان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بەڵێ ڕێگریمان لێکرا لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە و پێیان وتین هەرگیز ڕیگەتان نادەین بچنە سەر گۆڕی وەداد، بۆیە داواتان لێدەکەین بگەڕێنەوە، بەو هۆیەشەوە کاک ئومێدیان دەستگیرکرد و بردیانە بنکەی ئاسایش و چەند کاتژمێرێک ڕاگیرا، بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک ئازادکرا."

وتیشی،" کە چووین ئومێد ئازاد بکەین بەو مەرجە ئازادیان کرد کە نابێت بە هیچ جۆرێک ئومێد لێدوان بۆ ڕاگەیاندن بدات، بە ئێمەشیان وت نابێت لێدوان بدەن، بەڵام من قسە دەکەم، هەروەها بەشێک لەو چالاکوانانەی ئەمڕۆش ویستیان یادەکە بکەنەوە تەلەفۆنیان بۆ کراوە ئەوانیش سەردانی ئاسایش بکەن."

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:18 0:00

XS
SM
MD
LG