ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فڕاکسیۆنی یەکێتی بەرامبەر قسەکانی ئەمڕۆی وەزیری بەرگری تورکیا سەبارەت بە یەکێتی و سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، قوڵایی چالاکیەکانی پەکەکە سنوری نێوان عێراق و هەرێمی کوردستانە کە دەکاتە ناوچەی بادینان و بەشێک لە پارێزگای هەولێر نەک سلێمانی، دەشڵێت، ئەوەی بەرامبەر سلێمانی دەکرێت سیاسیە و بە ئامانج گرتنیەتی نەک شتێکی تر.
هەرێم کەمال ئاغا سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" پێشێلکاریەکانی تورکیا لەسەر هەرێم و سەروەری عێراق بووەتە کارێکی بێزارکەر لای دامەزراوە ئاسایشیەکانی عێراق، ماوەکانی ڕابردوو هەم وەزیری بەرگری هەم سوپاسالاری عێراق لە بەرامبەر پێشێلکاریە یاساییەکان نیگەران بوون."
وتیشی،" بە ئامانج گرتنی سلێمانی سیاسیە و هیچی تر نییە، ئەگەر نا شەڕی ئێستای پەکەکە لە سنوری بادینان و دهۆکە، تەمەنامان دەکرد لە هیچ شوێنێک نەبوایە، چونکە بۆ ئێمە هەمووی کوردستانە، بەڵام لە ڕاستیدا عومقی کارەکانی پەکەکە لە سنوری نێوان عێراق و تورکیادایە کە پارێزگای دهۆک و بەشێک لە هەولێر دەکات نەک سلێمانی."
ئەمڕۆ 15ی مانگی هەشت یەشار گولەر وەزیری بەرگری تورکیا لە وتووێژێکی تەلەفیزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی خەبەرنیوز رایگەیاندووە، هێشتا یەکێتی هاوکاری پەکەکە دەکات لە هەرێمی کوردستاندا و وەزیری بەرگری دەڵێت،"بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستماندایە یەکێتی بەردەوامە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەکەکە. حکومەتی عێراقیش بەمە ناڕەحەتە. بەڕێز سەرۆککۆمارمان، وەزیری دەرەوەمان و خۆم، هەرچەندە چەندینجار قسەمان لەسەر ئەم بابەتە کردووە، بەڵام کەسی پەیوەندیدار لە یەکێتی ئێستا بەردەوامە لە چالاکییەکانی لەسەر ئەم بابەتە."
سەرانی تورکیا یەکەم جاریان نییە بەرپرسانی یەکێتی و شاری سلێمانی بکەنە ئامانجی هێرشەکانیان، وێڕای ئەوەی زیاتر لە ساڵێکە فڕۆکەخانەی سلێمانی و ئاسمانی وڵاتەکەی بە بیانووی بەکار هێنانی لەلایەن پەکەکە و هاوکاریەکانی یەکێتیەوە داخستووە.
جگە لەوەش شەوی 6ی ئەم مانگە دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان لە ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا هەرسێ لە حزبەکانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی كوردستان، پارتی ئازادیی دیموكراتی ئێزدی (پادێ)، بەرەی تێكۆشانی دیموكراتی نزیک لە پەکەکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەڵوەشاندەوە و بەرپرسانی ئەو حزبانەش هۆکارەکەیان گەڕاندەوە بۆ "فشارەکانی تورکیا لەسەر عێراق."
بە پێی هەواڵی میدیا تورکی و عێراقیەکان هەر ئەمڕۆ 15ی مانگی هەشت چوارەمین کۆبونەوەی میکانیزمی ئەمنیی لە نێوان لیژنەی باڵای تورکیا و عێراق لە ئەنقەرە بەڕێوەدەچێت و فوئاد حسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەرپەرشتیی کۆبونەوەکە دەکەن، ئامانجی کۆبونەوەکەش بەردەوامیدانە بە هاوکارییەکانی نێوان تورکیا و عێراق لە چوارچێوەیەکی دامەزراودا.
فوئاد حسێن، وهزیری دهرهوهی عێراق له تۆڕی (ئێكس) باسی له كۆبونهوهی خۆی و هاكان فیدان، وهزیری دهرهوهی توركیا كردووه و ئاماژهی بهوه كردووه،" كه لهگهڵ ناوبراو كۆبوونهوهیهكی بهرههمداری كردوهو گفتوگۆیان لهبارهی ههنگاوهكانی كاراكردنی ڕێككهوتننامهی چوارچێوهی ستراتیجی كردوو كه له بهغدا له نێوان ههر یهك له محهمهد شییاع سودانی، سهرۆک وهزیرانی عێراق و ڕهجهب تهیب ئهردۆغان، سهرۆكی توركیا ئیمزا كراوه."
سەبارەت بە کۆبوونەوەی چوارەمی ئەمنی نێوان هەردوو وڵات هەرێم کەمال ئاغا "بێ ئاگایی" خۆی لە ناوەرۆکی کۆبوونەوەکان پیشاندا و وتی،" ئاگاداری ناوەرۆکی کۆبوونەوەکان نیم، چونکە هیچ ئەندامێکمان لە پەرلەمان و لیژنەکەشمان ئامادە نەبوون، بەڵام لە ڕابردوودا وەزیزی بەرگری و سوپا سالار وتیان کۆمەڵێک گفتووگۆ هەیە سەبارەت بە کوردی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا وەک ئەوەی سەبارەت بە کوردانی ئێران کرا."
وتیشی،" بۆ برەودانی پەیوەندیەکانی نێوان هەردوو وڵات باشترە، بەڵام لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش بێت نەک ئەوەی تورکیا خۆی دەیەوێت، هیوادارم ببێتە مایەی خێر و ئاشتی بۆ عێراق و هەرێم."
لە کۆتاییدا پەرلەمانتارەکەی یەکێتی ئاماژەی بەوەشدا،" جگە لەوەی بارەگاکانی نزیک لە پەکەکە لە هەرێم بوونیان هەبووە بەر لەوەی لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری عێراقەوە بڕیاری داخستنیان لێبدرێت، یەکێتی پەیوەندی تری بە پەکەکەوە نەبووە، سەبارەت بە فڕۆکە خانەش نە کەسی پەکەکەی لێیە نە پەکەکەی پێدا ڕۆشتووە، فڕۆکەخانەکان لەژێر فەرمانی دەستەی فڕۆکەوانی عێراقدان لە هەمانکاتدا هەم ئیستیخباراتی عێراقی تێدایە، بۆیە ئەوەی سەبارەت بە فڕۆکەخانەکەش دەوترێت تەنها بیانووە."