Accessibility links

پۆلیسی هیندستان مامەڵە لەگەڵ دۆسێیەکدا دەکات کە بووەتە هۆی ناڕەزایەتی بەرفراوانی پزیشکان لە وڵاتەکەدا


پزیشکە ژنەکان لە شاری ڤیجەیڤادای هیندستان خۆپیشاندانێکیان لەبەردەم نەخۆشخانەی گشتی حکومی ئەنجام دا بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر دەستدرێژی سێکسی و کوشتنی پزیشکێکی گەنج لە شاری کۆلکەتا.

دەزگای باڵای پۆلیسی هیندستان ڕۆژی چوارشەممە دەستی بە لێکۆڵینەوەکانی کرد لە دەستدرێژی و کوشتنی دڕندانەی پزیشکێکی گەنج. ئەم دۆسیەیە توڕەیی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و بووەتە هۆی مانگرتنی پزیشکان.

تەرمی ئەو ژنە تەمەن 31 ساڵە ڕۆژی هەینی لە نەخۆشخانەیەکی دەوڵەتی لە شاری کۆلکەتا لە ویلایەتی بەنگالی ڕۆژئاوا دۆزرایەوە کە پزیشکێکی نیشتەجێی ئەو شارە بوو. پاش پشکنینەکان ڕاگەیەندرا کە دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر و کوژراوە.

دەسەڵاتداران لە پەیوەندی لەگەڵ تاوانەکەدا خۆبەخشێکی پۆلیسیان دەستگیرکردووە.

پزیشکان داوای ئاسایشی باشتر دەکەن

ڕۆژی دووشەممە، هەزاران پزیشک لە شاری کۆلکەتا و لە سەرانسەری بەنگالی ڕۆژئاوا ڕێپێوانیان کرد بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەو کوشتنە. داوای دادپەروەری بۆ قوربانییەکە و باشترکردنی ئاسایشی نەخۆشخانەکانیان کرد.

ناڕەزایەتییەکە ڕۆژی سێشەممە لە سەرانسەری وڵاتدا بڵاوبووەوە و بووە هۆی پەکخستنی خزمەتگوزاری نەخۆشخانەکانی چەند شارێکی هیندستان. زیاتر لە هەشت هەزار پزیشکی حکومی لە سەرجەم بەشەکانی نەخۆشخانەکان جگە لە خزمەتگوزارییە فریاگوزاریەکان کاریان ڕاگرت.

لە نیودەلهی، پزیشکە گەنجەکان لە دەرەوەی نەخۆشخانەیەکی گەورەی حکومی ناڕەزایەتیان دەربڕی و تابلۆیەکیان بەدەستەوە بوو کە لەسەری نووسرابوو "نابێت بێڕێزی بە پزیشک بکرێت".

پزیشکانی نەخۆشخانە حکومییەکان لە چەندین ویلایەتدا خزمەتگوزارییە هەڵبژێردراوەکانیان بۆ ماوەیەکی نادیار ڕاگرتووە و داوای دادپەروەری خێرا و سەلامەتی باشتر لە شوێنی کار دەکەن.

پۆلیس کەسێکی دەستگیرکردووە کە لە نەخۆشخانەی قوربانییەکە کاردەکات، بەڵام تۆمەتی خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەکەدا هەیە.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، کەناڵی NDTV ناوخۆ بڵاویکردەوە، دایک و باوکی قوربانییەکە داوایەکیان لە دادگا تۆمارکردووە و ئاماژەیان بەوە کردووە کە کچەکەیان ڕەنگە دەستدرێژی بەکۆمەڵی کرابێتە سەر.

لە ڕۆژێکدا 90 حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی تۆمار دەکرێت

توندوتیژی سێکسی دژی ژنان لە هیندستان پرسێکی ڕژدە. لە ساڵی 2022دا، لەو وڵاتەی کە یەک ملیار و 400 ملیۆن کەسی تێدایە، ڕۆژانە نزیکەی 90 حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی تۆمارکراوە.

ئەم کەیسە بە بە دەستدرێژی بەکۆمەڵ و کوشتنی ژنێکی گەنج لە ساڵی 2012 لە پاسێکدا بەراورد دەکرێت، کە بووە هۆی ناڕەزایەتی گشتی و چاکسازی.

لە وەڵامی ڕووداوەکەی ساڵی 2012دا، حکومەت سزای توندتری بۆ دەستدرێژیکردن جێگیرکرد، لەوانەش سزای لەسێدارەدان بۆهەرکەسێک تاوانەکە دووپاتبکاتەوە، و چەند سزایەکی تری توندی بۆ دەستدرێژی کاران جێگییر کرد.

هەروەها ئەو بەرپرسانەی کە نەیانتوانیوە سکاڵا لەسەر دەستدرێژی تۆمار بکەن، ڕووبەڕووی سزای زیندانیکردن دەبنەوە.

XS
SM
MD
LG