Accessibility links

دانوستانکارانی ئاگربەست هیوادارن شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا فراوانتر نەبێت


نێوەندگرانی نێودەوڵەتی ڕۆژی پێنجشەممە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر وتووێژ دەکەن، لەکاتێکدا ئامانجیان ڕێککەوتنە لەسەر ئاگربەستی غەززە لە هەوڵەکانیانیادا بۆ ڕێگریکردن لە شەڕێکی گەورەتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بڕیار بوو دانوستانکارانی ئەمەریکا، میسر و قەتەر لەگەڵ شاندێکی ئیسرائیل کۆببنەوە. بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، حەماس ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاندووە، بەشداری لە دانوستانەکاندا ناکات، بەڵام ڕەنگە دواتر نوێنەران لەگەڵ ناوبژیوانان کۆببنەوە.

مەترسییەکان زۆرن لەسەر خراپتربوونی ڕەوشەکە

بێجگە لە بەردەوامبوونی شەڕ لە غەززە و کەناری ڕۆژئاوا، ئیسرائیل و حزبوڵا لە سنووری لوبنان هێرشی دژبەیەکیان ئەنجام داوە. تا ئێستاش زیاتر لە 100 بارمتە بە دیلی ماونەتەوە. کەشتییە بازرگانییەکان هێشتا لە ژێر هێرشی چەکدارە حوسییەکانی یەمەندان و مەترسی هێرشێکی تۆڵەسەندنەوە لەلایەن ئێرانەوە هەیە بەهۆی کوژرانی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی حەماس لە تاران لە مانگی ڕابردوودا. هەرچەندە ئیسرائیل بەرپرسیارێتی خۆی لە کوشتنەکەی نەگرتە ئەستۆ، بەڵام بە شێوەیەکی بەرفراوان تاوانبار دەکرێت بە کوشتنی هەنیە.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، سێ بەرپرسی باڵای ئێران ڕایانگەیاندووە، ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە تاکە شتێک دەبێت کە ڕێگری لە تۆڵەسەندنەوە لە کوشتنی هەنیە دەکات.

ئەو پلانەی لە دۆحە باسی لێوە دەکرێت وەک "نەخشەی ڕێگا"ی سێ قۆناغی دەستیپێکرد بۆ ئاگربەستێک کە لەلایەن جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکاوە لە 31ی پێجندا ئاشکرا کرا. ئەو پێشنیارە بریتییە لە ئاگربەستێکی شەش هەفتەیەی کە تیایدا هێزەکانی ئیسرائیل بکشێنەوە لە ناوچەکانی پڕ دانیشتوان لە غەززە و ئازادکردنی ژنان و بەساڵاچووان و بارمتە بریندارەکان لە بەرامبەر زیندانییە فەلەستینییەکان. لە ئەنجامدا یارمەتییە مرۆییەکان زیاتر دەکات و فەلەستینییەکان دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان.

ئاگربەستە شەش هەفتەیەکە لە قۆناغی دووهەمدا، کە بریتی دەبێت لە ئازادکردنی هەموو بارمتەکان و کشانەوەی تەواوەتی ئیسرائیل لە غەززە. پاشان ئاگربەستەکە دەبێتە هەمیشەیی.

ئاوەدانکردنەوەی غەززە قۆناغی سێهەم دەبێت.

لەگەڵ دەستپێکردنی گفتوگۆکاندا شەڕ لە غەززە بەردەوامە

ڕۆژی پێنجشەممەی وەزارەتی تەندروستی لە کەناری ڕۆژئاوا ڕایگەیاند، سەربازانی ئیسرائیل دوو فەلەستینییان لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر کەمپی پەنابەران کوشتووە. حەوت کەس بریندار بوون. سوپای ئیسرائیلیش ڕایگەیاندووە، دوو ئەندامی ئەو چەکدارانەی کە مەترسییان لەسەر هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە دروستکردووە، کوژراون.

بەرپرسانی تەندروستی فەلەستینییەکان دەڵێن لەم هەڵمەتە لەشکرییەی ئیسرائیلدا زیاتر لە 40 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە. هەڵمەتی لەشکری ئیسرائیل پاش ئەوە دەستیپێکرد کە حەماس لە 7 ی مانگی 10 هێرشێکی چاوەڕوان نەکراوی کردە سەر ئیسرائیل و لە ئەنجامدا 1200 کەس کوژران و 250 کەسیش بە لەلایەن حەماسەوە ڕفێندران.

هەندێک لە زانیارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە لە ئاژانسەکانی ئەی پی، ڕۆیتەرز و ئەی ئێف پی وەرگیراون.

XS
SM
MD
LG